شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە درێژەی کار و چالاکییە ڕۆشنبیری و هونەرییەکانی زانکۆی جیهان بەشی کولتوور و ڕۆشنبیری، پێشانگایەکی هاوبەش بۆ هونەرمەندانی شێوەکار و پەیکەرتاش بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆ و هونەرمەندانی کورد و عەرەب و شارەزایانی هونەری پەیکەرتاشی لە خوارووی عێراق کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا بەشێک لەو بەرهەمانە نمایش کران، کە ساڵانێکە هونەرمەندانی شێوەکار وەک ئامادەکارییەک بۆ بەشداریکردن لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتی کێشاویانە و پەیامیشیان بە پیشەییکردنی هونەری شێوەکاری بوو، کە لەمەولا هونەرمەندان پشت بە تابلۆ و کارە دەستیەکانیان ببەستن و نەبن بە بارگرانی بەسەر کەرتی گشتی و حکومەت.
ئەو پێشانگایە ماوەی چوار ڕۆژ بە ئامادەبوونی شێوەکاران لە ئارت گەلەریی جیهان بەردەوام دەبێت.

