رۆژنامەی ھەولێر

ئاشتیخوازیی ئێمە و شەڕفرۆشیی ئەوان!

‎هاودەنگ فارووق
هێرشكردنە سەر ماڵی كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە خەریكە جەنگی ناوچەكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت و تا ڕادەیەكی زۆر جەنگێكی عەبەسی و بێدەربەستە، بۆ گرووپەتیرۆریستییەكانیش پەلەقاژەی مەرگە. ئەوانەی لە پشتی ئەوڕووداوەوەن، لە حاڵەتی بێئومێدییەكی ئاشكرا و تا سەر ئێسقان لەناو مەتاهەیەكی بێ بڕانەوە و تەنانەت لەنێو پرۆسەی خەڵقكردنی دوژمنی نوێ و تێكەڵكردنی كارتەكاندا دەژین.
بەگوێرەی سەرجەم بنەماكانی دیسپلینی جەنگ و بەگوێرەی ئەوەی لە مێژووی جەنگەكاندا بۆ مرۆڤایەتی ماوەتەوە، سەرجەم لایەنەكانی جەنگ كاردەكەن بۆ ئەوەی بەرەی دوژمنەكانیان فراوان نەبێت؛ زۆر كاردەكەن بۆ ئەوەی بەرەی جەنگ بچووك و بچووكتر ببێتەوە و تا پێیان بكرێت، تەنانەت لەگەڵ دوژمنە ڕاستەوخۆكانیشیاندا ڕایەڵەی پەیوەندی ناپچڕێنن.
تەنانەت لە ترۆپكی جەنگ و خوێنڕشتن و كاولكاریدا، لەو دەمەدا كە لوولەی تانك و بۆمبەكان دەدوێن، بەڵام بە دەریچەی زمانێكی هێمنی دیپلۆماسیش هەر ماوە و لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی جەنگ لە كەمترین وادە و بە كەمترین قوربانی كۆتایی بێت.ئەوەی نەیارەكانی كوردستان لەم جەنگەی ناوچەكەدا دەیكەن، نە لەگەڵ پڕنسیپەكانی دیسپلینی سەربازی دەگونجێت، نە لەگەڵ نەریتی مرۆڤ لە ساتەكانی جەنگدا.چونكە ئەمان نەك لە پرۆسەیەكی بەردەوامدان بۆ زیادكردنی دوژمنەكانیان، بەڵکوو هێرشكردنە سەر ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان “نێچیرڤان بارزانی” نموونەیەكی ڕوون و ئاشكرا و مایەی شۆكێكی گەورەیە. ئاخر هێزێكی هۆشیار، لە كاتێكدا بە قسەی خۆی دەیەوێت بەرەنگاری دوژمنێكی زەبەلاح و بەتوانا و بێ ئامان بكات، چۆن دێت بە دەستی خۆی دۆستەكانیشی دەكاتە دوژمن؟ بەخت و خۆڕایی هێرش دەكاتە سەر لایەنێك كە بەردەوام هەوڵیداوە دۆستایەتی بپارێزێت و بە هیچ شێوەیەك بەشێك نەبووە لە شەڕەكەدا.ئەگەر ئەم هێرشە بۆ كورد هۆكاری بەخۆداچوونەوە بێت و پێمان بڵێت: ئەگەرچی كورد ئاشتیخواز و دیپلۆماتیش بێت و پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا هەبێت، بەڵام ئەو ئاشتیخوازییە شەفاعەتی بۆ ناكات و دوژمنان هەر لە فرسەتێك دەگەڕێن هێرشی زاڵمانەی بكەنە سەر؛ ئەم شەڕفرۆشتنە دوژمنكارانەیە ڕەنگە وابكات ئیتر كورد ڕیفریشی سیاسەتی خۆی بكات و ئەگەری هەیە ئاڵوگۆڕی گرنگ لە سیاسەتی كوردیدا دروست بكات.
لە هەمان كاتدا، بۆ خوێندنەوەی وەزعی دوژمنانی كوردیش پێنوێنێكی زۆر گرنگە و بە ئاشكرا پێمان دەڵێت: نەیارەكانی كوردستان لە بارودۆخی بێئومێدیدان و هیچ بایەخ نادەن بەوەی ژمارەی دوژمنەكانیان چەندە زۆر یان كەم بن، مانای وایە ئومێدێكیان بە داهاتوو نەماوە. هاوكات لەڕووی دیسپلینی سەربازیشەوە شپرزە و بێ شیرازە بوون و گرووپە چەكدارەكان پابەندی فەرمانە سەربازییەكان نابن، هەر كامێكیان لەلای خۆیانەوە بانكی ئامانجەكانیان بۆ خۆیان دیاری كردووە و هێرشەكان بە ڕاست و چەپدا دەكەن، بەبێ گوێدانە ئەنجام و لێكەوتەكانی.
پرسیار ئەمەیە: بەخۆداچوونەوەی كورد چ گۆڕانكارییەك دروست دەكات؟ ئەی دوژمنانی كورد لەو لووتكەی بێئومێدییەدا دەگەنە كوێ؟