بەهادین جەلال مستەفا
بە درێژایی مێژوو، چەندین نووسەر لە سەرانسەری جیهاندا ژیانێکی سەرنجڕاکێشیان هەبووە. ژیانێک کە جۆرێک لە دۆزینەوە و سەرکێشیی پێبەخشیون، زۆر جار، هەندێکیان ژیانێکی ناجێگیریان هەبووە، پەیوەندیی سۆزداریی ناسەقامگیریان هەبووە، بەشێكیان ئالوودەی خواردنەوە کحولییەکان و ماددە هۆشبەرەکان بوونە، تەنانەت هەندێکیان کێشەی دەروونییان هەبووە. بۆ چێژی خوێندنەوە ئەمە کورتەیەکە لە ژیانی سەیر و سەمەرەی هەندێک لە نووسەرە ناودارەكانی جیهان.
ولیەم شکسپیر (1564 – 1616)
کاراکتەری ولیەم شکسپیر بە یەکێک لە کاراکتەرە ئەدەبییە هەرە مشتومڕاوییەکان دادەنرێت، هیچ بەڵگەیەکی جێگیر لەبارەی ڕێکەوتی لەدایکبوون یان مردنی نییە، هەروەها هیچ بەڵگەیەک نییە کە هۆکاری مردنی لە تەمەنی ژێر پەنجا ساڵاندا ڕوون بکاتەوە، بەڵام توێژەران کۆکن لەسەر ئەوەی کە لە هەمان ڕۆژی مانگی نیساندا لەدایک بووە و مردووە دوای ئەوەی ژیانێکی پڕ لە ڕووداو و بەرهەمی شانۆیی و شیعری بەسەر بردووە. لە تەمەنی هەژدە ساڵادا هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک کردووە کە هەشت ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە، ئەویش (ئانا هاساوای) بووە، کە تەنیا شەش مانگ دوای ڕاگەیاندنی هاوسەرگیرییەکەیان کچی یەکەمی لێی بووە!
شکسپیر کوڕی دایک و باوکێک بووە کە لە سەردەمی ئێلیزابێتیدا ژیاون، بۆیە سەیر نییە کە وەک زۆربەی خەڵک نەخوێندەوار بووبن، بەڵام ئەوەی کە هەردوو کچی شکسپیر، سوزانا و جودیس، تا کاتی مردنیان نەخوێندەوار ماونەتەوە، شتێکە ناتوانرێت باس بكرێت. شکسپیر نەچووەتە زانکۆ و خوێندنی فەرمی تەواونەكردووە، ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە توێژەران گومان لە ناسنامەکەی بکەن و بە ساختەچییەکی سادەی بزانن! چۆن گەنجێک کە ناوچەی ستراتفۆردی جێهێشتووە و لە زانکۆ نەیخوێندووە، بتوانێت 154 سۆنێت و 37 شانۆنامە بنووسێت، کە ئەو زانیارییە فراوانەی لەسەر پرسە گشتییەکان و مێژووی ئەوروپا و نهێنییەکان دەربارەی شاهانەییەکان نووسیوە، بێگومان ناوی ولیەم شکسپیر تەنها پەردەیەک بووە کە نووسەرێک لە پشتییەوە نووسیویەتی و پێی باش بووە ناسنامە ڕاستەقینەکەی بشارێتەوە، ڕەنگە ئەم نووسەرە ئێدوارد دی ڤێر یان فرانسیس بێکۆن یان کریستۆفەر مارلۆ یان ماری سیدنی هێربەرت بووبێت. هەرچەندە زۆرێک لە توێژەران ئەم تیۆرییەیان ڕەت کردووەتەوە، بەڵام هەندێکیان هێشتا دڵنیان کە شکسپیر لەگەڵ هەندێک نووسەری شانۆیی هاوکاری کردووە لە نووسیندا و هەندێک جار بابەتەکانی بەناوبانگترین شانۆنامەکانی لە نووسەرانی دیكەوە وەرگرتووە.
