رۆژنامەی ھەولێر

جوگرافیای زەوی

خوسره‌و جاف
خوا خوامە بۆم هەڵکەوێت و لەم شارە دوور بکەومەوە، لەو دەشت و دەرەدا سەیری ئاسمان بکەم. بەتایبەت ئەو شەوانەی نە مانگ بە ئاسمانەوەیە، نە هەور و هەڵا. لەو کاتانەدا وردەکارانە و بێدەنگ لە جێگەیەکدا دادەنیشم و لە ئاسمان دەڕوانم و ئەو ملیارەها ملیار ئەستێرانە دەبینم وا جریوەیان دێت، لەوێدا پەی بە هەرەگەورەییەکەی پەروەردگار دەبەم.
بۆ ئەوەی تەنها گێلانە نەڕوانمە ئاسمانا، زەمانێکە خەریکی خوێندنەوەی فیزیای فەزایی و جموجۆڵ و چەرخان و تیژی و دووریی ئەستێرەکانم، لەگەڵ ئەو گەلەئەستێرە مەجەڕانەی وا پەروەردگار دروستی کردوون. ئێمە ئێستا وا لە گەلەئەستێرەی کاکێشانین (ڕێی کاکێشان) و دەتوانین لە هەلومەرجێکی تایبەتمەنددا بەچاو کۆمەڵە ئەستێرەکانی ڕێگەی کاکێشان ببینین. هەر ئەو ئەستێرانەی وا لە دوورەوە جریوەیان دێت، هەرنەبێ ئەم زەوییەی وا ئێمەی مرۆڤی تێا دەژیین لەچاو قەبارە و زەبەلاحیی ئەو ئەستێرانەدا بە ئەندازەی نووکی دەرزییەکە.
ئەو دەم پڕ بە گەورەیی و بێهاوتایی پەروەردگار بیر بکەرەوە کە ئەو کەونە هەرەگەورەیەی چۆن دروست کردووە. با ئەوەش بزانین جگە لە گەلەئەستێرەی کاکێشان، چەندین گەلەئەستێرەی پانوپۆڕتر لە کاکێشان لە قووڵایی ئاسمانی بێبن و بێخدا هەن و دەستنیشان کراون، کە هەر یەکە لەوانە چەندین ئەندازەی کاکێشان پانوپۆڕترن.
ئەم باسەی بەندە دەربارەی مێژووی زەوی و کۆمەڵەی خۆرە (کۆمەڵەی هەتاوی)؛ تۆپی زەوی یەکێکە لە ئەندامانی کۆمەڵەی خۆر، فکری لێ بکەرەوە قەبارەی ئەم زەوییەی بەسەریەوەین لەچاو قەبارەی هەتاودا وەک پرتەقاڵێک و کاڵەکێک وایە (مەبەست جیاوازی زۆری قەبارەیە). کۆمەڵەی خۆریش بەگوێرەی قەبارە و پانوپۆڕیی گەلەئەستێرەی کاکێشاندا گەلێک جیاوازە.
باسەکەی ئەمڕۆم دەربارەی جوگرافیای جیهانە. بۆ ئاگاداریی جەنابت کۆمەڵەی خۆر ٤٦٠٠ملیۆن ساڵ (٤.٦ ملیار) لەمەوبەر پێک هاتووە، ئەگەرچی کۆنترین بەردێک لە ڕووی تۆپی زەویدا تەمەنەکەی دەستنیشان کرابێ، هین ٣٧٠٠ملیۆن ساڵ لەمەوبەرە. ئەوانەی چاوساقن و تۆپی زەوی ناسن، لایان وایە ژیان و بووژانەوە بەسەر زەوییەوە ٦٠٠ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، لەپێش ئەو مێژووەدا هیچ گیانلەبەرێک بەسەر زەوییەوە نەژیاوە. چەندین دەورانی جۆراوجۆر لەسەر زەویدا چەرخاوە و هەر یەکە لەوانە تایبەتمەندیی خۆیان هەبووە:

