وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
دۆگ دۆرست (Doug Dorst) نووسەرێکی ئەمریکییە و لەم گفتوگۆیەیدا باسی چۆنیەتیی نووسین و خواست و ئیلهامەکانی و کارکردن لەگەڵ جەی جەی ئەبرامز (J.J. Abrams) دەکات لەسەر ڕۆمانە ناوازەکەیان بە ناوی (ئێس).
– لە کوێ گەورە بوویت؟
دۆگ دۆرست: لە (چاپاکوا (Chappaqua)، نیویۆرک.
– لە کوێ و چیت خوێندووە؟
دۆگ دۆرست: لە قۆناغی بەکالۆریۆس لە زانکۆی ستانفۆرد (Stanford)، دوو پسپۆڕیم لە ئەدەبی ئینگلیزی و زانستە سیاسییەکان وەرگرت. بڕوانامەی یاسام لە زانکۆی بێرکلی (UC-Berkeley) لە کالیفۆڕنیا وەرگرت، پاشان ڕامکرد بۆ وۆرکشۆپی نووسەرانی ئایۆوا (Iowa) بۆ بەدەستهێنانی ماستەر لە چیرۆک. چەند ساڵێک دواتر، وەک لێکۆڵەری ستێگنەر (Stegner) لە بواری چیرۆک گەڕامەوە بۆ ستانفۆرد.
– لە کوێ دەژییت و بۆچی ئەو شوێنەت هەڵبژاردووە؟
دۆگ دۆرست: لە ئۆستن (Austin)ـدا دەژیم. لەبەر پرۆگرامی دکتۆراکەی هاوسەرەکەم لە زانکۆی تێکساس، لە سان فرانسیسکۆوە گواستمانەوە بۆ ئێرە و ئیتر بەو شێوەیە لێرە نیشتەجێ بووین و ماینەوە. لێرەدا نووسەران زۆر پاڵپشتی دەکرێن و، کارێکی نایابیشم هەر لەو نزیکانە لە سان مارکۆس هەیە، ئەویش وانەگوتنەوەیە لە زانکۆی ویلایەتی تێکساس.
– تۆ شانۆنامە، کورتەچیرۆک و چیرۆکی خەیاڵیت نووسیوە. ئاخۆ شێوازی کارەکەت بەپێی ژانرە جیاوازە ئەدەبییەکانیش دەگۆڕێت؟ کامیانت لەویتریان پێ ئاسانترە؟
دۆگ دۆرست: من بە کورتەچیرۆک دەستم پێکرد. ئەمەش کارێکی باوە بۆ ئەو کەسانەی لە ڕێگەی وۆرکشۆپەکانی بەکالۆریۆس و پرۆگرامەکانی ماستەرەوە دێنەپێش. تا ئەو کاتەی چاپەرەکەم هانی نەدام، من هەوڵی نووسینی ڕۆمانم نەدابوو. پەیامەکەی ئەوە بوو کە گوتی: تێدەگەم لەوەی هەست بە ئامادەبوون ناکەیت و هەرگیزیش هەستی پێ ناکەیت و کەسیش هەستی پێ ناکات، بەڵام ئەگەر کەمێکیش مەیلیت بۆ تاقیکردنەوەی هەیە، ئەوا باشتر وایە هەر ئێستا تاقی بکەیتەوە. ئەم ئامۆژگارییەی زۆر باش بوو. زۆر جاریش دووبارەم کردووەتەوە لەوەی کامیان ئاسانترە: هەر کامیان هات، ئیش لەسەر ئەویتریان ناکەم. پێشتر ڕستە بە ڕستە دەڕۆیشتم و هەوڵم دەدا بێ کەموکووڕی بچمە پێش و دێرەکان بنووسم. هەرچەندە ماوەیەک ئەو ڕێگەیە باش بوو، بەڵام لە نێوەڕاستی نووسینی یەکەم ڕۆمانم شتەکان تێکچوون و دەبوو پابەند بم بە خێرانووسین و ئازادنووسینەوە، چونکە دەمزانی دواتر پێیدا دەچمەوە. دەشبوو