شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە دوای چەند نمایشێکی جیاواز لە شانۆگەری “سەلما”، کە بەرهەمی گرووپی هونەری هەوارە بۆ شانۆ و تا ئێستاش زۆرترین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە و دوا نمایشی ئەو شانۆگەرییەش لە وڵاتی فەرەنسا بوو.
“نەژاد نەچم” سەرپەرشتیار و دەرهێنەر لە گرووپی هەوار بۆ شانۆ لە ئاخاوتنێکی بۆ “هەولێر” ڕایگەیاند: شانۆگەری سەلما لە کەرکووکەوە گەیشت بە تەواوی کیشوەرەکانی ئەورووپا و ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی و چەندین خەڵاتی لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکاندا بەدەستهێنا، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ کرکووکی دڵی کوردستان و شانۆکارانی کورد.
گوتیشی: ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ نووسینەوەی دەقێکی نوێی شانۆیی بەناونیشانی شانۆگەری ٢٠٥٠ و بەنیازین بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی و بە بەشداری دەستەیەک لە هونەرمەندانی گەورەی کورد نمایشی بکەین.
چیرۆکی ئەو بەرهەمە باس لە وێستگەیەکی دیکە ژیان و قۆناغێک دەکات، کە ژیان لەوێدا گۆڕانێکی خێرایی بەخۆیەوە بینیووە و ژیانی خەڵکی بەڕێژەیەکی زۆر قورس بووە و ئاستەنگەکانی ژیان لەوێدا ڕوونتر دەردەکەون، ئێمەش وەک گرووپی شانۆی هەوار بە جوانترین شێوە کار بۆ ئەو نمایشە شانۆییە دەکەین.

