رۆژنامەی ھەولێر

جەستەیەک لە غوربەت ناونیشانی تابلۆکانی ڕەنگینەکانی ئەحمەد عەبدولحەمیدە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لە وەرزێکی نوێی چالاکییە هونەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بەشی شێوەکاری، پێشانگایەکی تایبەتی بۆ هونەرمەندی شێوەکار “ئەحمەد عەبدولحەمید” بە چاودێری پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد و عەرەب لە گەلەریی میدیا کردەوە.

پێشانگاکە دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، بەشێک لە تابلۆکانی ئەکرەم بەکر لە هۆڵی دووەمی گەلەریی میدیا لە چوارچێوەی ئەو پێشانگایەدا بە ناونیشانی چرپەی شتەکان و دیمەنی ڕووخسارەکان کرایەوە.
ئەم پێشانگایە زیاتر لە ٤٠ تابلۆی ڕەنگینی لەخۆوە گرتووە و وێنەی چەندین کەسایەتی کورد و عەرەب و داستانە مێژووییەکان لە هێل و ڕەنگەکانی ئەو دوو شێوەکارە شوێنیان بۆ کراوەتەوە، هەولێر وەک تابلۆیەکی جوانتر لە هەمووان لە پێشوازی هونەر و سەلیقەی ئەو شێوەکارانەدا دەبێت، کە پێشانگاکانیان لە ناوەوەی کوردستان پەڕیوەتەوە نێو جیهانی عەرەبی و وڵاتانی کەنداو.