سلێمان تاشان – ههولێر
هەر چەندە دانیشتووانی کوردستان پێڕەوەی لە ئاین و مەزهەب و ڕێچکەی جیاواز دەکەن و پێکهاتەی جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی لە کوردستان هەن، بەڵام زۆرینەی ڕەهایان بە نەتەوە کورد و بە ئاین مسوڵمانن، مامۆستایانی ئایینی و شێخ و ڕێبەری تەریقەتەکانی کوردستان لە ڕابردوودا ڕۆڵی زۆر کارایان گێڕاوە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی، نە ئایین پێشی خۆشەویستیی نەتەوە و نیشتمانپەروەری گرتووە و نە نیشتمانپەروەری و هەستی کوردایەتیش هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ ئاین و مەزهەبە جیاوازەکاندا هەبووە.
لە شێخ عوبەیدوڵای نەهری بگرە تا شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحموودی حەفید و سەید ڕەزای دەرسیم و قازی محەمەد و مەلا مستەفای بارزانی لە بنەماڵەی ئایینپەروەر پێگەیشتوون و مسوڵمانی ڕاستەقینە بوون بەڵام لە هەمان کاتدا خاک و نەتەوە و سیمبولە نیشتمانییەکانی خۆیان خۆشویستووە و شانازییان پێوە کردووە، لە پێناویدا خەباتیان کردووە و شەهید بوون یان سەربەرزانە کۆچی دواییان کردووە.
لەم چەند دەیەی ڕابردوودا لەگەڵ سەرهەڵدانی هەندێک ڕەوتی ئیسلامیی توندڕەو و بڵاوکردنەوەی جۆرێک بیری شۆڤێنی لە ژێر کاریگەریی ڕێکخراوە ئیسلامییە توندڕەوە ناوچەیی و جیهانییەکان کەسانێک ئاینیان بە سیاسی کرد و دژایەتی نەتەوە و زۆرێک لە بەها نیشتمانییەکانی وەک سروود و ئاڵا و جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییان کرد.
لەکاتێکدا زۆربەی ڕێبەرانی نەتەوەیی کورد لە تەکیە و خانەقا و حوجرە و مزگەوت و مینبەرە ئایینییەکانەوە بیری نەتەوەییان بڵاو کردەوە پەرەیان پێی دا و گەیاندیانە چڵەپۆپەی خۆی و ئێستاش زۆربەی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان پێڕەوی لە هەمان ڕێباز دەکەن و وێڕای بڵاوکردنەوەی پەروەردەی ئایینی، نەتەوە و سیمبولە نیشتمانییەکانیان پشتگوێ نەخستووە و لە کاتی پێویستی وەک سەرهەڵدانی داعش و هيرشی دوژمنان و جەژن و خۆشی و ناخۆشییەکان نەتەوەیان بیر نەچۆتەوە، کەم نەبوون ئەو مامۆستا ئاینییانەی پڕ بە قوڕگیان هاواریان کردووە کەسێک بەرگری لە خاک و نەتەوەی نەکات و نەتەوە و نیشتمانی خۆی خۆشنەوێت ئەوا کێشە لە ئیمانیشیدا هەیە.
لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و شەهید و بریندارکردنی دەیان کچ و کوڕ و گەنج و لاوی شەڕڤانی کورد، هەندێک دەنگی ناشاز لە کوردستان کە ژمارەیەکیان ناسراو بوون و لە بەرگی پیرۆزی مەلایەتیدا بوون، بێڕێزییان بە سیمبولەکانی نەتەوە و نیشتمان کرد و بوونە هۆی بریندارکردنی خەڵکی کوردستان، هەر چەندە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەبەر نەفرەت و سەرکۆنەی کۆمەڵگە کەوتن.
دواین ڕووداو کە ڕۆژی هەینی لە مزگەوتێکی سلێمانی ڕوویدا ئەو کاتە بوو کە لەسەر مینبەر جارێکی تر دەنگێکی ناشاز بێڕێزی بە سیمبولە نەتەوەییەکانی کرد. خەڵک لەبەر حورمەتی نوێژی هەینی و مزگەوت و مینبەر و کەسایەتیی مەلا دانیان بەخۆیاندا گرت و هیچیان نەگوت بەڵام کاتێک بینیان هێڵەکە بەزێنراوە لەسەر مینبەر هێنایانە خوارەوە و لە مزگەوت دووریان خستەوە.
زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان مسوڵمانن، مامۆستایانی ئایینی بە پێشەوای خۆیان دەزانن، ڕێزی لێ دەگرن و لە پشتی نوێژی بەکۆمەڵ دەکەن، ئەو مامۆستا ئاینییانەیان خۆشتر دەوێ کە ڕێچکەی ڕێبەرانی ئایینی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییان گرتووەتە بەر و کێشەیان لەگەڵ ئەوانەشدا نییە کە تەنیا ئەرکی مەلایەتی و خۆیان جێبەجێ دەکەن بەڵام لەوانە قبووڵ ناکەن هێڵە سوورەکان دەبەزێنن و بێڕێزی بە سیمبولە نەتەوەییەکانی وەک پيشمەرگە و شەڕڤان و ئاڵا و سروودی نیشتمانییەوە دەکەن. ئەمە بۆ حکوومەتیش هێڵی سوورە و هەر بۆیەش وەک هەر ئەو کاتە لایەنە پێوەندیدارەکان رایانگەیاند بە گوێرەی یاسا لێپێچینەوە لە هەموو ئەو کەسانە دەکرێت سنوورەکانیان بەزاند و هەستی نەتەوەیی خەڵکیان بریندار کرد.

