رۆژنامەی ھەولێر

ئەوڕۆ هەولێر ڕۆژی جیهانی میوزیک بەرز ڕادەگرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر لە وەرزێکی نوێ کار و چالاکییە هونەرییەکانی دوای ئامادەکارییەکی زۆر بۆ ڕۆژی جیهانی میوزیک، بڕیارە ئەمڕۆ لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەدا لە هۆڵی پێشەوای نێو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاواندا بە سپۆنسەری کەناڵی ئاسمانی کوردستان TV بە سەرپەرشتی مایسترۆی ناسراوی کورد “سەید ئەحمەد ڕەواندوزی” و چەردەیەک لە هونەرمەندانی وەک “دانا عەبدولجەبار و ڕێبین جەمال و ئازیتا لوقمان و سیڤان پایەدار” کۆنسێرتێکی میوزیکی بەڕێوە بچێت و بەشێک لە بەرهەمە فۆلکۆریی و ڕەسەنەکانی هونەرمەندانی ڕەسەن بە ستایلێکی نوێ بڵێنەوە و چەند پارچە میوزیکێکی تایبەت بەو یادە پێشکەش بکرێت و ڕۆژی جیهانی میوزیک لە پایتەختی کوردستان بەرز ڕابگرن.

“فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، وەک بەرپرسێکی هونەری لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە دەڵێت: بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی میوزیک بەشێکە لە کار و چالاکییەکانی ئێمە و ساڵانە بە شاکارێکی جوان ئەو یادە بە چەندین بەرهەمی ڕەسەن بەرز ڕادەگرین و هەولێریش پێشەنگە لە دامەزراندنی سینەما و میوزیک و شانۆ و هونەری ڕەنگدا، بۆ هەریەک لەو بوارانەش ساڵانە وێڕای نەبوونی بودجەی پێویست، بەڵام هەرگیز نەمانهێشووە هەولێری شیرین دڵی لە لێدان بکەوێت و ساڵێکی بێ چالاکیی هونەری و میوزیکی نوێ بەڕێبکات و بۆشایی لە هونەر دروست بێت، چوونکە سرودشتی ئەو شارە وایە، بە نۆتە میوزیکییەکان بەرگێکی نوێ لەبەر دەکات و جوانییەکی دیکە بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە ئەمساڵیش بەهەمان ڕیتمی ساڵانی پێشوو شاکارێکی نوێ لە ڕۆژی جیهانی میوزیک پێشکەش بە خەڵکی هونەردۆستی کوردستان دەکەین.