رۆژنامەی ھەولێر

شاندێكی باڵای نێودەوڵەتی، لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازیان لێكرا و هەوڵ و هەماهەنگی و كارەكانیانی لەگەڵ ” دەزگای خێرخوازی بارزانی” بەرز نرخاند

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.10.1، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی، پێشوازیی كرد لە شاندێكی باڵای نێودەوڵەتی، كە پێكهاتبوون لە سردار يوكسل، ئەندامى پەرلەمانى ئەڵمانیای فیدراڵ، کلاوس ئینگل، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆمپانیای وزەی Evonik، هێندریک گروث، بەرپرسی دامەزراوەی راگەیاندنی Schwäbische Medien و بەرپرسی ڕێکخراوی Helfen bringt Freude و شێرزاد توماس، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی Caritas – Essen لە عێراق، و دینز کارتال، وێنەگر و ڕۆژنامەنووس.

لە دیدارەكەدا، شاندی میوان ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان خستەڕوو و كورتەیەكیان لە بارەی كار و چالاكییەكانیان پێشكەش كرد، هەروەها ئاماژەیان بەو ئەو كار و پڕۆژانەدا كە لە هەولێری پایتەخت ئەنجامدراون و سەرسامی خۆیان بەو پێشكەوتن و ئارامی و ئاسایشەی لەو شارەدا بەرقەرارە نیشاندا و دەستخۆشی و پێزانینی خۆیان بە پارێزگاری هەولێر گەیاند، لە بەرامبەر هاوكاری و كار ئاسانییەكانی پارێزگا بۆ خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران و هەروەها دروستكردنی هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ ڕێكخراوەكانی مەدەنی و كاری هاوبەشی مرۆیی.

لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەخێرهێنان، ئومێدی خواست ئەو ماوەیەی لە هەولێری پایتەخت دەمێنەوە كاتێكی خۆش بەسەرببەن، پاشان تیشكی خستەسەر ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران بەشێوەیەکى گشتى و پێشکەشکردنی هاوکاری و یارمەتی و خزمەتکردنیان و دابینکردنی پێداویستی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان، هەوڵ و هەماهەنگی و كارەكانی شاندی میوانیشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی، كە بۆتە پردێكی گرنگی نێوان كەسایەتییە جیهانیی و مرۆیی و خێرخوازییەكان و كەسانی نیازمەند لە خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران و كاری مرۆیی بەرز نرخاند.

گوتیشی: ” هەولێر ی پایتەخت بۆتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران و زیاتر لە ( 340 هەزار ) پەنابەر و ئاوارە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن، بێگومان بەهۆی ئەو دۆخە قەیراناوییەی ئێستا و ئەو زوڵمەی بەغدا لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەیكات بە پێنەدانی بودجە و شایستە دراییەكان، ئەرکی ئێمەی لە خزمەتكردنیان قورستر کردووە، بۆیە پێویستە وڵاتان و ئاژانس و ڕێكخراوەکانی جیهان هاوکار بن، بۆ ئەوەی کوالێتیی ژیانی پەنابەران و ئاوارەکان باشتر بکرێن”.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بە گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و لێکەوتەکانى كرد و ئاشكرای كرد سەرباری هەموو ئەو كۆسپ و تەگەر و لەمپەرانەی هەن، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ بەرگرتن لە لێكەوتەكانی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامداوە، لەوانە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر، كە قۆناغی یەكەمی بەكۆتاهاتووە و پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و ئێستاش كاردەكرێت بۆ دەستكردن بە پڕۆژەی ئاوی قەزایی خەبات، هەروەها دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی و پڕۆژەی ڕووناكی بە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری كە هەموو ئەوانەش بەیەكەوە كاریگەری زۆریان هەبووە لە سەر بەرگرتن لە لێكەوتەكانی گۆڕانكاری كەش و هەوا و پاكڕاگرتنی ژینگەی شارەكەمان.

ڕاشیگەیاند، ئەگەر بەردەوامی ئەو زوڵمەی بەغدا نەبوایە لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان لە بڕینی بودجە و شایستەداراییەكان و مووچەی فەرمانبەرانی، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان بە گشتیی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی لە ئێستادا گەشەسەندوتر و پێشكەوتووتر دەبوو.

لە كۆتایدا، شاندی میوان، زۆر سوپاسی پێشوازییەكەی پارێزگاری هەولێریان كرد و جەختیان لە هەماهەنگی و هاریكاری بەردەوامیان لەگەڵ پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی كردەوە، لە پێناو خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەرانی كەمپەكانی سنووری پارێزگاكە و برەودان بە كاری مرۆیی هاوبەش.