رۆژنامەی ھەولێر

ڕانانێکی کورت بۆ ڕۆمانی “دوای بوومەلەرزە”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

شەیداییم بۆ ئەدەبیات ئەوکاتە گەیشتە ترۆپک، کە بەر نووسەرانێک کەوتم ئەودیوی شتەکانیان پیشاندام. ئەدەبیات ئەو هێزەی هەیە، کە هەمیشە لە ڕێگەیەکی دیکەوە واقیع بنووسێتەوە و هاوکات ئەودیوی شتەکانیش بۆ خوێنەر پیشان بدات. نووسەرە داهێنەرەکان ئەو نووسەرانەن، کە کار لەسەر پەنهانەکان دەکەن و چاوێکی زیاتر و دیدێکی نوێیان بۆ بینین و بەرکەوتن هەیە. ئەو نووسەرانەی شەیدای ئەدەبیاتیان کردم زۆرن، ناتوانم لێرەدا ناوەکانیان ڕیز بکەم، بەڵام محەمەد قاسمزادە-یش یەکێکە لەوانەی دیوێکی دیکەی ئەدەبیاتی پیشاندام چ لەو کارەی کە بەتەواویی واقیعگەرایە “مەبەستم ڕۆمانی بیرەوەریی مەحرەمانی خێزانی”یە، یان ئەم کارە نوێیەی “دوای بوومەلەرزە” کە بەتەواوی دەچێتە سەروو واقیع.

هێزی ئەدەبیات لەوەدا نییە واقیع کۆپی بکات، بەڵکو لەوەدایە واقیعێکی دیکە بخولقێنێت واقیعێک، کە پەنهانە، بەتایبەتیش لەنێو سیستمە تۆتالیتارەکاندا گرنگە نووسەر فەنتازیا بکاتە چەکی پیشاندانەوەی واقیع، کە لاموایە قاسمزادە لە “دوای بوومەلەرزە”دا کردوویەتی. لەوێدا بە ورییایەکی زۆرەوە واقیع لەڕێی فەنتازیاوە دەنووسێتەوە و ئەو دیوەی واقیع پیشان دەدات، کە ئەستەمە بە واقیعی بگێڕدرێتەوە. بەڵام ئەمیش لەو نووسەرە بڵندنشینانەیە، کە سەروتر لە کۆمەڵگە دەبینێت و دیدی نوێ بۆ نووسینەوەی واقیع لەڕێگەی فەنتازیاوە دەخاتەڕوو.
ڕۆمانی “دوای بوومەلەرزە” لە نووسینی محەمەد قاسمزادە و وەرگێڕانی هەردی سەیدە و لە زنجیرە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهەندە، کە لە دوتوێی 181 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
قاسمزادە لەم ڕۆمانەدا دەیەوێت پێمانبڵێت: هەمیشە بوومەلەرزەکان سروشتی نین، بەڵکو زۆرجار بوومەلەرزەکان ئایینین، یان کۆمەڵایەتین، یان سیاسین، هەندێکجاریش کولتوورین… ئەم ڕۆمانە دۆخی دوای بوومەلەرزە ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەخاتەڕوو، چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، کە هەریەک لە خەسرەو و مینا و پەروانە، دەبنە شایەدحاڵی جیهانێک، کە نازانن لەنێو واقیعدان یان بەر جیهانێکی گریمانەیی کەوتوون و هێزی فەنتازیا لەو سنوورەی کاڵکردووەتەوە کە لەنێوان واقیع و فەنتازیادا هەیە.
لەم ڕۆمانەدا خوێنەر بەر چەند جۆرێک بوومەلەرزە دەکەوێت، سەرەتای ڕۆمانەکە بە بوومەلەرزەیەکی سروشتی دەست پێ دەکات، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە بۆ بوومەلەرزەیەکی گەورەتر، کە بەر کۆمەڵگە دەکەوێت. کاتێک کۆمەڵگەیەک خۆی لەنێو قەفەسێکدا دەبینێتەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان تووشی شۆکێک دەبێت ئەمەش وەکو جۆرێک لە بوومەلەرزە دێتە بەرچاو. نووسەر لەم ڕۆمانەدا وێنای ئەمەی کردووە کاتێک کۆمەڵگەیەک دەکەوێتە نێو قەفەسی ئایینەوە چی لێ دێت، یان کاتێک تووشی سیاسەتێکی سەپێنراو دەبێت و دیکتاتۆرییەت حوکمی دەکات دەگاتە کوێ؟ لێرەدا نووسەر وێنای بوومەلەرزەی دەرەکی دەکات، بەڵام ئایا بوومەلەرزەی ناوەکیش هەیە؟
نووسەر لەنێو فەزای گشتی ڕۆمانەکەدا وێنایەکی ئاشکرا و ڕوونی بوومەلەرزە دەرەکییەکانی کردووە. بەڵام لەناوەوە و لە پەنهاندا دەیەوێت باس لە بوومەلەرزەی ناوەکی بکات. ئەم جۆرە بوومەلەرزەیە لەنێو ناخی تاکەکاندا ڕوو دەدات، لەنێو تاکە وشیارەکاندا بەرەو کرانەوە و ئازادی و یاخیبوون دەیانبات و لەنێو تاکە کۆیلەکانیشدا بەرەو داخرانی زیاتر و چەقبەستن و وێرانەیی پەلکێشیان دەکات. بێگومان نووسەر فەزڵی بوومەلەرزە جیاوازەکان نادات بەسەر یەکتریدا، بەڵام دەیەوێت هەموان پیشان بدات و ئەوە بۆ خوێنەر بخاتەڕوو، کە هەموو بوومەلەرزەیەک کاریگەریی هەیە، بەڵام هەموو بوومەلەرزەکان گرنگ نین و ئەوانەی گرنگن ئەو جۆرەی بوومەلەرزەیە، کە بەرەو ئازادی و یاخیبوون و کرانەوە و نوێگەریمان ببات.
ڕۆمانەکە بەدیوێکدا تژییە لە میتافۆڕ، هەر لە شکاندنی پەیکەر و دەرکەوتنی مرۆڤە کورتەباڵاکانەوە تا باڵۆنەکان هەمووی میتافۆڕە. واتە ڕۆمانەکە ناڕاستەوخۆیانە دەیەوێت لە ڕێی زمانێکی گێڕانەوەیی واقیعییەوە واقیع بنووسێتەوە. ئەمەش کردەیەکی سەرسامکەرانەیە، کە نووسەر توانیویەتی سەرکەوتوانە ئەنجامی بدات.
دەستخۆشی بۆهاوڕێم “هەردی سەیدە” کە بە وردەکارییەکی زۆرەوە وەرگێڕانی بۆ ئەم ڕۆمانە گرنگ و ناوازەیە کردووە.