رۆژنامەی ھەولێر

پێپ گواردیۆلا لەسەر قسەكانی فۆدین و مامەڵەی هالاند چی گوت؟

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

پێپ گواردیۆلا لەسەر قسەكانی فۆدین و مامەڵەی هالاند چی گوت؟
فۆدین یەكێكە لە دیارترین یاریزانانی یانەی مانچستەر سیتی، كە لەم وەرزەوە كارێكی ناوازەی كردووە و لە 7 یاریدا، دوو گۆڵی كردووە و دوو گۆڵی دروست كردووە، سەرەڕای ئەوەی ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لیستی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە سەرۆكایەتیی تۆماس تۆخێل.
گواردیۆلای راهێنەر، ئەو یاریزانەی پێ هەرە باشترینەكانە، لە كاتێكدا وەرزی ڕابردوو لە 49 یاریدا، 13 گۆڵی كرد و 7 گۆڵی دروست كرد، لە كاتێكدا وەرزی پێشتر 27 گۆڵی كردبوو، 13 گۆڵیشی دروست كردبوو لە 53 یاریدا.
فۆدین لە مانگی 5ی ڕابردوو باسی لەوە كرد: لێرە چەندان دۆخی ناهەمواری دەروونی لە دەرەوەی یاریگەی تووشم بوو، هەندێ جار هەندێ شت هەن لە تۆپی پێ گرنگترە.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی، لەبارەی چەند پرسێكەوە بۆ تۆڕی ئێسپن دوا و وتی: هێزی داننان بەوەدا، كارێكی باشە. كەسایەتییەكی باشی هەیە و دەتوانێ خۆی بۆ كۆمەڵگە هەمووی بكاتەوە، لاوان و تازەپێگەیشتووان و تەنانەت گەورانیش، لەو دۆخانەدا كێشەیان هەیە.
لەبارەی ئاستە باشەكەیشیەوە، وتی: دەیبینم كە لە مەشق و راهێنانەكانیشدا دڵخۆشە، پێكەنین و دەنگی لە ژووری جلگۆڕین، ئەوە ئەوەیە كە ئێمە دەمانەوێ، ئەوەی ماوە هاوكاریی دەكەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە یاری بكا، ئەوەی گرنگە تەندروستیی باش بێت.
دەشڵێ: تۆپی پێ، دۆڕان و بردنەوە و یەكسانبوونە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە یاریزان تەندروستیی باش بێ، لەگەڵ ماڵبات و خۆشیدا، ئەوەش بكا كە پێی خۆشە. ئەوەمان لێی دەوێ، دڵخۆشم بە باشبوونی ئاستی، هەنگاو بە هەنگاو.
ئەم وەرزە فۆدین بە بەرپرسیاریەتییەكی گەورەترەوە دەردەكەوێ دوای رۆیشتنی كیڤن دی برۆین لە هاویندا. هەروەها پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئیرلینگ هالانددا هەیە، كە كلیلێكی باشی سەركەوتنی مان سیتییە.
هەرچەندە باس لەوە دەكرێ ك بەرشلۆنە و سەرۆكەكەی دەیانەوێ ئیرلینگ هالاند ببەنە ریزەكانیەوە، لە كاتێكدا گرێبەستەكەی تا 9 ساڵی دیكەیە. لەو رووەوە پێپ گواردیۆلا وتی: ئایا یانەیەك هەیە خەونی هالاندی نەبێ؟ من تێدەگەم بەرسلۆنە خەونی پێوە دەبینێ، هەموو یانەكانیش هەروەها.
دەشڵێ: نازانم لە داهاتوودا چی روو دەدا، بەڵام گرێبەستی ماوەدرێژی لەگەڵ ئێمەدا هەیە، ئەوەش سەردەكێشێ بۆ ئاستی باش و تۆماركردنی گۆڵی زیاتر، پێم وایە تیپەكە یارمەتیی زۆری دەدا و هەلی گۆڵكردنی زۆری پێ دەدا.
دەشڵێ: هالاند گێژ نییە گرێبەستێك واژۆ بكا و پێوەی پابەند نەبێ، ئەمە دڵنیاییە، بەڵام لە تۆپی پێدا، كەس نازانێ لە داهاتوودا چی روو دەدا.

