مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
ئەستێرەیەكی لیڤانتی هێرش دەكاتە سەر ڤینیسیۆس “بێڕێزیی پێ كردم”
لە یاریی نێوان یانەی ریاڵ مەدرید و لیڤانتی لە گەڕی شەشەمی خولی ئیسپانیا، یاریزانی بەڕازیلی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، بە شێوەیەكی جیاواز دەركەوت و ڕووبەڕووی یاریزانێكی یانەی لیڤانتی بووەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ یاریزانی یانەی لیڤانتی ئۆنای ئیلخیسابال پێكدا هەڵپژان، ئەوەش چەند چركەیەك پێش ئەوە بوو كە كیلیان ئمباپێ، لە ڕێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی سێیەمی ریاڵ مەدریدی تۆمار كرد، لەو یارییەی ریاڵ مەدرید 4-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.
لە دیمەنی ڤیدیۆیی كامێراكانەوە دەركەوت، كە ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لە دەموچاوی ئەو یاریزانەی یانەی لیڤانتی داوە، ئەوەش رووبەرووبوونەوەی راستەوخۆی هەردوو یاریزانی لێ كەوتەوە.
لە دوای یارییەكە، ڕەوشەكە ئاڵۆزتر بوو، دوای ئەوەی ئیلخیسابال، لەو هەڵسوكەوتەی جۆنیۆر تووڕە بوو و ڕەخنەی زۆری لێ گرت.
خیسابال ڕایگەیاند: ئەو كاتەی بە بێڕێزی مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێ، جا ئێمە وەكوو یاریزان، یان هاندەر، یان ئەو لۆگۆیەی هەمانە و نوێنەرایەتیی دەكەین، دەبێ بڵێین بەسە.
ئەو یاریزانە باسی لەوەش كرد: ئەو یاریزانە توانایەكی باشی هەیە، بەڵام ئەو مامەڵە دیاریكراوە ناكرێ لەسەر ئاستی كەسی قبووڵ بكرێ، چونكە لە دەرەوەی چوارچێوەی وەرزشییە، نامەوێ هەرایەكی گەورەتر لەوەی شایانیەتی لەسەری دروست بێ، بەڵام ئەوە پێویست بوو. شایانی باسە، یاریزانی بەڕازیلی ڤینیسیۆس جۆرنیۆر، بەهۆی ئەوەی وەرزی ڕابردوو لە خەڵاتی تۆپی زێڕین بێبەش كرا و بە ڕۆدری درا، لە كاتێكدا هەموو چاودێران و وەرزشوانان چاوەڕوانی ئەوە بوون ببێتە بەشی ڤینیسیۆس، بۆیە چووە بارێكی دەروونیی ناهەموارەوە و لەگەڵ یانەكەشیدا تووشی كێشە هات و بەشێكی هاندەران داوایان لە یانەكە بڕوا، لەو كاتەوە ئاستی لە هەڵبەز و دابەزدایە.
هۆكاری شكستی چێڵسی و نەسر لە گرێبەستی یاریزانێكی بەرشلۆنە ئاشكرا كرا
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، هۆكاری شكستی هەردوو یانەی چێڵسیی ئینگلیزی و نەسری سعوودی، لە سەركەوتنی گرێبەستی یاریزانی یانەی بەرشلۆنە (مارك بێرنال) ئاشكرا دەكەن.
ئەو یاریزانە لاوەی یانەی بەرشلۆنە، بووە ئامانجی هەردوو یانەی چێڵسیی ئینگلیزی و نەسری سعوودی، هەرچەندەش لە مانگی ئابی ساڵی 2024ـەوە بەهۆی پێكانی سەختی ئەژنۆیەوە، دابڕاوە.
سەرەڕای ئەوەی كە گرێبەستی گەورەش پێشكەشی ئەو یاریزانە كرا، بەڵام مانەوەی ئەو یاریزانە لە بلوگرانا دووپات كرایەوە و هەموو هەوڵەكانی هەردوو یانەكە وەستا.
بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، یانەی چێڵسی بایەخێكی زۆری بە بێرناڵ دەدا و هەنگاوی كردەیی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵیدا نا، وەكوو چۆن هاوڕێكەیان (فێرمین لۆپێز)ـیان دەست خست، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ گرێبەستێكی فەرمی پێشكەشی بەرشلۆنە بكات.
لەنێو پلانی یانەی چێڵسیدا، ماوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە درێژ بوو، لەگەڵ ئەوەی وەرزی یەكەم ئەو یاریزانە بە شێوەی خواستن بدەن بە یانەی ستراتسبۆرگی فەرەنسی لەپێناو گەڕانەوەی باشتر بۆ ڕیتمی یارییەكان.
یانەی چێڵسی، یانەیەكی فەرەنسی لەژێر كاریگڕیی تۆد بۆیلی هەیە لە ساڵی 2023ـەوە پشتی پێ دەبەستێ وەكوو یانەیەكی سەر بەو، یاریزانانی دیكەش بە هەمان ئەزمووندا تێپەڕیون، بەڵام بێرناڵ بەوە رازی نییە و دەڵێ لە منداڵییەوە خەونم پۆشینی درێسی یانەی بەرشلۆنەیە.
بەڵام یانەی نەسری سعوودی، هەوڵی خۆی تا دواسات دا لەنێو بازاڕی یاریزانانی ژێر 21 ساڵان، كە لە 21ی ئەیلوول داخرا.
یانەكە لەنێو چوارچێوەی سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعوودیە و كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و ئینیجۆ مارتینیزی لە ریزەكاندایە، بە تەواوی ئامادەكاریی كرد بۆ گرێبەستی بێرناڵ، بەڵام یاریزانەكە ئەوەی بە هیچ جۆرێك قبووڵ نەكرد.
لای خۆیەوە یاریزان بێرناڵ، هیچ كاتێك بیری لەوە نەكردووەتەوە یانەی بەرشلۆنە جێ بهێڵێ، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا بۆ چووە، بەشێكیان لە 5 خولە گەورەكەی ئەورووپاوە بووە و هەمووی رەت كردووەتەوە.
یاریزانەكە بە ئاشكرا هەڵوێستی خۆی بەرانبەر كارگێڕیی یانە كاتەلۆنییەكە دەربڕی و پێداگر بوو لەسەر ئەوەی داهاتووی خۆی تەنیا لە بەرشلۆنە دەبینێت.

