رۆژنامەی ھەولێر

عەقڵمەندی لە بەرپرسیارێتیدا

فازڵ میرانی
ئەگەر هەر بەرپرسێک تەنیا بەشێکی کەم لەو هەوڵ و کۆششەی بۆ گەیشتن بە پۆستەکەی دەیدات، بۆ ڕاهێنان و ئەداکردنی ئەرکەکانی خەرجی بکردایە، زۆرێک لە کێشەکانی خەڵک چارەسەر دەبوون.
بەرپرسیارێتی بەو چەمکە باوەی کە هەیەتی -لە هەر شوێنێک بێت و سەرەڕای جیاوازییە جوگرافی و کۆمەڵایەتییەکان- بریتییە لە: وێنەیەک لە گرێبەستێکی یاسایی؛ گرێبەستی یاساییش پشتبەستە بەو تەشریعانەی کە پارێزگاری لەو مافانە دەکەن کە پێگە یاساییەکانیان بۆ لایەنە بەشداربووەکان ڕوون دەبێتەوە، کەواتە بەرپرسیارێتی بابەتێکی یاساییە.
بەرپرسیارێتی ئەو کاتە بوو بە بابەتێکی گوماناوی، کە کرا بە بەخشیش و خەڵاتی بێ لێپرسینەوە؛ هەر لەو هەنگاوەوە دەستبەرداری ئەو دادپەروەرییە بوون کە پەیوەندییەکان بەپێی یاسا ڕێک دەخات، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی زیانی بێسەروبەر و کاریگەریی نەرێنی کە پشکی شێری بەر جەماوەر دەکەوێت. هەروەها بووە هۆی زیان بۆ لایەنی فەرمیش، کە دەسەڵاتەکانی خۆی کردووەتە دەروازەیەک بۆ پێشکەشکردنی ئەو کارانەی کە شایانی لۆمەکردنن، ئەمەش بەهۆی تێگەیشتنی کورتخایەنیان بۆ چەمکی دەسەڵات.
دەسەڵات لە “تێپەڕبوونی ئەزموون و ڕەفتارەکان” (وەک گواستنەوەی نەخۆشی) ڕزگاری نابێت، جا چ سوودبەخش بن یان زیانبەخش؛ چ بە ئاسۆیی بێت لە ڕێگەی گواستنەوەی شێوازی ئەدای دەسەڵاتە پێشووەکان، یان بە ستوونی لە بنکەی هەرەمەکەوە لە کەمترین کارەوە تا دەگاتە لووتکەی دەسەڵات، تێکەڵبوونی ئەم دوو ئاراستەیەش ئەگەرێکی کراوەیە.
تێگەیشتن لە بەرپرسیارێتی، لەو ڕووەوە، کە ئایا بەرپرسیارێتییەکی ڕەسەنە، یان تەنیا شتێکی دەستکردە بۆ مەبەستی جوانکاری و پینەوپەڕۆ؛ پاشان لێکۆڵینەوە لەو کەسەی کە بە ئەرکەکە ڕاسپێردراوە لە ڕووی تێگەیشتنی لە هۆکاری بوونی لە شوێنێکی گشتی، یان تایبەتدا و شێوازی گوتاری (بە زارەکی و نووسراو)؛ هەروەها تێگەیشتن لە سروشتی کارەکان و میکانیزمەکانی ڕاپەڕاندنی ڕۆڵەکە و بەدواداچوون و پشکنینی ئەنجامەکان؛ پێش هەموو ئەمانەش، پێویستە کەسی بەرپرس لە سنوورە یاساییەکانی کارەکەی تێبگات و ئەوە بزانێت ئەو تەنیا ژمارەیەکە لە هاوکێشەیەکدا کە بۆ «خزمەتکردن» دانراوە، بەر لەوەی پۆستەکەی بخاتە خزمەتی بەرژەوەندیی خۆی. ئەگەر ئەم بابەتانە لەبەرچاو نەگیرێن و بەدواداچوونیان بۆ نەکرێت، جێی سەرسوڕمان نییە کە جەماوەر تووڕە بێت و متمانە بە دەسەڵات پاشەکشە بکات، بەڵکوو سەیر نییە دەسەڵات خۆی ببێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و پاشەکشەکردنی ڕاستی و دروستی.
ژیرمەندی و کارامەیی پێویستە و دەبێت لە هەموو کاتێکدا ئامادەگیی هەبێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی ئەرکێکیان پێ سپێردراوە. ئەمەش تەنیا لە ڕەفتاری کەسیدا نییە، بەڵکوو لەو ڕەفتارە فەرمییەدایە کە دەوری ئەو ناونیشانەی گرتووە کە خاوەنەکەی هەیەتی؛ جا چ شایستەی ئەو ناونیشانە بێت یان نا. ئەم لێهاتووییە بە ڕوونی لەوەدا دەردەکەوێت کە بەرپرس تەنیا لە کاتی پێویستدا دەربکەوێت؛ ئەگەر لەسەر بابەتێکیش قسەی کرد، دەبێت وتەکانی هاوتای کردەوەکانی بن. ئەگەریش کاری کرد، دەبێت پارێزگاری لە دروستیی کارەکانی پێشوو بکات (بۆ خۆی بێت یان بۆ کەسانی تر) یان شتێکیان بۆ زیاد بکات لە بەرژەوەندیی ئەو خەڵکەدا بێت کە لەو دامەزراوەیەی ئەو سەرپەرشتی دەکات خزمەت دەکرێن. ئەمە ئەمانەتێکە و دەمێنێتەوە و لێپرسینەوەی لەسەرە، بەڵام ئەوانەی تەنیا بەو پۆستەدا تێدەپەڕن، بە کاتێکی دیاریکراو بەستراونەتەوە و تێدەپەڕن و دەگۆڕدرێن.
بیرکردنەوە لە نوێکردنەوەی یاساکان نیشانەی ژیرمەندیی فکریی یاسادانەرانە، هەروەها جێبەجێکردنی یاساش نیشانەی کارامەیی و ژیریی جێبەجێکارانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی تایبەتی تاک. پاراستنی دەوڵەت لە پاراستنی تاکەوە دەست پێ دەکات و بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە؛ ئەمە پاراستنێکە گوزارشت لە ژیرمەندیی سیاسی و ئامادەیی زاتیی کەسەکە دەکات بۆ ئەوەی ببێتە “پیاوی دەوڵەت” تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی پۆست و دەسەڵاتەکەشیدا بێت. بە پێچەوانەی ئەمانەوە، هیچ ژیرمەندی و کارامەییەک لەوەدا نییە کە کەسێک بییەوێت خۆی بە شێوەیەک نیشان بدات کە نە هی ئەوە و نە لە قەبارەی ئەودایە؛ بەڵکوو لەو دۆخەدا خەڵک لێی بێزار دەبن و متمانەیان پێی نامێنێت، دواجار ئەم بێزاری و بێمتمانەییە لە کەسی بەرپرسەوە بۆ سەر خودی دەوڵەتیش پەل دەهاوێژێت.