رۆژنامەی ھەولێر

مۆرینیـــــۆ بۆ یانە دڵخوازەكەی دەگەڕێتەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

چابی ئالۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە دەسپێكی چامپیۆنزلیگ تووشی زەحمەتییەكی زۆر بووەوە، لە بەرگری لای راست دوو یاریزانی لەدەست داوە. هەواڵێكی دیكەی سەرنجراكێش دا خۆزێ مۆرینیۆ دەگەڕێتەوە هەمان ئەو شوێنەی كە بۆ یەكەمجار كاری راهێنەرایەتی تێدا كرد.

هەواڵێكی ناخۆش بۆ ریال مەدرید
بە گوێرەی میدیایەكانی مەدرید، ئالێکساندەر ئانۆڵد بەهۆی پێکانەوە نزیکەی دوو مانگ لە یاریگاکان دادەبڕێت و لەوانەیە لە یاریی بەرامبەر لیڤەرپوول بێبەش بێت.
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی راپۆرتێکی پزیشکی لەبارەی ئەو پێکانەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد بڵاوکردووەتەوە کە لە یاریی بەرامبەر مارسێی فەڕەنسی لە سەرەتای یارییەکە تووشی بوو، مێرەنگی رایگەیاندووە ئارنۆڵد لە ماسوڵکەکانی رانی چەپی تووشی کرژبوون بووە، بەبێ ئەوەی ماوەی دوورکەوتنەوەکەی دەستنیشان بکات.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانیا نووسیویەتی: ترێنت بەهۆی پێکانەکەی شەش بۆ هەشت هەفتە لە یاریکردن دادەبڕێت، بەمەش بەرگریکارە ئینگلیزەکە لە یارییەکانی ئیسپانیۆل، لیڤانتی، ئاتڵێتیکۆ مەدرید، کایرات ئالماتی، ڤیاڕیال، خیتافی، یوڤێنتوس و بارسێلۆنا بێبەش دەبێت و گومانیش دەکرێت بۆ یاریی بەرامبەر لیڤەرپوول ئامادە بێت کە رۆژی 4ـی نۆڤێمبەر لە چامپیۆنزلیگ دەکرێت.
ئارنۆڵد لە گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بە گرێبەستێکی ئازاد لە لیڤەرپوولەوە روویکردە ریزەکانی ریال مەدرید و ماڵئاوایی لە سوورپۆشەکان کرد کە هەر لە رێدز پێگەیشتووە، ئارنۆڵد لەگەڵ شایانەكانی ئیسپانیا بەشداریی 10 یاریی كردووە و 2 ئاسیستیشی هەیە.

مۆرینیۆ دوای 25 ساڵ دەگەڕێتەوە بێنفیكا
خۆزێ مۆرینیۆ دوای 25 ساڵ دەگەڕێتەوە بێنفیکا و ئەرکی راهێنەرایەتی ئەو یانە پۆرتوگاڵییە دەگرێتە ئەستۆ و وەکو راهێنەری ئەو یانەیەش سەردانی ستامفۆرد بریدج دەکات.
بێن جاکۆبس رۆژنامەنووسی بەریتانی ئاشکرایکردووە، خۆزێ مۆرینیۆ لەگەڵ بێنفیکا گەیشتە رێککەوتن و دوای 25 ساڵ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ئەو یانە پۆرتوگاڵییە کە ساڵی 2000 لەو یانەیە بۆیەکەمجار دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کرد، سپێشەڵ وەن دوای دوورخرانەوەی لە راهێنەرایەتی فەنەرباهچێی تورکی دەگەڕێتەوە پۆرتوگاڵ، کە بێنفیکا دوای دۆڕانەکەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر قەرەباخ بڕیاری دوورخستنەوەی برونۆ لاگی راهێنەری دا،
مۆرینیۆ وەکو راهێنەری بێنفیکا دەگەڕێتەوە ستامفۆرد بریدج کە پێشتر راهێنەرایەتی چێڵسی ئینگلیزیشی کردووە، راهێنەرە 62 ساڵانەکە رووبەڕووی ریال مەدریدیش دەبێتەوە، کە لە قۆناخی خول یانە پۆرتوگاڵییەکە رووبەڕووی یانە ئیسپانییەکە دەبێتەوە، کە بێنفیکا رووبەڕووی ناپۆلی و یوڤێنتوسی ئیتاڵی و ئەیاکسی هۆڵەندی و بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی و نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی دەبێتەوە.مۆرینیۆ ساڵی 2000 وەکو راهێنەری بێنفیکا لە 10 یاری راهێنەرایەتی یانەکەی کرد و 5 بردنەوە و 2 دۆڕان و 3 یەکسانبوونی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.
خۆزێ مۆرینیۆ لە كاروانی راهێنەرایەتی دا 29 نازناوی بردووەتەوە بەبێ ئەوەی پێشتر هیچ ئەزموونێكی یاریكردنی وەكو یاریزانی تۆپی پێ هەبوو بێت، زۆرترین نازناوەكانیشی لەگەڵ یانەكانی چێڵسی و ریال مەدرید بەدەستهێناوە، بۆ یەكەمجاریش لەگەڵ یانەی پۆرتۆ كاتێك چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا وەكو راهێنەرێكی گەورە خۆی بە ئەورووپا و جیهان ناساند.