رۆژنامەی ھەولێر

ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەونەوە بەردەم هەڕەشەکانی داعش

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھۆی دروستبوونی بۆشای ئەمنی کە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدایە چەکدارانی داعش توانیویانە شوێنی خۆیان لە ناوچە کوردستانییەکان قایم بکەن. بەگوتەی بەرپرسانی کورد، تەنیا بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنوورەکانی بەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت. نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داعش تاوەکو ئێستا مەترسییە بۆ سەر عێراق و ئەو وڵاتە بە تەنیا ناتوانێت ڕووبەڕووی مەترسییەکانی داعش ببێتەوە و پێویستی بە ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانان ھەیە.

عەرەبی ھاوردە ھەڕەشە لە کورد دەکات، داوا دەکەن گوندەکانیان چۆڵ بکەن و زەوییەکانیش ڕادەست بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو زەوییانە سەدان ساڵە موڵکی کوردن دەیانەوێت بە زۆر تەعریب بکەن، کوردیش ئەمە ڕەت دەکاتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بە ھەڵپەسێردراوی لە نێوانیان ماونەتەوە، گەڕانەوەی پێشمەرگە و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، یەکێکە لەو دۆسیانەی گفتوگۆی لەسەر دەکەن.
لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کە ڕووبەری گشتی ٤٠ ھەزار کیلۆمەتر سێجایە و زیاتر لە سێ ملیۆن ھاووڵاتیی لە پێکھاتە جیاجیاکانی تیادا دەژین، بۆشاییەکی گەورەی تەناھی لەنێوان ھێزەکانی عێراق و پێشمەرگە دروست بووە و بووەتە بوارێکی باش بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، لەوانەش داعش، بۆ کردنی بە حەشارگە و خاڵی دەستپێکی ھێرشەکانی، بەتایبەتی بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە و کورد، سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆ ھەیە بۆ پڕکردنەوە بە ھاوبەشی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بە ناوەندگیریی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش. شارەزایانی ئەمنی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ھۆکاری ھێرشەکانی داعش، لاوازیی ھاوئاھەنگیی سوپای عێراق و پێشمەرگەیە، جیا لە دەستوەردانی میزاجی سیاسی لە کاری تەناھی و سەربازیدا، ھەروەھا فەرامۆشکردنی بەشداری پێکردنی خەڵکی ناوچەکەیە لە پاراستنی ناوچەکانیان، ئەوەش بۆ ئەوەی ئەوان زانیاری بە ھێزە تەناھییەکان بدەن و بەوە تۆمەتبار نەکرێن کە ھاوکاری داعش دەکەن.
ھەڤال ھێرش، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەوەی ڕوو دەدات پەیامێکی میلیشیاکانە بۆ ھەولێر و بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھێزی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەوەی ناکرێ پاشەکشە بکەن، چونکە تا ئێستا مەترسی داعش بەردەوامە و ماوە.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: ھۆکاری ڕازی نەبوونی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، بڕیارێکی سیاسییە، چونکە تا ئێستا ھێزە چەکدارەکانی عێراق نەیانتوانیوە ئەو ئارامییە لەو ناوچانە بەدی بێنن، کە لەسەردەمی بوونی پێشمەرگە لەم شوێنانە ھەبوو.
ئەحمەد کەمال، فەرماندەی پێشمەرگە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە جووڵەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان زیادی کردووە، تا ئەو کاتەی پێشمەرگە لەو ناوچانە بوو، پشتێنەیەکی ئەمنی گەورەی بەدەوری ئەو ناوچانەدا دروستکردبوو، ئێستا ئەو پشتێنە ئەمنییە نەماوە، ھەر ئەوەش وای کردووە پێکھاتەکانی ئەو ناوچانە داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بکەن.