یەکەم: سەردەمی پریکامبری (Precambrian):
ئەم سەردەمە ٦٠٠ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بووە و زەوی هیچ گیانلەبەرێکی تیادا نەبووە. ئەم سەردەمە ناسراوە بە پێش زیندەگانی، هەتا ٣٥٠٠ملیۆن ساڵ لەم دەورەیەدا ژیان بوونی نەبووە، دوای ئەوە ژیانی گیانلەبەران بە شێوەی یەکخانەیی (Unicellular) بووە.
دووەم: دەورەی پالیۆزۆیک (Paleozoic):
ئەم دەورەیە دەکەوێتە نێوان ٦٠٠ملیۆن ساڵ بۆ ٢٣٠ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، ئیتر ڕێبازی ژیان و زیندەگیی گیانلەبەران وردەوردە دەستی پێکردووە.
سێیەم: دەورەی مێزۆزۆیک (Mesozoic):
ئەم دەورەشیان لە ٢٣٠ملیۆن ساڵ بەدواوە دەستی پێکردووە تا ٢٠ملیۆن ساڵ لەمەوبەر (تێبینی: زانستیانە تا ٦٥ملیۆن ساڵە).
چوارەم: دەورەی سینۆزۆیک (Cenozoic):
ئەم سەردەمە لە ٢٠ملیۆن ساڵ پێشەوە دەست پێدەکات تا ١ملیۆن ساڵ (بەپێی دەقەکە).
هەر یەکە لەو سەردەمانە سیفەت و ڕوخساری تایبەت بەخۆیان هەبووە، ئەمانە بەشێکن لەو تایبەتمەندیانە:
پێکهاتەی زەوی:
١. توێژاڵ (Crust): ئەستوورییەکەی لە پانزە کیلۆمەترەوە دەست پێدەکات تا پەنجا کیلۆمەتر، ئەم چینە لە خۆڵ و بەرد و کانزا جۆراوجۆرەکان پێک هاتووە.
٢. بەشی ژێرپۆش (Mantle): ئەستوورییەکەی ٢٩٠٠ کیلۆمەترە و زۆرتر بەردی ئاگرین و ئاسن و مەگنیسیۆمە. قورسییەکەی ٥ گرامە بۆ هەر سانتیمەترێکی سێجا و گەرمیی ئەو ئاگرە ١٦٠٠ پلەی سانتیگرادە.
٣. کاکڵەی دەرەوە (Outer Core): ئەستوورییەکەی ٢١٠٠ کیلۆمەترە، زۆرتر هەر تواوەی ئاسن و نیکڵە. گەرمییەکەی ٢٠٠٠ پلەی گەرمایە تا ٥٠٠٠ پلە و پێکهاتەکەشی زۆرتر ئۆکسیدەکانە.
٤. کاکڵەی ناوەوە (Inner Core): چەقەکەی ١٣٧٠ کیلۆمەترە.
ئەمەی خوێندتەوە باسی چەند توێژی ناوەوەی زەوی بوو (کاکڵەکانی)، بەڵام ئەو زەوییەی وا تێیدا دەژیین لە دەوروبەری دەرەوەیدا جیهانێکی تر و چەندین جۆر «با» لە چوار تەنیشتیدا لە چەرخاندان و ناسراوە بە ئاسمانی زەوی (ئەتمۆسفەر). ئەستووریی ئەو با و هەورانە دەگاتە ٢٠٠٠ کیلۆمەتر کە سەرتاسەری زەوی گرتووەتەوە و دابەشە بەسەر چەندین نهۆمی هەوایدا، هەر یەکە لەو نهۆمە هەواییانە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەوانیش ئەمانەی خوارەوەن:
١. ترۆپۆسفەر (Troposphere): بە قەبەیی و ئەستووریی ٨ کیلۆمەتر تا ١٥ کیلۆمەترە.
٢. ستراتۆسفەر (Stratosphere): کە لە یەکەمیان بەرزترە و سەرجەم ٤٥ کیلۆمەتر لە زەوییەوە بەرزترە.
٣. مێزۆسفەر (Mesosphere): بەرزی و بڵندییەکەی ٨٠ کیلۆمەترە و ئەستوورییەکەشی ٢٥ کیلۆمەترە.
٤. تێرمۆسفەر (Thermosphere): ٨٠ کیلۆمەتر بەرزترە لە زەوی.
٥. ئێکسۆسفەر (Exosphere): ٦٤٠ کیلۆمەتر لە زەوی بەرزترە و ئەستوورییەکەی دەستنیشان نەکراوە.

