رۆژنامەی ھەولێر

یاریزانێكی لیڤەرپوول بووەتە ئامانجی یانە گەورەكانی ئەورووپا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

محەمەد سەڵاح لیڤەرپوول جێدەهێڵێت بەڵام لە ئەورووپا دەمێنێتەوە
محەمەد سەڵاح هێرشبەری میسڕی یانەی لیڤەرپوول ئامانجیەتی لە خولەکانی ئەوروپا بەردوام بێت، دەنگۆیەکیش هەیە ئەو یاریزانە لە رێگەی بەرێوەبەری کارەکانی، دەیەوێت پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید بکات. ماڵپەری دێفێنسا سێنترالی ئیسپانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هێرشبەرە مسڕییەکەی یانەی لیڤەرپوول رایگەیاند کۆتایی ئەم وەرزە یانەکەی جێدەهێڵیت، لەلایەن بەرێوەبەری کارەکانیەوە هەوڵێک هەیە سەڵاح پەیوەندی بە یانەی ریاڵ مەدرید بکات، بەڵام یانە ئیسپانیەکە هیچ پلانێکی نیە بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە.
سەرچاوە ئیسپانیەکە بڵاویش کردەوە بەرێوەبەری کارەکانی سەڵاح ئەو یاریزانەی پێشکەش بە یانە ئیسپانیەکە کردووە، بەڵام مێرنگی هەر زوو ئەو داواکارییەی رەتکردووەتەوە. دەنگۆیەکیش هەبوو کە یانە ئیسپانیەکە دەیەوێت محەمەد سەڵاح وەکو شوێنگرەوەی رۆدریگۆ هێرشبەری بەڕازیلی یانەکەی بگوازێتەوە.
محەمەد سەڵاح هاوینی ساڵی 2027 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول کۆتایی دێت، بەڵام بە رێکەوتنی هەردوولا ئەو یاریزانە هاوینی ئەمساڵ و پێشکۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی ریزەکانی رێدز جێدەهێڵێت..
محەمەد سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول لە كۆی 435 یاری، 255 گۆڵ و 122 ئەسیستی كردووە، پێشتر یاریی بۆ یانەكانی موقاویلوونی میسری، فیۆرێنتینا و رۆمای ئیتاڵیا، بازلی سویسری و چێڵسی ئینگلیزیش كردووە.

هاری كەین زەحمەتە بەرامبەر ریال مەدرید یاری بكات
هاری کەین هێرشبەری هەڵبژاردەی ئینگلاند و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بەهۆی ئەو پێکانەی بەرۆکی گرتووە بەشداری یاری ئەمڕۆی یانەکەی بەرامبەر فرایبورگ، لە گەڕی 28ـی خولی ئەڵمانیا ناکات و چارەنوسی بۆ یارییەکەی سێ شەممەش یەکلایی نەبووەتەوە.
هاری کەین دوای پەیوەندی کردن بە‌ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە پاژنەی قاچی تووشی پێکان بوو، هەربۆیە نەیتوانی بەشداری دوایین یاری دۆستانەی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ژاپۆن بکات، کە لەو یارییە سێ شێرەکان بە ئەنجامی 0-1 تووشی دۆڕان بوون.
ڤینسێنت کۆمپانی راهێنەری یانەی بایرن میونشن لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاری یانەکەی بەرامبەر فرایبورگ لە گەڕی 28ـی خولی ئەڵمانیا، بە گەشبینیەوە باسی لە پێکانەکەی هاری کەین کرد و گووتی ” کەین بە دڵنیاییەوە بەشداری ئەم یارییە ناکات، بەڵام گەشبینم بۆ یاری رۆژی سێ شەممە بەرامبەر ریاڵ مەدرید لە پێکانەکەی رزگار دەبێت و بەشداری ئەو یارییە دەکات ”.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی نزیک لە یانە باڤارییەکە باس لەوە دەکەن، پێکانەکەی گۆڵکاری ئەو یانەیە زیاتر لەوەیە کە چاوەڕێ دەکرا، سەرەتا پێشبینی دەکرا پێکانەکەی ئەوەندە قورس نەبێت، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ یانەکەی و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشكی، دەرکەوتووە ئەو یاریزانە پێویستی بە پشووی زیاتر هەیە.

لیڤەرپوول دەیەوێت كۆناتی لەژێر چنگی یانە گەورەكان دەربێنێت
ئیبراهیما کۆناتی بەرگریکاری فەڕەنسی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلاند، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بووەتە ئامانجی چەند یانەیەکی گەورەی ئەوروپی، بۆیە بەرپرسانی یانەکەی لە هەوڵی ئەوەدان پێشکۆتایی هاتنی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی بۆ چەند وەرزێکی دیکە نوێ بکەنەوە.
لە ماوەی رابردوو دەنگۆیەک هەبوو بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید چاویان بڕیوەتە ئیبراهیما بەرگریکاری فەڕەنسی یانەی لیڤەرپوول، بۆیە بەرپرسانی یانەکەی ناچار کردووە گرێبەستەکەی نوێ بکەنەوە. رۆژنامەی ئاتلێتیک بڵاویکردەوە قۆناغێکی نوێ لە پرۆژەی نوێکردنەوەی بەرگریکاری فەڕەنسی رێدز دەستپێدەکات.
ئەو سەرچاوەیە بڵاویکردەوە بەرپرسانی یانەی لیڤەرپوول سەرقاڵی ئەوەن، پرۆژەیەکی بەهێز ئامادە بکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە پرۆژەی نوێکردنەوەی بەرگریکاری یانەکەیان بهێنن، بۆیە پێشبینی دەکرێت هەر لەم مانگە گرێبەستی ئیبراهیما نوێ بکرێتەوە.
ماوەیەکە گفتوگۆکان لە نێوان بەرێوەبەری کارەکانی ئیبراهیما کۆناتێ و بەرپرسانی یانەی لیڤەرپوول دەستی پێکردووە، هەردوولا ئارەزووی خۆیان بۆ مانەوەی یاریزانە راگەیاندووە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆناتی ساڵانێکی دیکەش لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول بەردەوام دەبێت.

