عەمەر ئەرگوشی
ئەو کوردستانەی بە خوێن و قوربانی بێشومار ڕزگارکراوە و ئێستا ئامانەتی بەردەستی حکوومەتی هەرێم و هەموو کوردێکی خاوەن ویژدانە ،هەرکەس لە ئاست خۆی دەبێ خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە پاراستنی ئەو دوخە ئارامەی کوردستان کە خەریکە ژینگەیەکی گونجاو بنیات دەنێ بۆ پێشکەوتن و بنیاتنانی کومەڵگایەکی سیڤیل و ژیانێکی لەبار بۆ هاوولاتییان کە لە سایەیدا ئاشتی و تەبایی بۆ هەمیشە بەرقەراربن٠
کوردستان وەک قوربانییەکی دەستی داگیرکاری و کاولکاری لە هەموو وڵاتێکی تر پێویستی بە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی هەیە ،کە ئەمیش پێویستی بە ئاشی و ئارامی هەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و خزمەتکارانی وڵات بە دەستێکی درێژتر لە خزمەت گەل و وڵات دابن ،هەر گەشە و هەستانەوەیەک لە ژینگەیەکی تەندروست دا ئەنجام دەدرێت کەمرۆڤەکان تێیدا ئازاد و سەرفرازبن،لە جیاتی ئەوەی وزەو تواناو کاتیان بە دووبەرەکی و ئاژاوەو پشێوی بەسەرببەن بە خزمەتکردن و دەست لەباوەشکردن و یەکتر خوشویستن و خزمەتی وڵات بەسەر ببەن.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوەو خوێن و ئارەقی رژاوی باب و باپیرانمان بێنینە بەرچاو کە لەپێناو ئەم وڵاتە رژاوە هیچ مرۆڤێکی خاوەن وژدان جورئەتی ئەوەی نابێت زیان بەم خەڵکە و بەم خاکە بگەیێنێت ،بۆیە پێویستە لەسەر هەرتاکێک ئەمڕۆ بە ئەرک بزانێت ئەم وڵاتە لە خوێن سوورە وەک بیبیلەی چاو بپارێزن و رۆژانی داگیرکاری و کیمیابارانەکان بهێنە بەرچاو و نەفرەت لە ئاژاوەو دووبەرەکی بکرێت و هەموو پابەندی یاسا بن و کارێک بکەن ناوبانگی گەلی ئاشتیخوازی کوردستان وەک خۆی ئاشتیخوازانە لەسەر ئاستی جیهان وێنا بکرێت٠
لە کاتێکدا کە دەرفەتەکە بۆ نەوەی ئێستا رەخساو نەبوو بێنە سەر وڵاتێکی ئارام و ئاوەدان ،با ئەو دەرفەتە لە دەست نەدەین کە نەوەی داهاتووش بە دەردی ئێمە بێنە سەر وڵاتێکی خاپوور و وێران ،
هەموومان بەرپرسین لەوەی رێگا خوشکەری ژیانی نەوەکانی داهاتووبین بەرپرسین لە ئاوەدانکردنەوەو پاراستنی ئەم تاقیکردنەوەی گەلەکەمان کە خەونی هەموو گەلی کوردستان بوو بە هەموو پێکهاتەو ئایینەکان…