دێینە سەر جۆری گازەکانی دەوری زەوی:
٪٧٨ نایترۆجینە.
٪٢١ ئۆکسجینە.
کەمتر لە ٪١ گازی ئارگۆنە.
بە شێوەیەکی تێکڕایی دەڤەرەکانی زەوی دابەش بووەتە سەر چەندین دەڤەری پانوپۆڕ، وەک:
١. دەڤەری ئارام؛ نە گەرم و نە سارد.
٢. دەڤەرە گەرمەکان.
٣. ناوچە نە گەرم و نە ساردەکانی خوارەوە.
٤. دەڤەرە ڕچاوەکانی (بەستەڵەکەکان) باکوور و باشوور.

کۆتایی و تێبینی نووسەر:
ڕەنگە یەکێک بڵێت: کاک (خوسرەو)، تۆ کابرایەکی نووسەری ئەدەبیاتی، چیتە لە وردەکاریی ناو جەرگەی زەوی و دەوروبەرەکەی؟ ئەو زانیارییانە تایبەتمەندیی چاوساقی خۆیەتی، ئەوە کاری تۆ نییە.
ئەمە تا ڕادەیەک دروستە، بەڵام زانیاری و زانست بە هیچ جۆرێک قەدەغە نەکراوە و «بڤە» نییە تا توخنی نەکەوم. لەوەش گوزەشتە، من گیانلەبەرێکم هێشتا زیندووم و بەسەر زەوییەوە دەژیم، بۆیە دەبێت هەر جێگەیەک تیایدا دەژیم بیناسم. ئاخۆ هەروا گەمژانە تێی بڕوانم؟ هەرنەبێت دەبێت ئاگاداری ڕووکەش و کاکڵەکەی بم. هەر لەو زەوییە خولاوەدا زۆر جێگە و شوێن هەن، مرۆڤ بەم هەموو زانست و زانیارییەوە وا پێی گەیشتووە، زانیارییەکی ئەوتۆی دەربارەی نییە و نەیزانیوە. هێشتا لە قووڵایی ئۆقیانووسەکاندا گیانلەبەری وای تێدایە مرۆڤ بەم هەموو زانستییەی کە هەیەتی نەیناسیون و نەیبینیون. باشە کابرایەکی وەک من ئەگەر نەزانراوەکان سادە و ئاسان بکەمەوە و بیخەمە بەردەست، کارێکی باشە یان خراپ؟
ڕاستە مرۆڤ ناتوانێت یان نەشیاوە ڕەها (موتڵەق) ئازاد بێت، بەڵام لە بواری زانستیدا ڕەهایی بوونی نییە و سفرەیەکی ڕاخراوە، هەمووان بۆیان هەیە دەستی بۆ درێژ بکەن. تۆ لە گەوج و گێل و تەمەڵەکان گەڕێ، ئەو ئۆکسجینە نازدارە هەڵدەکێشن و لە ژیاندا هەنگاوێکی شیاویان نە بۆ خۆیان ناوە و نە بۆ خەڵکەکەش. باشە من پرسیارێک لە تۆ دەکەم: خانووێک تیایدا دەژیت، کڕیوتە یان سەندووتە (بەکرێ گرتووتە)، نابێ کون و قوژبنەکانی بزانیت؟ ناکرێ لە ڕاست و هەڵە ورد بیتەوە؟
لەمێژدا وتراوە: «بزن بۆ شەوێ جێگای خۆی خۆش دەکات». ئێمەی کورد ئەوە نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵە نەمانتوانیوە جێگەی خۆمان خۆش بکەین، هەمیشە هۆکارەکەمان خستووەتە سەر دەوروبەر، ئەی خۆمان چی؟
تانوپۆی هەوریشمین، عەیبمان نییە…