ئەو فەرماندەیە، زیاتر دەڵێ: بەداخەوە ڕەوشی ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەو شوێنانەی کە پێش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێشمەرگە دەی پاراست، فەراغی ئەمنی تێدا دروست بووە، دەرکەوت نە حەشدی شەعبی، نە سوپای عێراق ناتوانن ئەو شوێنانە بپارێزن، بۆیە دەبینین ئێستا فەڕاغێکی ئەمنی زۆر گەورە دروست بووە، بەڕاستی مەترسیداریشە، دەبێت حکوومەتی فیدڕاڵی بە ھەماھەنگی حکوومەتی ھەرێم ھەوڵ بدرێت ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، چارەسەری ئەو ناوچانەش بەوە دەبێت کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ھەموو شوێنەکان بگرێتەوە، چونکە ئەگەر چارەسەری سیاسی کرا خەڵک تێگەیشت کێ ئیدارەی ئەو ناوچانە دەکات بڕیارە کۆتاییەکە درا لەڕووی سیاسییەوە، لەڕووی ئەمنییەوە ھێزی پێشمەرگە دەتوانێت ئەو ناوچانە بپارێزێت.
کاوە عەدنان، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: لە ناوچە کوردستانییەکان نەک تەنیا بۆشایی ئەمنی، بگرە بۆشایی سیاسی و عەقڵییش ھەیە، چونکە تاوەکو ئەو ھێزانە و دەستەڵاتی ناوچەکە بەو عەقڵییەتە کار بکەن، دۆخی ئەو ناوچانە لەوە باشتر نابێت و زۆر خراپتریش دەبێت، بۆیە پێویستە گۆڕانکارییەک بکرێت و بەغدا بێتە سەر ھێڵ و لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی ئەو ناوچانە بگەنە ڕێککەوتن، ھەر کاتێک ڕێککەوتن کرا و دۆخەکە ئاسایی بووەوە و ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانەیان گرتە ئەستۆ، کردەوەی تیرۆرستی کەم دەبنەوە و دەتواندرێت دۆخەکە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەڵام ئەو ھێزانەی ئێستا ھەن، بێتوانانە و ناتوانن پارێزگاری لە خەڵکی ناوچەکە بکەن.
ئەوەشی گوت: زۆرجار سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاندووە مەترسی داعش کۆتایی نەھاتووە، داعش لە ھەر شوێنێک کە فەڕاغێکی ئەمنی تێدا بێت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت خۆی دروست بکاتەوە و گەشە بکات و زەربەی خۆی بوەشێنێت، شانە نووستووەکانی داعش و بیرکردنەوەکانی ھەموویان خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەنە و خۆیان ئامادە دەکەن، بۆ ئەوەی ئەگەر ھەندێک ڕووداو بێنە پێشەوە پەلاماری چەند شوێنێک بدەن و دەست بەسەر ھەندێک ناوچەدا بگرن و زەرەروزیانێکی زۆر لە سوپای عێراق بدەن، ئەگەر بۆیان بکرێت زیان بە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانیش بگەینن.
لیوا فایەق ئەنوەر مزووری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، ڕاگەیاند، داعش لە عێراق چالاکییەکانی بەردەوامن و لە ھەر کوێیەک دەرفەت ببینن، چالاکی و کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و عێراقیش ئەوەی دەیکات بەپێی توانای خۆیەتی، بۆیە پێویستە وڵاتانیش ھاوکار بن بۆ ئەوەی بتواندرێت ڕێگە نەدرێت داعش لە چالاکی و کردەوەکانی خۆی بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی دوای نەمانی داعش لە عێراق تاوەکو ئێستاش ھەر مەترسییە و پێویستە ئەو مەترسییەش لەبەرچاو بگرین.
مزووری، گوتیشی، زۆر گرنگە ھەماھەنگی و ھاوکاری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەبێت، چونکە لەو شوێنانەی ھەماھەنگی ھەیە، داعش ھیچ چالاکییەکی نییە و ئەگەر ھەماھەنگی نەبێت ناوچەکان مەترسیدارن و چالاکییان زۆر دەبێت و دەبێتە پەناگەیەک بۆ داعش بۆ ئەنجامدانی کردەوە، بەڵام ھەبوونی دوو لیوای ھاوبەش کەمە بۆ ئەو ناوچانە، لەبەر ئەوەی بۆشایی ئەمنی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ٥٠٠ کیلۆمەتر دەبێت، ئەوەش بە دوو لیوا ئەستەمە بتواندرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، تا ئێستاش ھیچ باسێک نییە ھێزی زیاتری ھاوبەش دروست بکرێت، چونکە لە سنووری ئێران تا سنووری سووریا دەست پێدەکات و ناوچەکانیش زۆر عاسێن بۆ ئەوەی بتواندرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لیوا فایەق ئەنوەر مزووری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، ڕوونیشی کردەوە، ھاوپەیمانانیش تاوەکو ئێستا لە ھاوکاریکردنی عێراق لەڕووی ئەمنییەوە بەردەوامن و ھاوکارییەکانیشیان لەئێستادا زیاتر لەڕووی ھەواڵگری و ئاسمانییە، چونکە داعش مەترسییەکانی بەردەوامن و عێراقیش بەتەنیا ناتوانێت ڕووبەرووی ئەو مەترسیانە ببێتەوە، بۆیە پێویستی بە ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانان ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێگری لە مەترسییەکانی داعش بکات.