ئافرەت وەک شووشە وایە؛ ناسک و لەسەرخۆ، خاوەن بڕیار. هەر ئەمەش وای کردووە هێزێکی لێ دەربچێت و وەک پۆڵا بەهێزی بکات، تا بە هێز و بیر و باوەڕی خۆی نیشتمانێک بەڕێوە ببات، لەسەر بنەمای دادپەروەری و بێ گوێدانە هەر وتەیەکی ڕوخێنەر. بە تایبەت ئەگەر باس لە هێزی ئافرەتی کورد بکرێت، ئەوا لە هەموو ڕوویەک و بوارێکدا ئەو هێزە بەدی دەکرێت. وەک پیاوان، لە هەر سەرکەوتنێکدا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان هەبووە، تەنانەت لە ئێستاشدا خواستی زیاتری ئافرەتان دەبینرێت بۆ کارکردن و خزمەتکردن لە هەر بوارێکدا، کە ئەمەش خۆی نیشانەی هێزی ئافرەتی بەتوانا و خاوەن بڕیارە.
لەم بارەیەشەوە، د. عەبدولباست مەلا عەلی، سەرۆکی بەشی فیزیا لە زانکۆی سۆران، دەڵێت: “ئافرەت تەنیا ڕووکەش و ڕووخسار و دیمەن نییە، بەڵکوو دەریای جوانی و سۆزی شاراوەن کە زۆرێک لێی بێئاگان؛ چونکە هەموو ئەو جوانییانەی کە لە ناخماندا ڕوونبن، دەکرێت بە ئاسانی لە ئاوێنەی دەروونی ئافرەتدا بدۆزینەوە. ئەم بێئاگاییەش لەناو گشت کۆمەڵگە و شارستانییەتە کۆن و نوێکاندا بوونی هەیە، وەلێ ئەگەر هەر سەردەمێک نەزانینی خۆی هەبێت، ئێستا نەزانینەکان هەموو سەردەمەکان لەم سەردەمەدا بە دیداری یەکتر گەیشتوون. بۆ چارەسەریش پێویستە پەنا ببرێتە بەر هێزی ئەقڵ و زانست و بەها ئایینییەکان و زمانی لێکتێگەیشتن، چونکە بێئاگایی بێبایەخی دروست دەکات. ئەمەش وادەکات هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئافرەتدا لە زۆربەی ئەو کاتانەی کە وەک هاوشانی سەیری نەکراوە، بەگوێرەی هاوکێشەی سفری لەگەڵدا کراوە و جێگیربوونی دەروونییان لەسەر هەژماری دەروونیی ئافرەت بەرهەم هێناوە، وەک چۆن ڕۆنی برژاو جێگەی خۆی دەکاتەوە لەسەر هەر شوێنێک لە جەستەی مرۆڤدا. بە شێوەیەکی گشتی وا پێویست دەکات مرۆڤەکان لە تەنیاییدا ئاگاداری بیرکردنەوەکانیان بن، لە ماڵەوە ئاگاداری ڕەفتارەکانیان و لە دەرەوەش ئاگاداری قسەکانیان. هەر لێرەشەوە دەمەوێت بڵێم کە بیرکردنەوەکان دەبنە قسەکردن، قسەکردنیش دەبێتە کردار و هەروەها کرداریش دەبێتە سروشتی مرۆڤەکە. نابێت بیرکردنەوە و قسەکان وەک زاراوەکانی ‘پڕۆکرێست’ بێت کە لە ‘قەرەوێڵەی پڕۆکرێست’ـەوە وەرگیراوە؛ ئەم پیاوە لە (ئەتیک) لە سەردەمی یۆنانی کۆندا ڕێگری کردووە و هەر کەسێک ڕێک وەک قەرەوێڵەکەی ئەو نەبوایە، ئەگەر کورت بوایە ڕای دەکێشا یان درێژتر بوایە دەیبڕییەوە، لە هەردوو حاڵەتدا مەرگ بەشی کەسەکە دەبوو.” لە کۆتاییشدا د. عەبدولباست وتی: “زۆرن ئەوانەی دەتوانن دڵی ئافرەتەکان بڕفێنن، بەڵام کەمن ئەوانەی کە شکۆیان دەپارێزن و ڕێزیان دەگرن، بەو شێوەیەی کە خودای گەورە ڕێزداری کردوون.”