ئێرنست هێمینگوای (1899 – 1961)
هێمینگوای خۆی بە یەکێک لە کوڕانی “نەوەی ونبوو” دەزانێت، ئەو نەوەیەی کە لە سایەی جەنگی یەكەمی جیهانی گەورە بوو، لەم جەنگەدا شوفێری ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بوو، بۆ ماوەیەک وەک زۆربانبازی گا کاری کردووە و، بۆ ماوەیەکی زۆریش وەک ئەمریکییەکی دەرەوەی وڵات لە پاریس ژیاوە، لەم ماوەیەدا ئالوودەی خواردنەوە کحولییەکان بووە. هێمینگوای چوار جار هاوسەرگیری کردووە، دوو جار لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا لە دوو ڕووداودا لە مردن ڕزگاری بووە، کە تێیاندا هەردوو فڕۆکەکە تێک شکاون کە لە کاتی گەشتێکی سافاریدا لە ئەفریقا هەڵیگرتبوون.
هێمینگوای زۆربەی ژیانی لەژێر چاودێریی دەسەڵاتدارانی ئەمنیی ئەمریکادا بوو، بەهۆی مەیلی شۆڕشگێڕیی چەپی لەو کاتەدا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو سەرکردەی شۆڕشی کوبا فیدێل کاسترۆ و چێ گیڤارا هەبووە، کە لەو کاتەدا لە دژوارترین دوژمنەکانی ئەمریکا بوون. تەنانەت لەم دواییانەدا هەندێک بەڵگەنامەی نهێنی دەرکەوتوون، کە حاڵەتی نەخۆشی هێمینگوای لە قۆناغەکانی کۆتایی ژیانیدا ڕوون دەکەنەوە!. لە کۆتاییدا بە خۆکوشتن کۆتایی بە ژیانی هات، دوای ئەوەی لە ماڵەکەی خۆیدا بە دەمانچەی دڵخوازی خۆی تەقەی لە خۆی کرد، زۆرێک لە توێژەران پێیان وایە، هێمینگوای تووشی هەندێک نەخۆشیی بۆماوەیی بووبوو، کە دواجار بووە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و جەستەیی.
سیلڤیا پلاس (1932 – 1963)
ئەگەر نووسینەكانی سیلڤیا پلاس بخوێنینەوە، بێگومان بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە لە زۆرێک لەو نووسینانەیدا، ڕەشبینی و هەستكردن بە ساتەكانی مردن و فەوتانی ئەو نووسەرەمان بۆ دەردەكەوێت، ڕەنگە ئەمەش پەیوەندیی بە ژیانی منداڵییەوە هەبێت، کە لە ویلایەتی ماساچووسێتس لە ئەمریکا بەسەری بردووە، کاتێک باوکی کۆچی دوایی کرد و تەمەنی لە هەشت ساڵ تێنەپەڕیبوو، ژیانی سیلڤیا پلاس مەترسیدار بوو، کاتێک چەندین جار هەوڵی خۆکوشتنی دا، لەوانەش ئەوكاتەی تەمەنی سێ ساڵان بووە، بڕێکی زۆر حەبی خەولێكەوتنی خوارد كە مەترسی هەبوو بۆ ژیانی، هەرچەندە لەو هەوڵە شکستخواردووە ڕزگاری بوو، بەڵام لە کۆتاییدا لە ماڵەکەی خۆیدا بە گازی بۆتاژ خنکا کە لە ماڵەکەی خۆیدا دزەی پێکردبوو.
شایانی باسە سیلڤیا پلاس لە تەمەنی هەشت ساڵانەوە دەستی بە نووسین کردووە و تا کاتی چوونە زانکۆ زیاتر لە پەنجا چیرۆکی کورتی نووسیبوو، پێش خۆکوشتنەکەشی، دوایین شیعری بە ناوی “لێوار” نووسیبوو، ڕۆمانە تاکەکەسییەکەی “زەنگی شووشەیی” زیاتر گوزارشتی لە ژیانی دەكرد.
مارک تواین (1835 – 1910)
مارک توێن ئەدیبێکی دانسقەی ئەمریکییە، خاوەنی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی “سەرکێشییەکانی تۆم سۆیەر” و، خاوەنی “هەکڵبەری فین”ـە. بەڵام سەیر ئەوەیە، کە مارک توێن یەکێک بووە لە زێڕ هەڵكەنە بوو جگە لەمەش کاپتنی دەریایی و ڕۆژنامەنووسێکی پیشەگەر و وتاربێژێکی بەناوبانگ بووە. هەروەها جەنگاوەرێکی باڵا بووە نەک تەنیا بە بەشداریکردنی لە شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا، بەڵکو بە پێکهێنانی و سەرکردایەتی کردنی میلیشیایەکی چەکداری سەربەخۆ لە کاتی ئەم شەڕە گەورەیەدا.
