ڕائیب جادر – هەولێر
بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارکردن لە پڕۆژەی دوو سایدی ڕێگای حاجی ئۆمەران- چۆمان دەستپێدەکاتەوە، پڕۆژەکە بەشێوازێکی مۆدێرن و نەخشەسازیەکی ناوازە و زانستی ئەندازیاری دروست دەکرێت. قایمقامی قەزای چۆمانیش، وردەکاری پڕۆژەکە دەخاتەڕوو.
ڕێگەکە نێودەوڵەتییە و ھەردوو پارێزگاکانی ھەولێر لە باشوور و ورمێ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ڕۆژانە سەدان بارھەڵگر بەسەریدا ھاتووچۆ دەکەن، ھەروەھا ھەزاران ئۆتۆمبێلی تایبەتیش ڕێگەکە بەکاردەھێنن.
لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا سی کیلۆمەتری ڕێگە گشتییەکە تەواو دەکرێت و چوار تۆنێل لە خۆ دەگرێت، لە قۆناغی دووەم پڕۆژەکە تاکو قەزای ناوەندی سۆران درێژ دەبێتەوە، ئەم ڕێگەیە بە شادەمارێکی گرنگی ئابووری نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران دادەنرێت، ئێستا کە بڕیاری بە دوو سایدکردنی دەرچووە ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ گەشەپێدانی بواری بازرگانی و ھاتووچۆی گەشتیاری.
شۆفێرانی ئەم ڕێگایە پێیانوایە پڕۆژەکە دەبێتە ھۆکاری سەڵامەتی و خێرای گواستنەوەی کاڵاکان، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، ڕێگەکە ئێستا یەک سایدە، لەگەڵ ئەوەش ھەموو پێچاوپێچە ئەگەر ببێتە دوو ساید ھەم ئەو لۆفانە نامێنن ھەمیش ڕووداوەکانی ھاتووچۆ کەم دەبنەوە، چونکە ئێستا کەم ڕۆژ ھەیە ڕووداوی ھاتووچۆ لەم ڕێگەیە ڕوونەدات، بۆیە ئەگەر بکرێتە دوو ساید ھەموو ھاووڵاتییان لێ سوودمەند دەبن. جوانییەکیش بە ناوچەکە دەبەخشێت، بۆیە بە دوو سایدکردنی ڕێگەکە بڕیارێکی باشە.
ئەحمەد بارزان عەلیکۆ، قایمقامی قەزای چۆمان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پڕۆژەی دوو سایدی حاجی ئۆمەران- چۆمان یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لێ داوە ئەم دوو سایدە ھەر لە چۆمان کۆتایی پێ نایەت، بەڵکو ھەتا سۆرانیش بڕیاری دروستکردنی دراوە، بەڵام قۆناغی یەکەم بەدرێژایی ١٦ کیلۆمەتر لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەستپێدەکات تا دەروادەی چۆمان.
قایمقامی قەزای چۆمان، دەشڵێ: کۆمپانیای جێبەجێکار ئێستا کەمپ و ئامێر و کەلوپەلەکانی خۆی دەگوازێتەوە، کەشوھەوا خۆش بێت و بەفر و باران کەم ببنەوە، دەست بە پڕۆژەکە دەکرێت، پاشان قۆناغی دووەم دەستپێدەکات ئەوەش لە چۆمان تا سۆران دەبێت.

