ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
هۆرمۆنەکان وەک نامەبەرە کیمیاییەکانی جەستە کار دەکەن، بەڵام یەکێکیان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە دیاریکردنی شێوە و قەبارەی مرۆڤ، ئەویش “هۆرمۆنی ئەوزەڵکردن یاخود گەشە”یە؛ ئەو هۆرمۆنە بە (سۆماتۆترۆپین)ـیش بەناوبانگە؛ ئەم هۆرمۆنە کە لە جۆری پپتیدییە (پڕۆتینی)، لە پلی پێشەوەی ژێرمێشکەڕژێنەوە دەردەدرێت و بەرپرسە لە پرۆسە هەستیارەکانی گەشەکردن و نوێبوونەوە.
ڕۆڵ و سوودە گرنگەکانی ئەم هۆرمۆنە
دکتۆر گۆران محەمەد عەلی، پسپۆڕی تەندروستی و گەشەی منداڵان و منداڵی تازە لەدایکبوو، تیشک دەخاتە سەر گرنگی ئەم هۆرمۆنە و ڕایدەگەیەنێت کە تەنیا بۆ ئەوزەڵ و باڵاکردن نییە، بەڵکو یارمەتی نوێبوونەوەی خانەکانی لەش دەدات و ئەندامەکان دەپارێزێت.
گرنگترین سوودەکانی بریتین لە:
• گەشەی ئێسک و ماسوولکە: یارمەتی درێژبوونی ئێسکەکان و گەورەکردنی ماسوولکەکانی جەستە دەدات.
• ڕێکخستنی زیندەچالاکی (میتابۆلیزم): ڕۆڵی هەیە لە تێکشاندنی چەورییە زیادەکانی لەش و دروستکردنی پڕۆتین.
• هاوسەنگیی شەکرە: یارمەتی ڕێکخستنی ئاستی شەکرەی خوێن دەدات.
تێکچوونی ئاستی هۆرمۆنەکە؛ نیشانە و مەترسییەکان
هەر گۆڕانکارییەک لە ڕێژەی دەردانی ئەم هۆرمۆنەدا، چ بە کەمی بێت یان بە زۆری، کۆمەڵێک نیشانەی نائاسایی لە جەستەدا دروست دەکات:
1. ئەگەر ئاستەکەی کەم بێت: دەبێتە هۆی کورتیی باڵا و دواکەوتنی گەشە لە منداڵاندا، هەروەها هەستکردن بە بێهێزی، شەکەتیی بەردەوام و قەڵەوی؛
2. ئەگەر ئاستەکەی زۆر بێت: دەبێتە هۆی زیادبوونی باڵا بە شێوەیەکی نائاسایی (زەبەلاحی)، گەورەبوونی دەست و قاچ و دەموچاو، هەروەها مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە زیاد دەکات.
پشکنین و ڕێژە ستانداردەکان
بۆ زانینی باری تەندروستی، پزیشکان پەنا دەبەنە بەر پشکنینی خوێن بۆ پێوانی ئاستی هۆرمۆنەکە.
بۆ پێوانی ئاستی ھۆرمۆنی گەشە لە لەشدا، ئەنجامی شیکاری هۆرمۆنی گەشە ئەگەر لە نێرە
پێگەیشتووەکاندا لە نێوان (0.4-10) نانۆگرەم لە میلیلیترێک (ng/mL) دا بوو و، لە مێینە پێگەیشتووەکاندا لە نێوان (1-14) نانۆگرەم لە میلیلیترێکدا و، لە منداڵاندا لە نێوان (10-50) نانوگرەم لە میلیلیترێکدا بوو،، ئەوا بە ئاسایی دادەنرێت.
دکتۆر گۆران جەخت دەکاتەوە کە چاودێریکردنی گەشەی منداڵ لە تەمەنی پێشوەختەدا زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی ئەگەر گرفت کێشەی ئەو هۆرمۆنەی هەبوو، بتوانرێت زوو چارەسەری پێویست وەربگیرێت.