چارەنووسی رۆدیگێر نادیارە
ئانتۆنیۆ رۆدیگێر بەرگریکاری ئەڵمانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنوسی ئەو یاریزانە بۆ وەرزی داهاتوو یەکلایی نەکراوەتەوە.
رۆژنامەی ئێل موندۆی ئیسپانی زانیاری دەستکەوتووە، کارگێڕی یانەی ریاڵ مەدرید بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو، گرێبەستی ئانتۆنی رۆدیگێر بەرگریکاری ئەڵمانی یانەکەی بۆ ماوەی وەرزێکی دیکە نوێ بکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر دەنگۆیەکی بەهێز هەبوو کە ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی نوێ ناکرێتەوە و دوایین وەرزیەتی لەگەڵ مێرنگی.
ئێل موندۆ بڵاویشی کردەوە بەرگریکارە ئەڵمانیەکە دوای گەڕانەوەی لە پێکانەکەی، توانیویەتی ئاستێکی باش پێشکەش بکات و هەر ئەمەش وایکردووە و بیرکردنەوەی بەرپرسانی یانەکە بگۆڕێت و ناچار بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بن.
رۆدیگێر هاوینی ساڵی 2022 دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی چێڵسی، بێ بەرامبەر پەیوەندی بە یانەی ریاڵ مەدرید کرد، ئەو یاریزانە هەفتانە نزیکەی 280 هەزار یۆرۆ وەکو مووچە وەردەگرێت و پێدەچێت لە گرێبەستە نوێیەکەی مووچەکەی کەم بکرێتەوە.

“باستۆنی دەچێتە بارسێلۆنا”
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی راگەیاندنی بەریتانیا، ئالێساندرۆ باستۆنی بەرگریکاری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا، نزیکە لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی بارسێلۆنای ئیسپانیا.
چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە ئالێساندرۆ باستۆنی بەرگریکاری ئیتاڵی یانەی ئینتەر میلان، بەرپرسانی یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە یانەکەیان جێدەهێڵێت و پەیودندی بە یانەی بارسێلۆنا دەکات. رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانەی ئینتەر میلان لە مانەوەی باستۆنی بێهیوان، بۆیە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی شوێنگرەوەکەی دەستپێکردووە و دەیانەوێت ریکاردۆ کالاڤیۆری بەرگریکاری یانەی ئارسێناڵ بگوازنەوە ریزەکانیان.
ئینتەر میلان لەپێناو گواستنەوەی ریكاردۆ كالاڤیۆری پەیوەندی بە بەرێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە كردووە، بەڵام ئەستەمە کارگێڕی ئارسێناڵ دەستبەرداری ئەو یاریزانە بن.
ئالێساندرۆ باستۆنی تەمەن 26 ساڵان لەوەتەی ساڵی 2019 لە ریزەکانی ئینتەر میلان یاری دەکات، بەگشتی لەگەڵ ئەو یانەیە بەشداری 293 یاری کردووە و خاوەنی 8 گۆڵ و 30 ئاسیستە. باستۆنی 42 یاریشی بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا کردووە و خاوەنی سێ گۆڵە.

ریال مەدرید دەرگای بەڕووی نیكۆ پاز داخستووە
نیکۆ پاز ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی یانەی کۆمۆی ئیتاڵیا، رەنگە خواستی گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید هەبێت، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەو یانەیە هیچ خواستێکی بۆ گەڕاندنەوەی پیشان نەداوە.
ماڵپەری Sport Media set بڵاویکردەوە کارگێڕی یانەی ریاڵ مەدرید تاوەکو ئەم ساتە، هیچ نیازێکی بۆ گەڕاندنەوەی نیکۆ پاز ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی یانەی کۆمۆ نیە، سەرەڕای ئەوەی ئەو یاریزانە بەهۆی ئاستە بەرزەکەی، بووەتە ئامانجی چەندان یانەی گەورەی ئەوروپی.
ناوەڕاستکارە 21 ساڵیەکە لە ساڵی 2023 بە گرێبەستێکی هەمیشەیی لە تیپی دووەمی ریاڵ مەدرید واتە کاستیا، پەیوەندی بە یانەی کۆمۆی ئیتاڵیا کرد، بەڵام یانە شاهانەکە ئەو کاتە لە گرێبەستەکەی مەرجی ئەوەی داناوە، هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت ئەو یاریزانە بگەڕێنێتەوە ریزەکانی. سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە کارگێڕی یانەی کۆمۆ بەو هیوایەن نیکۆ پاز لەگەڵ یانەکەیان بەردەوام بێت و هەوڵی هێشتنەوەی دەدەن، بەڵام یانەی ئینتەر میلان ئەوانیش هەوڵێکی چڕ بۆ گواستنەوەی ناوەڕاستکارە لاوەکە دەدەن.
نیکۆ ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە سێریائەی بەشداری 29 یاریکردووە و خاوەنی 10 گۆڵ و ئاسیستێکە، هەروەها ئەو یاریزانە لاوە لە جامی ئیتاڵیاش بەشداری چوار یاری کردووە و خاوەنی گۆڵێکە. پاز گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی هاوینی ساڵی 2028 کۆتایی دێت.