ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
لە ڕێورەسمێكدا كاری خێرخوازی ڕێگاكانی بنیادنانی نەتەوە ڕووناك دەكاتەوە”، نووسینی ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە سەرۆكایەتیی دەزگا ناساندنی بۆ كرا؛ نووسەر لەم بەرهەمەیدا لە ئەزموونی خۆی لە ماوەی نۆزدە ساڵ كاری مرۆیی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كەڵكی وەرگرتووە و بە شێوەیەكی بابەتیانەش پێناسەی كاری خێرخوازیی كردووە. هەروەها تیشكی خستووەتە سەر بەشێك لە پەیام و وتە بەنرخەكانی بارزانی نەمر و شیكاریی وردبینانەی بۆ ڕوانگەی جیهانی بەرانبەر بە كاری خێرخوازی كردووە.
بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەك لە كەسایەتیی ئایینی و چالاكانی مەدەنی و نووسەران و خێرخوازان، لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر، ڕێوڕەسمی ناساندنی كتێبی “كاری خێرخوازی ڕێگاكانی بنیادنانی نەتەوە ڕووناك دەكاتەوە”، لە نووسین و ئامادەكردنی ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەكە بە ساتێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێكرد و، دواتر ئیسماعیل عەبدولعەزیز، لە ناساندنی پەرتووكەكەیدا، سەرەتا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد و دواتر ئاماژەی بە ڕەهەندەكانی كاری خێرخوازی و نۆزدە ساڵ ئەزموونی كاركردنی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد. سەبارەت بە چۆنیەتی یەكەم بەرهەمی نووسراویشی وەك پەرتووك گوتی: “بڵاوكردنەوەی ئەم پەرتووكە بۆ ڕێزگرتنە لە گەشتێك كە پڕ بووە لە خزمەت و میهرەبانی و باوەڕی پتەو و گێڕانەوەی ئەم گەشتە مرۆییەمان دەخاتە ڕوو. هەموو خزمەتەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرچاوەی لە وتەیەكی بارزانی نەمر وەرگرتووە، كە فەرموویەتی: “شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت”.
ئەوەشی خستە ڕوو كە جەنابی سەرۆك بارزانی لە كاتی دیدارێكی لەگەڵ كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی فەرموویەتی: “ئێوە پردی ستراتیژیی نێوان مێژووی ڕێبازی بارزانی نەمر و میللەتن”، هەر لەو بارەیەوە گوتی: “ئەم وتەیە بەرپرسیاریەتییەكی گەورە بوو لەسەر شانی هەر یەك لە ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمەش پاڵنەری نووسینی ئەم پەرتووكە بوو”.
وەك باسی كرد ئەو پەرتووكە لە دوو بەشی سەرەكی پێك هاتووە، بەشی یەكەمیان پێناسەی كاری خێرخوازی دەخاتە ڕوو و، باس لە فەلسەفەی كاری خێرخوازی دەكات؛ بەشی دووەمیش شیكردنەوەی كاری خێرخوازییە لە نێوان هەڵوێستی شارستانی و مرۆڤایەتی.
قەبارەی پەرتووكەكەش ١٠٥ لاپەڕەی مامناوەندە.
دواتر موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، دەستخۆشیی لە ئیسماعیل عەبدولعەزیز كرد بە بۆنەی ئەو بەرهەمە بەنرخ و جوانەی و هاوكات گوتی: “خوای گەورە ئێمەی خۆش دەوێت، كە ئەم كارە جوانەی بە نەسیبی ئێمە كردووە كە كاری خێرخوازییە. كۆمەڵگە و مرۆڤی ئێمە دەوڵەمەندە بە كاری مرۆیی و بە بێ دوودڵی و بە جورئەتەوە دەڵێم: هەموو ئەو ماوەیە كە ئێمە لە بواری مرۆیی كارمان كردووە و ئەزموونمان وەرگرتووە، هیچ میللەتێك بە قەد خەڵكی كوردستان دەستكراوە، دڵكراوە، بەخشەر و میوانپەروەر نییە بۆ مرۆڤایەتی و ئەمەش قسەی هەموو ئەو گەڕیدە و كەسایەتی و سیاسی و نووسەرانەیە كە بە هەر هۆكارێكەوە بێت هاتوونەتە كوردستان و، كۆمەڵگەی كوردییان بینیوە، كاتێكیش دەڕۆنەوە زۆر بە بەرزی باسی ئەو ئاكار و هەڵوێستانەی خەڵكی كوردستانیان كردووە و دەیکەن”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوەش كردەوە كە “بە شانازییەوە ئەركێكی گەورەمان پێ سپێردراوە، كە ئەویش كاری خێرخوازییە و شانازی دەكەین كە كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر لە ئەركی خۆیان چوونەتە ناو ڕۆحی فەلسەفەی بەخشین و كاری مرۆیی، كە زۆر جار لە بۆنە و جەژنەكان و زۆر شەو و ڕۆژشیان بە هۆی كار و چالاكی دوور لە خێزانەكانیان بەسەر بردووە”. لە كۆتایی وتەكانیشیدا جارێكی دی پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە نووسەری پەرتووكی “كاری خێرخوازی ڕێگاكانی بنیادنانی نەتەوە ڕووناك دەكاتەوە”.
لە بەشی كۆتایی ڕێوڕەسمەكە سابیر ڕەشید نووسەر و چیرۆكنووسی كورد، خوێندنەوەیەكی بۆ ئەو پەرتووكە كرد و ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو بەرهەمە لە كتێبخانەی كوردیدا جێی خۆی دەكاتەوە و، هەندێك تێبینی و پێشنیاریشی خستە ڕوو بۆ ئەوەی لە چاپی دووم جاریدا ڕەچاو بكرێن

