پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، پیاوێکیان دەستگیر کردووە کە شەوی ڕابردوو بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە هاوسەرەکەی خۆی لە گەڕەکی کارێزە وشک کوشتووە. پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکە دەستبەجێ دەستگیر کراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، شەوی ڕابردوو هێزەکانیان ئاگادارکراونەتەوە لە ڕووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی کارێزە وشکی شاری سلێمانی. دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لەلایەن تیمەکانی بەڵگەی تاوانەوە پشکنین بۆ شوێنی تاوانەکە کراوە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، تۆمەتبارەکە لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنەوە دەستگیر کراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ژنەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و هۆکاری ڕووداوەکەش بۆ کێشەی خێزانی دەگەڕێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەئێستادا تۆمەتبار (س. ف. ح)، لەدایکبووی ساڵی 1996، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406ـی یاسای سزادان ڕاگیراوە و لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کوشتنەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.

