رۆژنامەی ھەولێر

نوێترین چاوپێكەوتـــنی میدیایی كریستیانۆ و مێسی بڵاوكرایەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

رۆژ بە رۆژ جیهان ماڵئاوایی لە دوو ئەفسانەی تۆپی پێ دەكات كە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو لە ڕووی بردنەوەی نازناو و ریكۆردەكان ركابەرییەكی سەرسەختی یەكتر بوون، بەگوێرەی دوایین لێدوانەكانیان بێت، وادەی وازهێنانی كریستیانۆ نزیك بووەتەوە، راستەوخۆ لە دوای ئەویش نۆرەی لیۆنێل مێسی دێت بە یەكجاری نەگەڕێتەوە نێو لاكێشەی سەوزی تۆپی پێ.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوایین یاریی لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال بەرامبەر ئیرلەندا دووشی شكست هاتن، هەڵبەت كریس یەكەمین كارتی سووری لە كاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال وەرگرت، ئەمەش سێزدەیەمین كارتی سووری ئەو یاریزانە بوو، لە بەرامبەردا لیۆنێل مێسی لە دوایین یاریی دۆستانەدا لەگەڵ ئەرجەنتین بە 2 گۆڵی بێوەڵام شكستیان بە ئەنگۆلا هێنا، لەو یارییەدا مێسی گۆڵێك و ئەسیستێكی كرد.

مێسی حەز دەكات لە داهاتوو ببێتە سەرۆك
لیۆنێل مێسی، كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئەستێرەی یانەی ئینتەر مەیامی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنیا رایگەیاند هێشتا ئازاری جیابوونەوەی لە بارسێلۆنا لەبیر نەكردووە، دەشڵێت: هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات لە بارسێلۆنا بڕۆم، دامنابوو هەموو ژیانم لە ئەوروپا و یانەی بارسێلۆنا بێت.
لیۆنێل مێسی لە چەند رۆژی رابردوو بە سەردانێك گەڕاوەتەوە شاری بارسێلۆنا و لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی دا لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنیا جەختی لەوە كردەوە كە هێشتا هەستێكی ناخۆشی هەیە كە بارسێلۆنای جێهێشتووە، دەشڵێت: دڵخۆشم كە هاندەرانی بارسێلۆنا منیان لەبیر نەكردووە و خۆشەویستی نێوانمان تاهەتایە دەمێنێتەوە، تامەزرۆی گەڕانەوەم بۆ بارسێلۆنا، من و هاوسەرەكەم و منداڵەكانم لە ماڵەوە بەردەوام باسی بارسێلۆنا دەكەین.
لیۆنێل مێسی لە بەرسیڤێك دا گوتی: ئەستمە بتوانم خۆشترین یادگارییەكانم لەگەڵ بارسێلۆنا هەڵبژێرم، ساتی زێڕینی زۆرم لەگەڵ ئەو یانەیە هەبووە، بەڵام كاتێك باسی دڵخۆشی دەكەین دەبێت باسی نازناوە بە كۆمەڵەكان بكەینەوە، شەش نازناوەكەی گواردیۆلا و سێ نازناوەكەی ئێنریكی زۆر ناوازە بوون، بەڵام دڵخۆشی راستەقینە لای من، هەموو ئەو شتانە بوو كە لە بارسێلۆنا ئەزموونم كرد، هەموو یادگارییەكان چیرۆكێكی جوانی هەڵگرتووە.
مێسی لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا گوتی: پەیامم بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا و هەموو ئەوانەی تۆپی پێیان خۆشدەوێت پێیان دەڵێم زۆر بیری گەڕانەوەم بۆ بارسێلۆنا دەكەم، بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی تەواوبوونی یاریگەی كامپ نوو دەكەم، لێرە لە بارسێلۆنا خانوومان هەیە و پلانمان هەیە كە رۆژێكدا بێت بگەڕێینەوە و لێرە بژینەوە، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی هەمیشە خۆشەویستیان پێبەخشیوم و پشتگیرییان كردووم، هیچ شتێكم بۆیان نییە، جگە لەوەی پێیان دەڵێم لە دڵەوە سوپاسیان دەكەم.
لیۆنێل مێسی لە وەڵامێكی دیكەی رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنیا، هێمای بۆ ئەوە كرد زۆر بەتامەزرۆییەوە چاوەڕوانی مۆندیالی 2026 دەكەم، دەشڵێت: نامەوێت ببمە بارگرانی لەسەر هەڵبژاردەی نیشتیمانی وڵاتەكەم، بەگوێرەی دۆخی جەستەییم دەمەوێت پاڵپشتی وڵاتەكەم بكەم.
مێسی لە كۆتایی دا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە داهاتوو لە نێوان پیشەی راهێنەرایەتی و سەرۆكایەتی یانەیەك، بێگومان ئەوەی دووەمیان هەڵدەبژێرێت و حەز دەكات ببێتە سەرۆكی یانەیەك، دەشڵێت لە نێوان نازناوی مۆندیال و باڵۆن دۆر، لای ئەو مۆندیال لەسەرووی هەموو نازناوەكانە.
لیۆنێل مێسی پێشبینی ئەوە دەكات دوای دوو ساڵی دیكە واز لە یاریكردن بهێنێت و دوای پشوویەك رووبكاتە بواری كارگێری و حەزیش دەكات وەكو سەرۆك یان خاوەنی یانەیەكی وەرزشی كار بكات.
لیۆنێل مێسی لە هاوینی 2002 پەیوەندی بە ئەكادیمیای لاماسیای تایبەت بە بارسێلۆنا كرد، لەگەڵ بارسێلۆنا هەموو نازناوە بە كۆمەڵەكانی بردەوە، لە كۆی 778 یاری، 672 گۆڵ و 303 ئاسیستی كرد.

