كارزان گلی – ههولێر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، لە ٢٥ی ئەم مانگەدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا لە كۆشكەسپیدا كۆ دەبێتەوە. ئەو پرسە گرنگانەی قسەی لەبارەوە دەكەن، بابەتی كڕینی فڕۆكەی جەنگی F35 و هەروەها جەنگی رووسیا و ئۆكراینایە، بەڵام ئەوەی باسی ناكرێت و میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، بابەتی رۆژئاوای كوردستان و چارەنووسی هەسەدە، بابەتێكی سەرەكی ئەو كۆبوونەوەیە دەبێت.
ترەمپ ئاماژەی دا، پرسی كڕینی فڕۆكەی جەنگی F35 و چەند بابەتێكی تری بازرگانی لە كۆبوونەوەكەدا باس دەكەن. ئەردۆغانیش گوتی ”ترەمپ هاوتا دۆستەكەمە و كەسێكی بە بایەخە و لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە پرسی گرنگ دەكەین، لەبارەی پەیوەندیی بازرگانی و وەبەرهێنان و پیشەسازی سەربازی“
دوای ئەوەی توركیا سیستەمی بەرگری (S400)ـی لە رووسیا بە بەهای ٤ملیار دۆلار كڕی، ناتۆ و بە تایبەت ئەمریكا زۆر نیگەران بوون و فشاریان خستە سەر توركیا و گوتیان ئەگەر ئەو سیستەمە بەكار بهێنیت سزات دەدەین. لە یەكەم كاردانەوەدا، ئەمریكا توركیای لە وەبەرهێنانی فڕۆكەی جەنگیی (F35) دەركرد، كە بەشێكی كەلوپەلی ئەو فڕۆكەیە بڕیار بوو لە توركیا دروست بكرێت و هەروەها توركیا پارەی دابوو تا بتوانێت چەند فڕۆكەیەكی پێ بدەن.
توركیا تاوەكوو ئێستا ئەو سیستەمە بەرگرییەی بەكارنەهێناوە، بۆیە ئەمە ئەمریكای نەرم كردووە تا توركیا بهێنێتەوە ناو هاوكێشەی سەربازی و فڕۆكەی جەنگیی (F35)ـی پێ بدات، بەڵام وەكوو ئەوەی میدیاكانی ئەمریكا باسی دەكەن، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار نادەن كە ئەو فڕۆكەیە بدرێتە توركیا، بەڵام دەرگای گفتوگۆ دەكرێتەوە و پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە.
رۆژئاوای كوردستان و هەسەدە
ئەگەرچی هیچ یەكێك لەو دوو سەرۆكە باسیان لەوە نەكرد، لە كۆبوونەوەكەدا پرسی هەسەدە و رۆژئاوای كوردستان باس بكەن، بەڵام چەند میدیایەكی توركیا دەڵێن، پرسی هەسەدە گرنگە و ئەردۆغان دەیەوێت لەگەڵ ترەمپدا یەكلایی بكاتەوە.
تەلەڤزیۆنی (خەڵك) كە لە جەهەپەوە نزیكە، باس لەوە دەكات ئەردۆغان هەموو هەوڵێك دەدات تا بتوانێت بڕوا بە ترەمپ بهێنێت دەستبەرداری هەسەدە بێت و هەروەها فشاریان بخاتە سەر بچنەوە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، بەڵام ئیدارەی ترەمپ تاوەكوو ئێستا كۆكن لەسەر ئەوەی نابێت هەسەدە پشتی تێبكرێت، چونكە ئەگەر شەڕ بەرپا ببێت، ئەوەی دوای رژێمی ئەسەد لە سووریا بەدەستا هاتووە لەدەست دەچێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا، لە تازەترین دیمانەیدا دەڵێت: ”ئەگەربێتو تا مانگی ١٢ هەسەدە رێككەوتنی ١٠ی ٣ی ٢٠٢٥ جێبەجێ نەكات، رەنگە توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دژ ئەنجام بدات.“
پێشتر رۆژنامەی (حوڕیەت)ـی توركیا بڵاوی كردبووەوە، سووریا خۆی ئامادە دەكات تا ئۆپەڕاسیۆنێكی گەورە دژی هەسەدە ئەنجام بدات و لەو ئۆپەراسیۆنەشدا توركیا رۆڵی نابێت، بەڵام ئەم گوتەیەی شەرع، چەند نووسەرێكی هێناوەتە دەنگ و دەڵێن، ئەگەر گوتەكەی شەرع راست بێت و دژی هەسەدە شەڕ بكەن، قۆناغی ئاشتیش لە توركیا كۆتایی پێ دێت و ئیدی هەموو ئەو هەوڵەی بۆ پرسی ئاشتی لە توركیا دراوە لەبار دەچێت.
لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیی ترەمپدا، ئەردۆغان توانیی بڕوای پێبهێنێت كە توركیا هێرش بكاتە سەر هەسەدە و عەفرین، بۆیە توانییان بە سوپای سووریای ئازاد، عەفرین داگیر بكەن، بەڵام ئەوكات ئەمریكا كەوتە بەر رەخنەیەكی زۆر و هاوپەیمانەكانی ئەمریكاش ترسیان لێ نیشت كە ئەمریكا پشتیان تێ بكات، بۆیە باشترین بژاردەی ترەمپ ئەوەیە بتوانێت، رێگەچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ پرسی رۆژئاوای كوردستان، كە هەردوو لا پێی رازی بن و شەڕ بەرپا نەبێت.