بایەخ بە کاری تاقەتپڕووکێن بدەم، تەنانەت وام لێ هاتبوو ئەگەر هەر شتێکی ترم جگە لە نووسین کردبایە کاتەکانم تۆمار دەکرد. ئەمە یارمەتی دەدام تەنانەت ئەگەر ئەوەی نووسیویشمە زۆر خراپ بێت، پەیوەندیم لەگەڵ کارەکتەرەکان و چیرۆکەکە نەپچڕێت و، یارمەتی دەدام دواتر شتانێک بنووسم کە خراپ نەبن. ئێستا بۆ ڕۆمان و چیرۆکەکان بەم شێوەیە کار دەکەم. ئیلهامەکەم دوای دەستکردن بە نووسین بۆ دێت، واتە لە ناو خودی نووسینەکەوە ئیلهامم بۆ دێت. شانۆنامەش دەنووسم، هەرچێندە من خۆم بە شانۆنامەنووس دانانێم، بەڵام شانۆنامەی (Monster in the Dark) کە کارێکی بەکۆمەڵ بوو و شانۆی گێلەکانم (foolsFURY) لە سان فرانسیسکۆ پێشکەش کرد، ئەویش ئەو کاتە بوو کە لە نووسینی یەکەم ڕۆمانم پەکم کەوتبوو. دڵنیام ڕێک لەبەر ئەوە منیان هەڵبژارد، چونکە هیچم دەربارەی نووسینی شانۆنامە نەدەزانی. بەرهەمهێنانی شتێک لەگەڵ کەسانی تر چێژێکی زۆری هەبوو و یارمەتیی دام مێشکم پاک بکەمەوە و دوایین هەوڵی خۆم بۆ نووسینی ڕۆمانەکەم بدەمەوە. هەرچەندە پڕۆژەی تریش دەکەین، بەڵام دڵنیا نیم ئەوە دەمکاتە شانۆنامەنووسێکی باشتر یان نا.
– ڕۆتینی بەیانیانت باس بکە؟
دۆگ دۆرست: سەرەتا کچەکەم دەگەیێنمە قوتابخانە. ئەوەی دوای ئەوە ڕوو دەدات، پەیوەستە بەوەی ئاخۆ ڕۆژی وانەگوتنەوەمە یان نا. زۆر حەزم لێ بوو لەو نووسەرانە بوومایە کە کاتژمێر پێنجی بەیانی هەڵدەستن و نووسینەکەیان تەواو دەکەن، بەڵام وا نیم. لانیکەم هێشتا وام لێ نەهاتووە.
– تکایە سێ کتێب بۆ خوێنەرەکانت پێشنیار بکە و پێمان بڵێ بۆچی حەزت لێیانە؟
دۆگ دۆرست: کتێبی تۆرتووگای دوور (Far Tortuga) نووسراوی پیتەر ماتیێسن (Peter Matthiessen) کتێبێکی سەرسوڕهێنەرە لە ڕووی نێوەرۆک و ستایلەکەیەوە. کۆمەڵە ساتێکی تێکەڵاوە کە وردەوردە بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت، دەبێتە سەرکێشییەکی ورووژێنەر لە ناو دەریا. هەروەها سەرنجێکی کاریگەریشە لەسەر بازرگانی، ژینگە و گۆڕانی سەردەمەکان. ڕاستە کەمێک قورسە بچیتە نێو کەشی کتێبەکەوە و کاتی دەوێت تا کارەکتەرەکان و شێوەزارەکانیان لێک جیا بکەیتەوە، بەڵام بەڕاستی شایانی خوێندنەوەیە. دووەم کتێب، کتێبی مەزارگەی ئەلتامیرا (The Shrine at Altamira) نووسراوی جۆن لۆرو (John L’Heureux)یە کە کتێبێکی جەرگبڕ و بلیمەتانەیە و یەکێکە لە گرنگترین ئەو کتێبانەی لە ژیانمدا خوێندوومەتەوە، چونکە