ماكوان عێزهت – هەولێر
جەرگ، ئەو ئەندامە هەرە گرنگەکەی لەش، جەستە لە ژەهر و پاشماوەی خۆراک و دەرمانی جیاوازجیاواز پاک دەکاتەوە.
د. فەرمان عوسمان بەرزنجی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی دەربارەی ئەركەكانی جەرگەوە دەڵێت: جەرگ جگە لەوەی جەستە لە زۆر ژەهر و پاشماوەی بەرهەمی خۆراكی ڕزگار دەكات، زەرداو و چەندین فاکتەری مەیاندنی خوێنیش بەرهەم دەهێنێت کە لە کاتی بڕانی پێست یان خوێنەچۆڕەی ناوەکی و دەرەکی لەش پێویستیەتی.
زەرداویش، بۆ هەرسکردنی چەوری زەروورە.
هەربۆیە ئەگەر جەرگ پەکی بکەوێت، ئەو ئەرکانەی پێ جێبەجێ ناکرێ؛ پەککەوتن، دوایین قۆناغی نەخۆشکەوتنی جەرگە، کە دەکرێت هۆکارەکەی خواردنەوەی درێژمەودای ئارەقەمەنی بێت یان تووشبوون بیت بە ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جەرگ بە تایبەتیش سی و، دی؛ بە گشتی چارەسەری پەککەوتنی جەرگ لە رێگەی چاندنەوەی جەرگەوە دەبێت.
دەربارەی نەشتەرگەریی چاندنەوەی جەرگ
د. فەرمان عوسمان بەرزنجی دەربارەی نەشتەرگەریی چاندنەوەی جەرگ چەند زانیارییەك دەخاتە ڕوو؛ دەڵێت: جەرگ ئەوەندە گرنگە، ئەگەر کێشەی تێبکەوێت، ژیان دەکەوێتە مەترسیەوە؛ لەشێکی ساغ، جەرگێکی تەندروستی دەوێت؛ کە جەرگ پەکی کەوت، ژەهر و پاشماوەی زیانۆک، لەش دادەگرێت و، لەوانەیە ببێتە هۆی تێکدانی کاروباری مێشک، کە پێی دەوترێت تێکچوونی مێشک و جەرگانی، کە دەکرێت ببێتە هۆی بوورانەوەی دوورمەودا و تەنانەت مردن؛ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسی بەخشەری جەرگ کەسێکی زیندووە یان لە جیگادا مردووە، کە نەشتەرگەرەکان بە نەشتەرگەری، جەرگی زیانپێگەیشتووی کەسی تووشبوو لا دەبەن و، لە هەمان شوێنی توێکاریدا جەرگە ساغەکەی بۆ دادەنێنەوە، کە ئەمە پێچەوانەی چاندنەوەی گورچیلەیە کە لە جێیەکی جگە لەوەی خۆیدا دەچێنرێتەوە، زۆربەی حاڵەتەکانی چاندنەوەی جەرگ لە بەخشەرێکی مردووەوە دەبێت، بەڵام هەندێک حاڵەتی چاندنەوەی جەرگی کەسی زیندووش هەیە، هەروەها کەسی بەخشەر دەتوانێت بەردەوامی بداتە ژیانی بەبێ کێشە چونکە لە نەشتەرگەرییەکەدا بەشێکی جەرگی لێ دەکرێتەوە نەک هەموو جەرگی.
د. فەرمان عوسمان بەرزنجی هۆکارەکانی چاندنەوەی جەرگ ڕوون دەكاتەوە كە: مۆمینەکەوتن (ڕەقداگەڕان)ـی جەرگ بڵاوترین هۆکاری چاندنەوەی جەرگە، بەڵام دەکرێت بۆ ئەوانەش بکرێت کە توشی پەککەورنی لەناکاوی جەرگ دەبن، کە دەکرێت هۆکارەکەی هەوکردنی جەرگ یان بەرکەوتنی جەرگ بە زەبرێک یان جگە لەوانە بێت، هەندێک حاڵەت هەن کە چاندنەوەی جەرگی دەوێ؛ لەوانە:
– هەوکردنی درێژخایەنی جەرگ: هاوکات لەگەڵ مۆمینەکەوتنی جەرگ.
– هەوکردنی خۆیینەی جۆگەلەی زراو: تیکچوونێکی دەگمەنی کۆئەندامی بەرگرییە و، دەبیتە هۆی هێرشکردنی جەستە خۆی، بۆ سەر خانەکانی زراو.
– هەوکردن و ڕەقداگەڕانی جۆگەلەی زراو: کە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی جۆگەلەی زراو؛ زراو پەنگ دەخواتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ناو شانەکانی جەرگ و ئەزیەتی دەدات.
– گیرانی جۆگەلەی زراو: نەخۆشییەکی دەگمەنە و لە منداڵاندا دەبێتە هۆی زەردووییەکی پێشوەختە.
– خواردنەوەی ئارەقەمەنی بە شێوەیەکی درێژخایەن.
– نەخۆشینی وێڵسن: نەخۆشییەکی درێژخایەنە و دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی مس لە زۆربەی ئەندامەکاندا و، تەنانەت جەرگیش دەگرێتەوە.
– نەخۆشینی خوێنەڕەنگینە: نەخۆشینێکە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاسن لە دڵ و مێشک و جەرگدا و، زۆر کێشەی لێ دەکەوێتەوە.
– کەمداگەڕانی ئەلفا ١ ئەنتیتریپسین.
د. فەرمان عوسمان بەرزنجی ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ئەو نەخۆشینانەی هۆکارەکەیان کۆنترۆڵ ناکرێن نەشتەرگەری چاندنەوەی جەرگیان بۆ ناکرێت؛ هەروەها هەندێک حاڵەتی پزیشکی هەن کە رێگە نادات چاندنەوەی جەرگ بکرێت. جگە لەوەش لەسەر نەخۆش پێویستە دەمپارێزی (ڕجیم) بکات و بە یەکجارەکی واز لە خواردنەوەی ئارەق بهێنێت پاش چاندنی جەرگ بۆ دڵنیایی لە کارکردی بەردەوامی جەرگی چێنراو، چونکە ئەو نەخۆشەی جەرگی بۆ چێنراوەتەوە، ئەگەر دیسان پەکی بکەوێت، زەحمەتە نەشتەرگەرییەکی تری بۆ بکرێتەوە و سەر بگرێت.

