رۆژنامەی ھەولێر

رۆژ كــــەریم بەرهەمێكی نوێی بەشێوەی ژیری دەستكرد بڵاوكردەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەند رۆژ كەریم، نوێترین بەرهەمی خۆی بەشێوەی ژیری دەستكرد بڵاوكردەوە كە وەكوو خۆی ئاماژەی پێدەدات، شێوازێكی نوێیە لە كاری هونەریدا.

(بڕوا بكە)، ناوی بەرهەمە نوێیەكەی هونەرمەندی بە ئەزموونی گۆرانیبێژ (رۆژ كەریم)ـە، كە لە هۆنراوەی مامۆستا (جەبار حەبیب)ـەو ئاواز و موزیكی هونەرمەند خۆیەتی، ئامادە و دابەشكردنی موزیك هونەرمەندی بە ئەزموون (سەرباز جەمال) كردوویەتی، بۆ یەكەمجاریش كلیپەكە بەشێوەی ژیری دەستكرد لەلایەن دەوەن ستار كراوە.
لەمبارەیەوە هونەرمەند (ڕۆژ كەریم) بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ئەم كلیپە ستایڵێكی نوێیە و بە شێوازێكی نوێی كاركردنی دەزانێت، ماوەیەكی زۆریشە خەریكی ئەم كلیپەن، چوونكە پێشتریش چەند هەوڵێكی كەمی هونەرمەندان هەبووە بۆ ئەوەی بە ژیری دەستكرد گۆرانی كلیپ بكەن، بەڵام ماوەی كلیپەكە كەم بووە، بۆیە ئەگەر كلیپێك هەمووی بە ژیری دەستكرد كرابێت بەم شێوازە نەبووە.
دەربارەی كلیپكردن بە ژیری دەستكرد و كار ئاسانی بۆ هونەرمەندان، رۆژ كەریم دەڵێت، “كلیپكردن بەم شێوازە زۆرتری تێدەچێت، چوونكە شێوازێكی نوێیە، جگە لەوەش وڵاتی سوید بۆ كلیپكردنی گۆرانی، ئەركی زۆرە، هەر لە دووریی شوێنەكان و دابینكردنی وێنەگر و وردەكارییەكان” .