نیشانی دام چیرۆک چەندە دەتوانێت هێزێکی گەورە بێت بۆ هاوسۆزی. کارەکتەرە سەرەکییەکەی کتێبەکە کارێکی تۆقێنەر و ویژدانهەژێن دەکات، کەچی لە کتێبەکەدا وەک دڕندەیەک ناناسێنرێت. هیچ پاساوێک بۆ کارەکەی ناهێنێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو نیشانی خوێنەر دەدات کە مرۆڤێک ڕاستە بێ کەموکووڕی نییە، بەڵام شەڕەنگێزیش نییە، نیشانمان دەدات کە چۆن دەکرێت مرۆڤایەتی خۆی بپارێزێت لە ئازارچەشتن بەدەست دەرەنجامە ناخۆشەکانەوە. لە ڕاستیشدا لۆرو مامۆستای من بووە و زۆرم خۆش دەوێت. بەڕاستی بۆ سێیەم پێشنیاریشم پێم باشە ئەم کتێبە بخوێنیتەوە: کۆتایی جیهان (World’s End)، نووسراوی تی.سی. بۆیل (T.C. Boyle)، بەڕاستی هیچ شتێک وەک خوێندنەوەی کتێبێک نییە کە هەست بکەیت نووسەرەکە کاتێکی خۆشی بەسەر بردووە و، ئەمە بۆ زۆربەی نووسینەکانی بۆیل ڕاستە. ئەم کتێبە ئاڵۆز و پێکەنیناوی و دڵتەزێنە و، یەکێکە لەو کتێبانەی وای لێ کردم بیر بکەمەوە و تێیگەیاندم کە ڕەنگە لە نووسیندا چێژ و شادییەکی زۆر بدۆزمەوە، ڕێک زیاتر لەوەی لە یاسا دەستم دەکەوێت.
– ڕۆتینی خۆت باس بکە کاتێک بیر لە کتێبێک و پلانەکەی دەکەیتەوە، پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکەیت. ئایا حەز دەکەیت پێشوەختە نەخشەڕێی کتێبەکانت بکێشیت، یان تەنها لێدەگەڕێیت بڕوات؟
دۆگ دۆرست: بە گشتی، کەمێک دەزانم لەوەی کارەکتەری سەرەکی کێیە و چەند ڕووداوی تێدان، بەڵام بەشێکی گەورەی چێژەکە بۆ من لەوەدایە کە نەزانم چ ڕوو دەدات. ئەنجامەکانیش زۆربەی کات باشتر دەبن کە پلانم نەبێت. چەند شتێکم بە تەواوی خۆڕسکانە نووسیوە و تەنها لە یەک وشە یان وێنایەکەوە دەستم پێکردووە. دەزانم نووسەرانێک هەن هەموو شتێک پێشوەختە دیاری دەکەن، بەڵام من ئەو ڕێگەیە هەڵنابژێرم و دڵنیا نیم بشمهەوێت وا بکەم.
– دەبێت لە لاپەڕە یەکەم یا بەشی یەکەمی کتێبێکدا چ ڕووبدات بۆ ئەوەی کتێبەکە سەرکەوتوو بێت و وا لە خوێنەرەکە بکات بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی؟
دۆگ دۆرست: دەبێت دەقەکە بە جۆرێک خوێنەر سەرقاڵ بکات، بێگومان ئەمە شتێکی ئاشکرایە، بەڵام زۆر ڕێگە هەن بۆ ڕاکێشانی خوێنەر. ڕووداو، دەنگ، هەستیاری، هەڵوێست، مۆسیقا و خێرایی زمان، گاڵتەجاڕی و نهێنی و گرێ و زۆر شتی دیکە هەن کە وا دەکەن کتێبەکە سەرەتاکەی سەرەنجڕاکێشە. بڕوام بە هیچ یاسایەکی جێگیر و ڕەق نییە.