ئەراوخۆ 4 یانەی لەپێناو چاوەكانی بەرشلۆنە ڕەت كردەوە
یاریزان و بەرگریكاری ئۆروگوایی یانەی بەرشلۆنە ڕۆناڵد ئەراوخۆ، چوار یانەی گەورەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینە لە پێناو مانەوەی لە بەرشلۆنە رەت كردەوە و دووپاتی كردەوە كە خواستی مانەوەیە لە بەرشلۆنە و بردنەوەی ناسناوەكانە لەگەڵ ئەو یانەیەدا.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، مانگی تەموزی ڕابردوو، بڵاوی كردەوە، كە مەرجزاسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی بۆ 60 ملیۆن یۆرۆ دابەزێندراوە، ئەوەش وای كردووە ببێتە ئەگەری ئامانجی چەندان یانە و یەكسەر هەوڵەكانیان بۆ ئەو مەبەستە دەست پێ كرد.
یەكەم یانە یوڤێنتوس گرێبەستی پێشكەش كرد، دواتریش لیڤەرپوول گرنگییەكی جدیی پێ دا، لە ئەگەری رۆیشتنی ئیبراهیما كۆناتی، هەروەها هەریەك لە یانەكانی تۆتنهام و چێڵسییش هاتنە سەر هێڵ، بەڵام یاریزانەكە وەڵامی یەكلاكەرەوەی لە ڕێی بریكارەكانیەوە پێ دان و وتی: نامەوێ لە بەرشلۆنە بڕۆم، دەمەوێ لێرە سەركەوتن بەدەست بهێنم وقەرەبووی شكستەكانی وەرزەكانی ڕابردووی چامپیۆنس لیگ بكەمەوە.
گرێبەستی نوێی ئەراوخۆ لەگەڵ بەرشلۆنە تا ساڵی 2031ـە و سوورە لەسەر ڕێزگرتن لە واژۆكەی، متمانەی بەوەش هەیە كە لە ریزی یانەكەدا وەكوو ئەفسانەیەكی لێ بێت.
ئەراوخۆ نموونەی پابەندی و وردییە، هەروەها پەیوەندیی بە هەڵبژاردەی وڵاتەكەیەوە نەكرد لە ماوەی وەستانی نێودەوڵەتی و مانەوەی بەرشلۆنە و بەردەوامیی كاركردنی لەگەڵ هانز فلیك پێ باشتر بوو، لە كاتێكدا ئۆروگوای دوو یاریی دۆستانەی لەگەڵ دۆمینیكان و ئۆزبەكستان لە مالیزیا هەیە.
هەروەها لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەكە، ڕۆڵی سەركردەی هەیە.
ئەراوخۆ دەزانێ ئەم وەرزە گرنگییەكی تایبەتی بۆی هیەە، نەك تەنیا بۆ ئەوەی جێی خۆی لە بەرشلۆنە بكاتەوە، بەڵكوو بۆ پتەوكردنی جێی خۆیەتی لەگەل هەڵبژاردەی وڵاتەكەی پێش دەستپێكی مۆندیال.
ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵەی بەرشلۆنە، پێی وایە باشترین شوێن و یانە بۆ ئەوەی تێیدا واز لە یاریكردن بهێنێ، یانەی بەرشلۆنەیە.
هەرچەندە ئەراوخۆ زۆر بە وردی لەو گرێبەستانەی كۆڵییەوە كە لە ماوەی گواستنەوەی ڕابردووی زستانەدا بۆی چوون، بەڵام دواجار مانەوەی لە بەرشلۆنە پێ باشتر بوو.
بەرشلۆنە چاوەڕوانی هیچ شتێكی چاوەڕێنەكراو لە ماوەی گواستنەوەی داهاتووی زستانە لەبارەی ئەو یاریزانەوە ناكا، بەڵكوو ئەراوخۆ نیاز و نیەتی بە ڕوونی ڕاگەیاندووە كە تا كۆتایی ماوەی گرێبەستەكەی لە یانەكە دەمێنێتەوە.
لەگەڵ مانەوەی لە یانەی بەرشلۆنە، ئەو بەرگریكارە ئۆروگواییە، چاوی لەسەر ئەوەیە لەگەڵ یانەكەی، ببێتە پاڵەوانی ناسناوی جامی چامپیۆنس لیگ (جامە دووگوێیەكە) و دەیەوێ هەرچۆنێك بێ و بە هەر نرخێك بێ، رۆژێك لە رۆژان، ئەو ناسناوە بباتەوە و لەگەڵ كاپتنی یانەكە مارك ئەندریە تیر شتیگن، پێكەوە بەرزی بكەنەوە.