كریستیانۆ: هاوشێوەی رۆناڵدینیۆ وەڵامتان دەدەمەوە
كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، لە گفتووگۆیەكدا رایگەیاند هاتنی بۆ سعوودیە بڕیارێكی زۆر دروست بوو، دەشڵێت: رەنگە دوو ساڵی دیكە واز لە یاریكردن بهێنم.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسری سعوودیە لە لێدوانێكدا جەختی لەوە كردەوە كە خۆی بە هاوڵاتییەكی سعوودیە دەزانێت، دەشڵێت: خۆشەویستی ئەو وڵاتە لە دڵم دایە، وەكو نیشتیمانی خۆم سعوودیەم خۆشدەوێت، من تەنیا بۆ یاریكردن نەهاتوومەتە ئێرە، هاتووم بۆ ئەوەی لێرە بژیم.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە دەیەوێت هاوكاری سعوودیە بكات بۆ ئەوەی میوانداریی مۆندیالی 2034 بكات، دەشڵێت: ئامادەم بۆ هەموو پرۆژەكان پاڵپشتی وڵاتی سعوودیە بكەم، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە كاری زۆر گەورەی بۆ بەرەو پێشبردنی سعوودیە كردووە، بۆیە دەمەوێت لە هەموو پرۆژەكان پاڵپشتی بكەم.
كریستیانۆ لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا گوتی: كاتێك بڕیارم دا بێمە ئێرە، هەمووان وایانزانی من شێت بوومە، بەڵام دواتر دەركەوت من راستم، رۆژ بە رۆژ لێرە زیاتر هەست بە چێژ و خۆشی دەكەم، رەنگە دوای ساڵێك یان دوو ساڵی دیكە واز لە یاریكردن بهێنم.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەبارەی جامی جیهانی دەڵێت: خەڵکی چی دەڵێن با بیڵێن، من حەز دەکەم گۆڵ بکەم ئەمە بەشێکە لە رۆڵی من، بەڵنیاییەوە حەز دەکەم بەشداریی مۆندیالی داهاتوو بکەم، ئەگینا من لێرە نەدەبووم، هەنگاو بە هەنگاو نزیک دەبینەوە، من هاوشێوەی ستایلەکەی رۆناڵدینیۆ وەڵامتان دەدەمەوە، من نامەوێت لەبارەی قسە و قسەڵۆکەکان وەڵام بدەمەوە، چونکە ئەگەر وابکەم کەوایە من بەهایان پێدەدەم، من بەها بە قسەی ئەوانی دیکە نادەم، چونکە ئەوانی دیکە چی دەڵێن با بیڵێن گرنگ ئەوەیە من تەنیا سەرنجم لەسەر ئێستامە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هاوینی 2023 مانچێستەر یونایتدی جێهێشت و روویكردە یانەی نەسر، ئەگەرچی لەگەڵ ئەو یانە سعوودیە هیچ نازناوێكی فەرمی نەبردووەتەوە، بەڵام لە كۆی 116 یاری، 103 گۆڵ و 21 ئاسیستی كردووە و گرێبەستەكەشی لە هاوینی 2027 لەگەڵ یانە سعوودیەكە كۆتایی دێت.