– لە کاتی نووسیندا هیچ جۆرە ڕۆتینێکت هەیە؟
دۆگ دۆرست: لە ڕاستیدا ڕۆتینێکی دیاریکراوم نییە. هەر دوو سێ کاتژمێر کاتم دەست بکەوێت، یەکسەر دەنووسم. جاروباریش دەکەومە سەر خەت و هەموو شەوەکە دەنووسم. لەم ساڵانەی دواییدا وازم لە هەر شتێک هێناوە کە لە ڕێوڕەسم بچێت، جگە لەو ڕێوڕەسمەی کە دابنیشیت و بنووسیت. یەکەم ڕۆمانم واتە زیندوو لە شاری مردووان (Alive in Necropolis)، پڕۆسەی نووسینی گۆڕی. هەشت ساڵی خایاند تا تەواوم کرد. زۆربەی ئەو ساڵانە پڕ بوون لە دڵەڕاوکێ و بێ چێژی. سەرەنجام تێگەیشتم کە ڕێوڕەسم و خورافات شتەکانیان خراپتر دەکرد. ئەگەر شتێک ڕێک وەک خۆی نەبوایە، پەکم دەکەوت، ئێ کەواتە سوودیان چ بوو؟ ئێستا کە بیری لێ دەکەمەوە، پێم وایە تەنها بۆ نیشاندانی خۆم بوو، بۆ ئەوەی هەست بکەم پەیوەستم بە جۆرە پەڕجوویەکی داهێنەرانەوە، کە بێگومان ئەمانە هەمووی قسەی پڕوپووچن. من دژی قسەی پڕوپووچ نیم ڕێک بەو مانایە، بەڵام پڕوپووچێک کە پەکم بخات وەک نووسەر و وەک مرۆڤ، لێی دوور دەکەومەوە. لەگەڵ ڕۆمانی ئێس (S)، ئەوەندە کار هەبوو کە هەستم بە کەمی کات دەکرد، دەبوو خۆم ڕابهێنم بە هەموو جۆرە شوێن و کات و دۆخێک و بەس بنووسم.
– ئایا شتێکی جیاواز یان نامۆ لە شوێنی کارەکەتدا هەیە؟ جگە لە شتە ئاساییەکان، چی لەسەر مێزەکەت هەیە؟ دیمەنی شوێنی کارە دڵخوازەکەت چۆنە؟
دۆگ دۆرست: لە شوێنی جیاواز کار دەکەم، وەک ماڵ، کافتریاکان و، جاروباریش لە ئۆفیسەکەم لە زانکۆ. دیمەنەکانیش لە ماڵەوە، باخچەکەیە؛ لە کافێ، خودی کافێکەیە؛ لە ئۆفیسە ژێرزەمینەکەم، دەنگی پێی ئەو کەسانەیە کە لە دەرەوە پیاسە دەکەن. ئەوەی لەسەر مێزەکەمە: هەموو ئەو شتە بێ کەڵکانەن کە هێشتا کاتم نەبووە ڕەشیان بکەمەوە. من مەیلم بۆ پاشاگەردانی و ئاڵۆزی هەیە.
