مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
بۆ یەكەمجار مێسی ناسناوێكی نوێی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بەدەست هێنا
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرژەنتین، لە یاریی ڕابردووی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی لە دوایاریی پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئەمریكای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیال بەرانبەر ئیكوادۆر ئامادە نەبوو، لەو یارییەدا ئەرژەنتین یارییەكەی دۆڕاند.
هەڵبژاردەی ئەرژەنتین لەمێژە گەیشتنی بە مۆندیال مسۆگەر كردووە و سەرلیستی هەڵبژاردەكانی ئەو كیشوەرەی گرتووە، بەڵام شكستی بەرانبەر ئیكوادۆر 0-1، ئەنجامێكی چاوەڕێنەكراو بوو.
لە كۆتایارییەكانی پاڵاوتنەكانی كیشوەرەكە، مێسی بەشداریی نەكرد، بەڵام سەرلیستی گۆڵكەرانی گرت بە 8 گۆڵ.
تۆڕی ئۆپتا بۆ سەرژمێری، بڵاوی كردەوە، كە لیۆنێل مێسی سەرلیستی گۆڵكەرانی ئەمریكای باشووری گرتووە.
لە هەمان كاتدا، ئەوە كەمترین ڕێژەی گۆڵكردنە بۆ گۆڵكاران لەو كاتەوەی پاڵاوتنەكانی مۆندیالی بەم شێوازەی ئێستە بەڕێوە دەچێ لە ساڵی 1996ـەوە.
لویس دیاز، یاریزانی كۆڵۆمبی، بووە دووەم باشترین گۆڵكەری پاڵاوتنەكانی مۆندیال لەو كیشوەرە بە 7 گۆڵ بە هاوبەشی لەگەڵ میخێل تیرسیرۆسی بۆلیڤی.
ئمباپێ هۆكاری جێهێشتنی یانەی پاریس سان جێرمانی ئاشكرا كرد
كیلیان ئمباپێ، یاریزانی فەرەنسیی یانەی ریاڵ مەدرید، لەسەر چەند پرسێك ئاخاوت و هۆكاری جێهێشتنی یانە فەرەنسییەكەشی ئاشكرا كرد.
لە دیمانەیەكی دوورودرێژدا لەگەڵ رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی، كە دوای یارییەكەی فەرەنسا و ئایسلەندا (2-1) ئەنجامی داوە، ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵانەی ریاڵ مەدرید، بە ڕاشكاوی لەسەر چەند پرسێك دوا.
ئمباپێ سەرەتا لەژێر چاودێری ئەنچیلۆتی و ئێستەش لەژێر چاودێری چابی ئەلۆنزۆ راهێنەری ریاڵ مەدرید، درێژە بە كاروانەكەی دەدا، لە كاتێكدا وەرزی یەكەمی لەگەڵ یانەكە، ئەنجامێكی وەهای نەبوو.
لە سێ یاریی یەكەمی خولی ئیسپانیاش لەم وەرزەدا، سێ گۆڵی كردووە.
كاتێك پرسیار لە كیلیان ئمباپێ كرا بۆچی پاریس سان جێرمانت جێهێشت، كە مشتومڕێكی زۆری بەدوادا هات، ئمباپێ پەردەی لەسەر بابەتەكە لا دا و رایگەیاند كە كێشەكە وابەستەی مووچە بووە و پێیان نەداوە، بەڵام ئەو هەرگیز نەیویستووە زیان لە یانەكە بدات و ڕێزی لە گرێبەستەكەی گرتووە.
ئەمباپێ پێ لەسەر ئەو پرسە دادەگرێ، كە نایەوێ وای لێ بڕوانن، یاریزانێكی تۆلەسێنە، یان رقلەدڵە، دان بەوەشدا دەنێ كە چیرۆكەكە لە كەشێكی گرژ و ئاڵۆزكاودا كۆتایی هاتووە، بەڵام بەردەوام نەبووە و دەڵێ دەمەوێ بەڕێزەوە ئەو ناسناوەم بمێنێ كە یاریزانی پێشووی یانەی پاریس سان جێرمانم.
دوای چەند مانگێك لە رۆیشتنی، پاریس چامپیۆنس لیگی بردەوە، رەخنەی ئەوە گیرا، كە ئمباپێ لەوێ نەماوە بۆیە بوونە پاڵەوان، بەڵام ئمباپێ دەلێ: هاوڕێم لە یانەكە هەیە و ئەوەی دەمانسێ، دەزانێ هاوڕێیەتی بۆ من گرنگە، ناتوانیت دەستبەرداری تیپێک ببیت کە هاوڕێکانت لەخۆ بگرێت، تەنانەت ئەگەر پاریس سان جێرمانیش نەبێت، چیرۆکەکەم کۆتایی هاتووە و بەبێ پەشیمانی ڕۆشتم، تەنانەت ئەو کارانەی کە هەڵەم کردووە بەشێکن لە چیرۆکەکەم. ئەو كاتەی من لەوێ بووم، زۆر نزیك بووین لە بردنەوەی چامپیۆنس لیگ، دوو جار گەیشتینە نیوەی كۆتایی و جارێكیش گەیشتینە یاریی كۆتایی. نەمانبردەوە و كاتەكە رۆیشت، ریاڵ مەدرید پەیوەندییان بە منەوە كرد و ئەوێش خەونی من بوو، دەمتوانی كاتێكی زووتر بچمە ئەوێ.
پاساوی ئەوەش دەهێنێتەوە: ئێمە بەرانبەر بوڕوسیا دۆرتمۆند دۆڕاین، بكە 40 تۆپمان ئاڕاستەی گۆڵەكەی كرد و 8 جار لە ستوون و ڕاگری گۆڵەكەی دا.
ئمباپێ باسی ئەوەشی كرد، كە بە هیچ جۆرێك بە منداڵەكەی ناڵێ بچێتە نێو دنیای تۆپی پێوە.
ئمباپێ لەگەڵ فەرەنسا لە كۆی 92 یاری، 52 گۆڵی كردووە، بەو جۆرە تێری هێنریی لە سەرلیستی گۆڵكەرانی مێژووی هەڵبژاردەی فەرەنسا دوور خستەوە. هیوای ئەوەش دەخوازێ بگاتە ژمارەی ئۆلیڤێر جیرۆی خاوەن ژمارەی پێوانەیی.