هەروەها، ناسکی و جوانیی ئافرەت چ لە کردار و چ لە هەست و نەستەکانیدا، بە ئاشکرا هێزە نەرمەکەی پەلکێشی نێو سەرکەوتنی دەکات. وەک زەهرا محەمەد، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، دەڵێت: “ئافرەت خۆی لە شێوەی شووشەیەکدا دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر بێتو باس لە هێزی ئافرەت بکرێت، ئەوا دەبینرێت کە بەقەد هەموو هێزێک هێزی هەیە. بە شێوەیەک لە هەر کەوتنێکدا زیاتر بەهێز دەبێت و هێزی خۆی لە کەوتنەکانی وەردەگرێت.” هەروەها دەڵێت: “زۆر بە ڕوونی دیارە و مێژووش سەلماندوویەتی، ئافرەت لە سەرەتای دەرکەوتنیدا وەک هێزێکی پۆڵایین دەرکەوتووە و بێ گوێدانە هەر قسەیەکی وێرانکەر و ڕەخنەگرانە و ستەملێکردن و ئازاردان، سەرەڕای هەموو شتێک، لەگەڵ هەر سەرکەوتنێکیدا هێزی خۆی سەلماندووە و وتوویەتی کە منیش ئەو هێزەم هەیە بتوانم سەرکردایەتی بکەم و بتوانم خاک و وڵات بپارێزم. هەر بۆیەش دەبینین ئافرەت لە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە هەر ئەرکێکدا ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگی هەبووە لە خزمەتکردن بە نیشتمان کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و شانبەشانی پیاوان لە خزمەتکردندایە.”
زیاتر، نووسەر ئەمەشی وت: “لە زۆربەی کاتدا گوێمان لەوە دەبێت کە دەڵێن ئافرەت وەک شووشە وایە و توانای بەڕێوەبردن یاخود سەرکردایەتیکردنی نییە، بەڵام ئافرەت بە هێز و توانای خۆی هەموو ئەو قسانەی ڕەت کردووەتەوە و پیشانی داوە کە توانای هەر ئەرکێک و بەڕێوەبردنێکی هەیە. تەنانەت دەیبینین کە زۆربەی ئافرەتەکان ئێستا لە پلەیەکی بەرزدا خزمەت دەکەن و شانبەشانی پیاوان لە ئەرکدان. بێگومان ئەوەی ئافرەتی بەهێز کردووە تەنیا خودی خۆی بووە بە بیر و داهێنان و هێزی خۆی، تا بتوانێت بەسەر هەموو ئاستەنگەکانی ژیاندا سەربکەوێت و کۆڵ نەدات، خۆی بگەیەنێت بە ئامانجەکانی و ئەو قسانە ڕەت بکاتەوە کە دەڵێن ئافرەت لاوازە. ئەو کەسانەش کە بەم شێوەیە بیر دەکەنەوە، ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەنەوە، دەزانن کە هەر ئافرەت بووە لە هەر سەرکەوتنێکی پێشمەرگەکاندا بە هەموو توانای خۆی لەگەڵیان بووە و خزمەتی کردوون. ئێستاش ئەو ئافرەتەی کە لە شێوەی شووشەیەکدا دەردەکەوێت، هەمان ئەو ئافرەتەیە کە ئێستا لەگەڵ برا پێشمەرگەکان لە سەنگەرەکاندایە بۆ پاراستنی وڵات و خاکی خۆی. ئەمەیە هێزی ئافرەت؛ بێ گوێدانە قسەی ڕوخێنەر، بەردەوامە لە خزمەتکردن، هەر بۆیەش دەڵێین: «هێزی هەموو هێزەکان ئافرەتە»، چونکە ئەوەندە کەوتنی بینیوە تا گەیشتووە بە لوتکە، ئەمە پێی دەڵێن هێزی پۆڵایین.”