– با بچینە سەر باسی کتێبی (ئێس) کە من زۆر چێژم لە خوێندنەوەی بینی و، دڵنیاشم خۆشت چێژت لە نووسینی بینیوە. پێم خۆشە بزانم چۆن مامەڵە ت لەگەڵ ئەم شتانە کردووە تیایدا: (ئەو ڕاستییەی کە بیرۆکەیەکی بەکۆمەڵ بوو) و (ئەو ڕاستییەی کە دوو ڕۆمانی هاوتەریب بەڵام جیاواز لە ئارادا بوون). ئایا سەرەتا هەموو (کەشتیی تێزیۆس؛ Ship of Theseus)ـت نووسی و پاشان ئەو گفتوگۆیەی نێوان (جێن و ئێریک ؛ Jen and Eric)ـت لە پەراوێزی کتێبەکەدا نووسی؟
دۆگ دۆرست: من زۆربەی کات کارە تەواونەبووەکانم بۆ هاوڕێ نووسەرەکانم دەنێرم بۆ وەرگرتنی پێشنیار، بۆیە لێرەدا بۆ کارە بەکۆمەڵەکە شتێکی ئاشنا بوو بۆم، بەڵام یارمەتیدەریش بوو کە چوارچێوە و پاڵەپەستۆیەکی زیاتر لە نێو کار و پڕۆسەکەدا هەبوو. ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر، ئەو پەلەپڕووزێ و هاندەرییەی جەیجەی (J.J) بێت کە مەیلی بۆ ئەوە هەبوو بڵێت “بەڵێ! زیاتر بکە! دوورتر بڕۆ! با بزانین چ ڕوودەدات”، کە بۆ من زۆر ئاسان بوو بەدوای ئەو ئالنگارییانە بگەڕێم کە دەهاتنە پێشێ. گومانی تێدا نییە کە بەهۆی هاندانی ئەو و لیندسی (Lindsey)یەوە کارێکی باشتر و سەرنجڕاکێشترم کرد. بە ڕاستی دڵنیا نیم بەبێ ئەوان بوێری ئەوەم هەبوایە دەست بۆ شتێکی ئاوا گەورە ببردایە. (جێن و ئێریک) کاتێکی زۆر بە لێکدانەوەی ئەو کۆدانەی لە دەقەکە و پەراوێزەکانی (Ship of Theseus)دا خۆیان مەڵاس داوە، بەسەر دەبەن، بەتایبەتیش کاتێک هەوڵ دەدەن ناسنامەی ڕاستەقینەی نووسەرە خەیاڵییەکە، واتە ڤیئێم ستراکا (V.M. Straka)، بدۆزنەوە. چێژەکەش لەوەدایە تەماشای ئێریک و جێن بکەیت کە چارەسەری دەکەن. ئەوەش بزوێنەری چیرۆکەکەیە و یەکێکە لە چێژە سەرەکییەکان. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەوان “چ دەکەن” بە دۆزینەوە و کەشفەکانیان، بەڵام هەندێک شتیش
هەن ئەوان لەدەستی دەدەن. وا دەردەکەوت کارێکی نادادپەروەرانە بێت کە ڕۆمانێک بنووسیت کۆد تێیدا ڕۆڵێکی گەورە بگێڕێت بەبێ ئەوەی ڕێگەیەک بە خوێنەران بدەیت بەشداری تێدا بکەن، بەڵام لەگەڵیشیدا چێژی تریش هەن بۆ ئەو خوێنەرانەی مەیلی گەڕانیان هەیە.
– ئایا جەیجەی ئەبرامز (J.J. Abrams) بۆ (ئێس)، ڕاوێژی پێ کردیت، یان تەنها بیرۆکەکەی هاوبەشی لەگەڵ کردیت و دواتر پێی گوتی دەست پێ بکە؟
دۆگ دۆرست: هەموو شتەکە بە بیرۆکەکەی (جەیجەی) دەستی پێکرد بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێکی خۆشەویستی کە لە تێبینی و پەراوێز و ڕێشنووسی کتێبێکی تردا گەشە دەکات. ئەو و (لیندسی) پەیوەندییان پێوە کردم و پرسییان چی لەو بیرۆکەیە دەکەم. منیش پێشنیاری چیرۆکێکم کرد کە تێیدا دوو کارەکتەرەکە خوێندکارن و کتێبێک دەخوێننەوە کە گومانیان لە ناسنامەی نووسەرەکەی هەیە. بۆیە هەرسێکمان باشترین کاتەکانی ساڵمان بە قسەکردن لەسەر کارەکتەرەکان بەسەر برد تا بزانین کێ بن و بۆچی دەیانەوێت تێبینییەکان بگۆڕنەوە. من ڕەشنووسی پێشەکی و بەشی یەکەمم نووسی و چەند جارێکیش پێداچوونەوەی بۆ کرا. دوای ئەوە، بە تەنیا دەستم بە نووسینی تەواوی دەقی (Ship of Theseus) کرد و بەشەکانم بۆ (لیندسی) دەنارد تا تێبینییەکانی لەسەر بدات. کاتێکیش چەند بەشێک تەواو دەبوون، ئەو بۆ (جەیجەی) دەنارد. هەمان پڕۆسەمان بەکار هێنا کاتێک چیرۆکی پەراوێزەکانم نووسی.