مارک توێن چاودێر و دڵخۆش بووە بە زانستە سروشتییەکان تا ئەو ڕادەیەی کە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ گەشاوەترین زانایانی سەردەمدا دروست کردووە، وەک هاوڕێیەتییە بەهێزەکەی لەگەڵ زانای بەناوبانگی فیزیا نیکۆلا تێسلا، هاوكات سەردانەکانی بۆ لای داهێنەری بەناوبانگ تۆماس ئێدیسۆن.
سەیرترین شتەکانی ژیانی مارک توێن ئەوە بووە، كە پێشبینی ڕۆژی مردنی خۆی دەكرد، لە یەکێک لە نووسینەکانی، کاتێک دەڵێت کە لە ڕۆژی دوای تێپەڕبوونی کلکداری بەناوبانگی هالی دەبێت، کە یەک جار لە هەر 76 ساڵێکدا بەلای هەسارەی زەویدا تێدەپەڕێت، بەڕاستی، مارک توێن لە شەوی دوای تێپەڕبوونی کلکداری هالی بە دەوری زەویدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد!
ئۆسکار وایڵد (1854 – 1900)
هەروەها ژیانی ئۆسکار وایڵد بەدەر نەبووە لە سەیروسەمەرەیی و دەرچوون لە نەریتە باوەکان، کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا باو بوو، ئەو سەردەمەی گرنگترین بەرهەمە شانۆیی و ڕۆمان و وتارە ڕۆژنامەوانییەکانی نووسی.
وایڵد چاك پەروەردە كرابوو، لە ناو کەشێکی خێزانی کەلتووری و کۆمەڵایەتیدا ژیاوە، کاتێک دایکی شیعری دەنووسی و دایەنەکەی بە فەرەنسی و ئەڵمانی قسەی دەکرد، بۆیە کاتێک چووە زانکۆ، گەنجێکی ڕۆشنبیر و متمانەبەخۆ بوو، کە لە کۆت و بەندی سەردەمی ڤیکتۆرییەوە ڕزگاری ببوو کە تێیدا دەژیا. وایڵد قژێكی درێژ و شل و ئاڵۆزی هەبوو؛ زۆربەی کات ژوورەکەی بە پەڕی تاوس و زەنبەق و گوڵەبەڕۆژە و گوڵە شینە چینییەکان و پارچە هونەرییەکان دەڕازاندەوە، حەزی دەکرد تەمەڵ و بێکار دەربکەوێت و جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی لەبەردەکرد و گفتوگۆی گەرمی لەگەڵ هاوڕێیانی دەكرد، هەرچەندە لە ڕاستیدا بە جیددی و بە پەرۆشەوە کاری دەکرد، چونکە بووبوو بە باوک و سەرنووسەر و نووسەرێکی بەرهەمدار و تەمەنی لە سی ساڵ تێنەپەڕیبوو. حەزی لە هەموو شتێکی سەیر و تایبەت بوو، بڕیاری دا بچێتە پاڵ کۆمەڵەی ماسۆنی لە ئۆکسفۆرد و پلەی بەرز کرایەوە بۆ ماسۆنییەکی شارەزا!
بەوەندە تێکستە نەوەستا كە لە زانكۆ بڵاوی كردبوونەوە، بەڵکو کاری لەسەر پەرەپێدانی خۆی و دروستکردنی ئەفسانە وەک نووسەرێک دەکرد،! وایڵد قوتابییەکی نایاب بوو کە مامۆستاکانی ناچار کرد دانی پێدابنێن، کاتێک بە پلەی یەکەمی شەرەفەوە دەرچوو، بە گاڵتەجاڕییەوە بۆ هاوڕێکەی نووسی: “گەورەکان سەریان لێ شێوا و نەیتوانی قسە بکەن؛ کوڕە خراپەکە لە کۆتاییدا ئیشێکی باشی کرد”.