دواتر، مامۆستای کۆمەڵناسی، کەلسووم گەزنەیی، لە هەڤپەیڤینەکەماندا لەسەر ئەو ڕۆڵ و هزرە شووشەییەی ئافرەت زیاتر دوا و گوتی: “بێگومان ئافرەت بەدرێژایی مێژوو، ئەگەر تەماشای ڕابردوو بکەین و بگەڕێینەوە سەر ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی ئافرەت، دەبینین هەمیشە ئافرەت داینەمۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی بووە. لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ویستبێتی هەنگاوێک بچێتە پێشەوە، چ لە بواری سیاسەتدا بێت یان بواری کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری، ئەوا ئافرەت دەستێکی باڵای هەبووە. هاوکات کە تەماشای ئافرەت دەکەین وەک شێوە و ڕوخسار، بەسۆز و بەزەیی و میهرەبانە، بەڵام لەپای ئەو سۆز و میهرەبانییەدا ئافرەت هێزی داینەمۆی هەر کۆمەڵگەیەکە. ئەگەر ئێمە تەماشای کۆمەڵگەی کوردیی خۆمان بکەین، کەسایەتییە ناودارەکانی خۆمان کە کوردن، چەندین ئافرەتی لێهاتوو و بەتوانایان تێدا هەڵکەوتووە. دەستێکی باڵایان لەو گۆڕانکارییانەدا هەبووە کە لە سەدەکانی ڕابردوو لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کراوە، وەک (حەپسەخانی نەقیب)، (مەستوورە خانم)، (خانزادی میری سۆران)؛ وە هەتا لە ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرا و ڕووداوەکەی ٦ی ئەیلوول لە سلێمانی کە بەرامبەر ڕژێمی عێراق کرا. ئینجا بێگومان وەک باسم لێوە کرد، ئەگەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی یان ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی گونجاو بێت، ئەوا ئافرەت دەبێتە هێزی گۆڕانکاری لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. ئەوانەش بە چاوی خۆمان بینیومانە؛ ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کۆمەڵگەی خۆمان و باس لە بزووتنەوەی ئافرەتان بکەین لە سەردەمی شاخ و دوای سەردەمی شاخ کە چ ڕۆڵێکیان هەبووە. ئێمە دەزانین دوو حیزبە گەورەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەم حیزبانەدا دوو بزووتنەوەی گەورەی ئافرەتان و ژنان دروست بوون، سەرەتا بە مەبەستی خەباتی نەتەوەیی بوون، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەم خەباتە نەتەوەییە گۆڕا بۆ خەباتێکی کۆمەڵایەتیی مەدەنی. لە دوای پێکهێنانی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (١٩٩٢)دا، پێنج ئافرەت بوونە ئەندامی پەرلەمان و خانمێک پۆستی وەزیری پێدرا. هەر ئەم پەرلەمانە وای کرد کە کابینە لە دوای کابینە کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەردا بێت.”
وە هەروەها گۆڕانکارییە مەدەنییەکان هەمووی بە دەستی ئافرەت بووە و ئافرەتانی کورد لەپای ئەم میهرەبانییەدا شەڕ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و گەورەترین هێزی گۆڕانکارین، بۆ دەستەبەرکردنی مافی خۆیان و منداڵ. لە کۆتاییشدا ئافرەت وەک ڕەگەز خوای گەورە خەڵقی کردووە کە بە سروشتی خۆی میانڕەو و میهرەبانە، بەسۆزە، بەڵام ناکرێ لەناو ئەو سۆز و میانڕەوییەدا خۆی بە لاواز ببینێت. بە پێچەوانەوە، دەکرێ میهرەبانیی خۆی بکاتە میکانیزمێکی سەنگەرانە بۆ شەڕکردن لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی و کۆمەڵگە، هەروەها دەتوانێت ئەم هێزەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و داماڵین لەو نەریت و کولتوورە قێزەونانەی کە لە ڕابردوودا هەبووە. ئەمە جێگای خۆشحاڵییە کە بەشێکی زۆری ئەم کولتوور و نەریتە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نەماوە، ئەمەش لە سایەی ئەو تێکۆشان و خەباتە مەدەنی و چینایەتییەی هەبووە، لە دوای ڕاپەڕین سەری هەڵداوە. هەرچەند سەیری مێژووی کورد بکەین، ژن ڕۆڵی بەرەو پێشچوونی هەبووە، چ لە بواری خوێندن، ئابووری یان سیاسی؛ گرنگ ئەوەیە شوێنپەنجەیان دیارە و ون نەبووە، ئەمەش ئەو ئەنجامەیە کە ئێستا ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینین.”