– ئایا دۆزینەوەی بڵاوکەرەوەیەک کە ڕازی بێت بەو تێچووە زۆرەی کتێب، کارێکی قورس بوو؟
دۆگ دۆرست: ڕاستە تێچووەکەی زۆر لە کتێبێکی ئاسایی زیاتر بوو، بەڵام ناوبانگی (جەی جەی) بەس بوو بۆ ئەوەی بڵاوکەرەوەکان بزانن دەفرۆشرێت. ئێمە کتێبەکەمان لە نیویۆرک نیشانی چەند بڵاوکەرەوەیەک دا و، هەموو کۆبوونەوەکانیشمان هەمووی بۆ قایلکردنی کەسێک بوو تا ئەم پڕۆژە شێتانەیە قبوڵ بکات، گوتمان کتێبەکە شتی زیادەی تێدایە، هەرچەندە خۆمان نەماندەزانی چ دەبێت بەڵام دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی (Little، Brown) دەیانزانی چییان واژۆ کردووە. بۆیە دواتر کە دەقەکە تەواو بوو و لیستی شتەکان دیاری کرا، دەبوو بڕیار لەسەر دیزاینەر و پڕۆسەی چاپەکەی بدرێت. دەیانتوانی تێچووەکە کەم بکەنەوە، بەڵام بە خۆشحاڵی و سوپاسگوزارییەوە ئەو کارەیان نەکرد. ناشزانم چۆن نرخی کتێبەکەیان بە گونجاوی هێشتەوە، ڕەنگە جۆرە پەرجۆیەکی ژمێرکاری بووبێت.
– چی دەتخاتە پێکەنین؟
دۆگ دۆرست: (مۆنتی پایسن – Monty Python)، (ڕێبەری گەشتیارانی گەلەئەستێرە – Hitchhiker’s Guide) و (تێد نایت – Ted Knight) لە فیلمی (کادیشاک – Caddyshack) و لاساییکردنەوەی کچە دوو ساڵانەکەم کە خۆی دەکاتە گاڵتەجاڕێکی ترسناک.
– ئەی چی دەتگریێنێت؟
دۆگ دۆرست: گۆرانی (ڕۆیشتن بە پێ دوور لە ماڵەوە – Walking Far from Home)ی (ئیرۆن و وێنێ – Iron and Wine).
– ئایا هیچ خرافاتێکت هەیە؟
دۆگ دۆرست: پێشتر هەمبوو، بەڵام وازم لێ هێنا.
– ئەگەر بتتوانیبایە کەسێکی مردوو زیندوو بکەیتەوە، کێ دەبوو و بۆچی؟
دۆگ دۆرست: ئەو کارە ناکەم، بە هیچ شێوەیەک. بۆ مەگەر کتێبی (گۆڕستانی ئاژەڵە ماڵییەکان – Pet Sematary)ی (ستیڤن کینگ – Stephen King )ت نەخوێندووەتەوە؟ ئەو شتانە هەرگیز بە باشی کۆتایی نایێت.
– ئایا ساتێکی دیاریکراو هەبووە کە هەست بکەیت وەک نووسەرێک، سەرکەوتوو بوویتە؟
دۆگ دۆرست: هێشتا چاوەڕێم. ئاخۆ پێویستە چیت تەواو کردبێت تا هەست بکەیت ڕۆژێکی بەرهەمدارت هەبووە لە نووسیندا؟ ٧٥٠ وشە لە ڕۆژێکدا باشە.
