رۆژنامەی ھەولێر

سەرەڕای بەربەستەکانی بەغدا ڕۆژ بە ڕۆژ کوردستان زیاتر پێش دەکەوێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرەڕایی بەربەستەکانی بەغدا ڕۆژبەڕۆژ ھەرێمی کوردستان پێش دەکەوێت، کار و پڕۆژەستراتیژییەکان و بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری ھاووڵاتییانی شارەکانی عێراقی سەرسام کردووە، لە ھەمان کاتدا پێگەی ھەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە سەیر دەکرێت.

د. زیاد ئیسماعیل، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: کابینەی نۆیەم نموونەی شەفافیەت و بەدیھێنەری دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ئایینی و پێکەوژیان بووە، لەڕووی پڕۆژەوە ئەو کابینەیە کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ و بونیاتنەری بەشێوازێکی مۆدێرن کاری لەسەر کردووە و بە ئامانج گەیشتوون و بەشێکیشیان ئێستا لە جێبەجێ کردندان، سەرەڕای تەحەدیاتی بەردەم ئەو کابینەیە، بەڵام لێھاتوویی و تواناکانی سەرۆکی حکوومەت بێ ئەندازە بووە لە سەرخستنی ئەو کارنامەی لەبەردەم پەرلەمانتاران پێشکەشی کردوو و سوێندی لەسەر خوارد، گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق خۆیان ستایشی ئەو پێشکەوتنانە دەکەن کە لە کوردستان بەدیھاتوون.
ئەو چاودێرە، دەشڵێت: کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لەسەردەمی کابینەی نۆیەم جێبەجێ کراون، یەکێک لەو کەرتە گرنگانەی ئەو کابینەیە کەرتی ڕێگەوبان بووە کە ئێستا ٩٠% کارەکانیان بەجێ گەیاندووە گۆڕانکاری گەورە لەو بوارەدا ڕوویداوە، ئەوەش بۆتە جێگەی دڵخۆشی شۆفێران و گەشتیاران، سۆران لە نموونەی ئەو شارانەیە کە چەندین ڕێگەی دووساید و بەرزەپردی تیادا جێبەجێ کراون، سیمایەکی جوانیان بەخشیوەتە شارەکە، ھەروەھا پڕۆژەی ڕووناکی پارێزگاری کردن لە ژینگە بەھۆی ھەڵگرتنی مووەلیدەکان، پڕۆژەی پاراستنی سەرچاوکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی کۆمەڵێک بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو لە کاتی پێویست، پڕۆژەی بە ئەلکترۆنیکردنی دام و دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی نەھێشتنی ڕۆتنیات و کارئاسانیکردن و ڕایکردنی کاری ھاووڵاتییان بە باشترین شێوە و کەمترین کات، پڕۆژەی کارتی بانکی بۆ مووچەخۆران، پڕۆژەی بەرەوپێشبردنی ناوچە گەشتیارییەکانی ناوچە جیاجیاکان کە ئێستا بووەتە جێی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی، لە ئاستی نێودەوڵەتیش بە ھەمانشێوە پێگەی ھەرێمی کوردستان بە بەھێزی ماوەتەوە.
د. سیروان شڤان، مامۆستای زانکۆ، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: سەرباری قەیرانە سروشتی و دەستکردە یەک لە دوا یەکەکان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ دەست کەوتەکان و ئامانج و پلانە ستراتیژیەکانی بەڕێزیان ڕوونتر دیارن کە لە چ ئاستێکدا کاریگەریان لەسەر بەھێزکردنی حکوومەت و حکومڕانی ھەرێم ھەبووە لە ھەمبەر ھەموو سەختییەکان، شاھێدی ئەوە بووین کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەی، ڕووبەڕووی چەندین تەحەدیات بووەوە، جا لە پیلانی نەیاران بگرە تا مووشەک بارانکردنی ھەرێم و ھەروەھا پیلانی ناوخۆ لە بایکۆت و چەواشەکاری و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ نەیاران، بۆ بێ ھیواکردنی خەڵک و نەمانی متمانە بە حکوومەتی خۆیان، ھەروەھا ڕووداوە سرووشتییەکان وەکو لافاو و کەم بوونی سەرچاوەکانی ئاو و ھاتنی پەتای کۆرۆنا، ھەموو ئەمانە لە یەکەم ساتی دەستبەکاربوونی، یەک بە دوای یەک بوونە تەحەدیات لە پێش خۆڕاگری سەرۆکی حکوومەت، بەڵام بە کردار سەلماندی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان بەردەوام دەبێت.