ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
تەندروستیی چاو یەکێکە لەو بوارانەی کە بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیان و زۆربوونی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، ڕووبەڕووی ئالنگارییەکی زۆر بووەتەوە. بۆ ئاشنابوون بە جۆرەکانی نەخۆشی چاو و ڕێگاکانی خۆپارێزی، د. شەماڵ عەبدوڵڵا بارام، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو چەند زانیارییەكی گرنگ دەخاتە ڕوو.
نەخۆشییە باوەکان و کاریگەری تەکنەلۆژیا
لە بارەی باوترین ئەو نەخۆشیانەی کە چاوی مرۆڤ ئێستا تووش دەکەن د. شەماڵ دەڵێت: هەوکردنی چاو یەکێکە لە باوترینەکان، کە زۆرجار بەهۆی هەوکردنی پێڵووەکان یان ماندووبوونی چاوەوە دروست دەبێت. لە ئێستادا بەهۆی بەکارهێنانی بەردەوامی مۆبایل و کۆمپیوتەر، ئەم جۆرە هەوکردنانە لە ناو هاووڵاتیاندا زۆر زیادی کردووە.
ئاوی ڕەش و ئاوی سپی
لە بارەی جیاوازی نێوان ئاوی ڕەش و ئاوی سپی چییە د. شەماڵ ڕوونی دەكاتەوە كە: ئاوی سپی بریتییە لە لێڵبوونی هاوێنەی چاو؛ نەخۆشەکە لە ڕۆژدا بینینی کز دەبێت و لە شەودا شتەکان بە پەرش و بڵاوی دەبینێت. ئەمە چارەسەری ئاسانە و بە نەشتەرگەرییەکی سادە چاک دەبێتەوە. بەڵام ئاوی ڕەش، بریتییە لە بەرزبوونەوەی پەستانی ناو چاو (ئەگەر لە ٢٠ پلە زیاتر بێت). ئەمە مەترسیدارە چونکە دەمارەکانی چاو لەناو دەبات و تا ئێستا چارەسەری بنبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە، تەنها دەتوانرێت بە دەرمان یان نەشتەرگەری ڕێگری لە زیادبوونی بکرێت. تەمەن و بۆماوەیی و هەندێک دەرمان هۆکاری سەرەکین بۆ هەردوو جۆرەکە.
تەکاندنی چاو و لێنزە جوانکارییەکان
هەندێک کەس بۆ دەرهێنانی “بەردی ناو چاو” پەنا دەبەنە بەر تەکاندن، ئایا ئەمە زانستییە؟ د. شەماڵ: بە هیچ شێوەیەک! ئەوە تەنها وەهمێکە. ئەوەی هەیە بریتییە لە ڕەقبوونی ڕژێنە چەورییەکانی ناو پێڵوی چاو کە وەک بەرد دەردەکەون، ئەوەش تەنها لای پزیشک و بە نەشتەرگەرییەکی بچووک لادەبرێت نەک بە تەکاندن.
منداڵان و کێشەکانی چاو
خێزانەکان چۆن هەست بە گیرانی بۆڕیچکەی فرمێسکی منداڵەکانیان بکەن؟ د. شەماڵ: ئەگەر منداڵەکە چاوی سووربووەوە، ئاوی زۆری لێهات یان بڕێکی زۆر ڕیپۆقی کرد، ئەوا نیشانەی گیرانی بۆری فرمێسکە. دایکان دەتوانن لە ڕێگەی مەساجی تایبەتەوە (کە پزیشک فێریان دەکات) ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.
خێڵی و کێشەی بینین لە منداڵاندا چۆن چارەسەر دەکرێت؟ د. شەماڵ: خێلی یان ناهاوتایی پلەی چاوەکان (دووربینی و نزیکبینی) لە منداڵاندا باوە. ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت، بە چاویلکە یان نەشتەرگەرییەکی سادە چارەسەر دەکرێت.
لە كۆتایی ئامۆژگاری و ڕێنماییەكانیدا د. شەماڵ عەبدوڵڵا ئاماژە بە چوار خاڵی گرنگ دەكات كە بریتین لە:
١. نەهێڵن منداڵ زۆر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکار بهێنێت.
٢. پەیڕەوکردنی یاسای (٢٠-٢٠): هەر ٢٠ خولەک کارکردن، ٢٠ چرکە پشوو بدەن و سەیری دوور بکەن.
٣. هەرگیز لە تاریکیدا مۆبایل بەکار نەهێنن، چونکە زیانەکەی سێ ئەوەندە زیاترە.
٤. چاو بترووکێنن بۆ ئەوەی وشک نەبنەوە.

