رۆژنامەی ھەولێر

دەشتی کەلهوڕی، گۆرانیەک بۆ شاری کەلار تۆمار دەکات

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژ (دەشتی کەلهوڕی) بەرهەمێکی نوێی بەدەستەوەیە، کە بۆ شاری کەلاری وتووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاویدەکاتەوە.

هونەرمەند دەشتی کەلهوڕی کە ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی گۆرانییەکە بۆ شاری کەلار، چونکە لەو شارەدا گەورە بووە و خۆی بە قەرزارباری دەزانێت، بەشێکی زۆر لە یاد و یادەوەری ژیانی لەم شارە بەجێهشتووە، بۆیە کاتی هاتووە گۆرانیەکی جوانی بۆ بڵێت.
دەشتی کەلهوڕی وتی: “دوای کارکردن لەسەر ئەو کارەساتانەی بەسەر میللەتی کورددا هاتوون لە کیمیاباران و ئەنفال، هەروەها بۆ جوانی کوردستان و نیشتمان، پێی باشبووە ئەو گۆرانییەش بۆ شاری کەلار تۆمار بکات”.
کەلهوڕی دەڵێت “شێوازێکی نوێم لەو کارە هونەرییە بەکارهێناوە کە ئێستا کارە تەکنیکییەکانی لە وڵاتی ئێران دەکرێت، شێوازێکی گەرمیانیم تێکەڵ بە مەقامێکی گەرمیانی کردووە، لە گۆرانییە باس لە جوانی و نەبەردی و میواندۆستی خەڵکی شارەکە دەکەم، سەرباری باسکردنی قەڵای شێروانە و گەرمیان”.
هونەرمەند دەشتی کەلهوڕی، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی ستایڵێکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی هەیە و زیاتریش کار لەسەر بەرهەمی نەتەوەیی دەکات.