هاوسەرگیری لەگەڵ کۆنستانس لۆید، کچی لۆید هۆراس، یەکێک لە ڕاوێژکارە دەوڵەمەندەکانی شاژن کرد و دوو منداڵی لێی بوو، یەکێکیان لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا لەلایەن قەنناس بەدەستێکی ئەڵمانییەوە کوژرا، ژیانی هاوسەرگیریی بەرەو هەڵوەشانەوە چوو، کاتێک پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ هاوڕەگەزبازەکانی كرد، ئەمەش سێ جار خستییە دادگاوە، لە دوو دادگایی یەکەمدا ئازاد کرا، بەڵام لە سێیەم جاردا بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی کرا دوای ئەوەی سامانەکەی لە دادگاییەکاندا لەدەستدا و ژنەکەی لێی جیابووەوە و، تەنانەت لە بینینی منداڵەکانیشی بێبەش کرد. لە زیندان بە شکستخواردوویی و شکاو و نەخۆش و بێ پارە دەرچوو. دوای دەرچوونی ڕەتیکردەوە بنووسێت و وتی: “دەتوانم بنووسم بەڵام شادییەکەم لەدەستداوە”. سێ ساڵ لە تاراوگە ژیا تا تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوو و لە تەمەنی ژێر ٤٦ ساڵاندا کۆچی دوایی کرد.
سکۆت فیتزجێراڵد (1896 – 1940)
سکۆت فیتزجێراڵد لەگەڵ هاوسەرەکەی، زێڵدا فیتزجێراڵد، ژیانێکی شاهانەی بەسەر برد دوای ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکدا ناوبانگی دەركرد، سکۆت ئالودەی خواردنەوەی کحولی بوو، بەڵام سەبارەت بە نووسین، وریا و هاوسەنگ بوو. پەیوەندییەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی، زێڵدا، زۆر تێکچوو لە ئاكامدا خرایە نەخۆشخانەیەکی دەروونی. سکۆت ناوبانگی پیاوێکی فرە ژنانی هەبوو، ئەمەش وای لێکرد کە نەتوانێت ژیانێکی خێزانی جێگیر بۆ کچەکەی لە زێڵدا دابین بکات، کە لەلایەن خێزانێکەوە هەڵگیرابوو.
دوای ئەوە، فیتزجێراڵد گواسترایەوە بۆ هۆڵیوود، لەوێ پەیوەندییەکی نوێی لەگەڵ یەکێک لە ڕەخنەگرە سینەماییە بەناوبانگەکانی ڕۆژنامەکاندا دروست کرد، سەرەڕای سەرکێشییە ژنانەییە توندەکانی، لەم ماوەیەدا ئەستێرەی سکۆت بەرەو ئاوابوون چوو، لە ساڵی 1940دا لەناکاو بە جەڵتەی دڵ لە ماڵی یەکێک لە هاوڕێکانی کۆچی دوایی کرد.
ئێدگار ئالان پۆ (1809 – 1949)
ئێدگار ئالان پۆ، خاوەنی شیعری “قەلەڕەش” بەناوبانگترین شیعری ترسناک لە ئەدەبی ئەمریکیدا، ژیانی نووسەرێکی تێکۆشەر بووە و زۆرێک لە ناخۆشییە داراییەکانی چەشتووە. مردنەکەشی کەمتر نهێنی و ورووژێنەر نەبووە لە کەش و هەوای چیرۆک و شیعرەکانی، دەوترێت ئالودەبوون بە کحول کوشتوویەتی.
دەوترێت هەندێک دز ڕێگەی لێ گرتووە و کوشتوویانە، لە کاتێکدا هەندێکی دیكە جەخت دەکەنەوە کە تووشی نەخۆشی دڕکەپەتک بووە.
زۆرێک لە نووسەران ژیانێکی سەیرتر لە خەیاڵیان هەبووە، ژیانێکی نموونەیی و ئارام بووە لە هەندێکیان و، ژیانێکی کارەساتبار و پڕ لە ژاوەژاو بۆ هەندێکی دیكە، پێدەچێت ژیانی نووسەران و داهێنەران وەک یەک و هاوشێوە نەبێت و، پێویست نییە ئەو جیهانە سیحراوی و جوانەی کە هەندێک ڕۆماننووس دروستی دەکەن ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیان بێت، بۆیە دەبینین لە نێو هەموو ئەمانەدا، هەندێکیان توانیویانە ناوی خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژووی ئەدەبدا تۆمار بکەن.