– چ ئامۆژگارییەک بۆ نووسەرە تازەکان هەیە؟
دۆگ دۆرست: چەندین جار بنووسەوە و بنووسەوە، واتە چەندین ڕەشنووس، پاشان سوودی تەواوی لێ وەربگرە. ڕەشنووسە سەرەتاییەکان بەکاربهێنەوە بۆ گەڕان، بەدواداچوون و بەدوای ئیلهامدا بگەڕێ، بەڵام فێری ئەوەش ببە چۆن بنووسیت کاتێک ئیلهامت نییە.
– شتێکمان دەربارەی خۆت پێ بڵێ کە زۆر کەس نایزانن و ڕەنگە سەرسوڕهێنەر بێت.
دۆگ دۆرست: (دانیێل ستیل – Danielle Steel) ئامۆزامە، داپیرەکانمان خوشکی یەکتر بوون، کەچی هەرگیز نەمبینیوە.
پەراوێز:
١. مۆنتی پایسن: گرووپێکی کۆمیدی بەناوبانگی بەریتانی بوون کە لە کۆتایی شەستەکان دەرکەوتن. شێوازی کۆمیدییان پشتی بە تەنز و سوریالیزم دەبەستێت. بەرنامەی (Monty Python’s Flying Circus)یان هەبوو و بە فیلمەکانی وەک (Life of Brian) ناوبانگیان دەرکرد.
٢. ڕێبەری گەشتیارانی گەلەئەستێرە: ئەمە ناوی زنجیرە کتێبێکی زانستی – خەیاڵی و کۆمیدییە لە نووسینی (دۆگلاس ئەدەمز). چیرۆکەکە دەربارەی دوایین مرۆڤی ڕزگاربوویە لە زەوی کە بە ناو گەردووندا گەشت دەکات. کتێبەکە پڕە لە فەلسەفەی گاڵتەجاڕانە و ڕەخنەگرتن لە ژیانی مرۆڤ، ئەویش بە زمانێکی زۆر تەنزئامێز.
٣. تێد نایت لە فیلمی کادیشاک: ئەم فیلمە یەکێکە لە بەناوبانگترین فیلمە کۆمیدییەکانی ئەمریکا کە دەربارەی یاری گۆڵفە و (تێد نایت) ڕۆڵی دادوەر (ئیلهو سمالز)ی تێدا دەگێڕێت کە کەسایەتییەکی زۆر تووڕە، لوتبەرز و دەوڵەمەندە. پێکەنیناویبوونی ئەم ئەکتەرە لەو فیلمەدا لەوەدایە کە بە جدییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخە بێماناکان دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمیدیایەکی جەستەیی و دەنگیی زۆر نایاب.
٤. گۆرانی ڕۆیشتن بە پێ دوور لە ماڵەوە: ئەم گۆرانییە بەرهەمی پڕۆژەی مۆسیقای (Iron & Wine)ـە کە هونەرمەند (سام بیام – Sam Beam) خاوەنیەتی و لە ساڵی ٢٠١١ لە ئەلبوومی (Kiss Each Other Clean) بڵاوکرایەوە. گۆرانییەکە باس لە گەشتێکی ڕۆحی دەکات. گۆرانیبێژەکە باس لەوە دەکات چۆن دوور لە ماڵ پیاسە دەکات و لەو ڕێگەیەدا چەندین دیمەنی دژبەیەک دەبینێت: شتی زۆر جوان و شتی زۆر ترسناک، بەختیاری و ئازار، ژیان و مردن.
٥. دانیێڵ ستیل: یەکێکە لە بەناوبانگترین و پڕفرۆشترین نووسەرەکانی ئەمریکا و جیهان، کە بە نووسینی ڕۆمانی ڕۆمانسی و درامی ناسراوە. یەکێک لە دەوڵەمەندترین نووسەرە زیندووەکانی جیهانە و تا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ملیۆن کۆپی لە کتێبەکانی فرۆشراون و زۆرێکیشیان کراون بە فیلم و درامای تەلەڤزیۆنی.

