رۆژنامەی ھەولێر

یانەیەکی دیکەی بەهێز لە خولی نایابی کوردستان کشایەوە

بارزان ئەکرەم – هەولێر

 

یانەی برایەتی چل رۆژ پێش دەستپێكی ئەم وەرزە كشانەوەی لە خولی نایابی كوردستان راگەیاند، هۆكارەكەشی بۆ كێشەی دارایی دەگەڕێنێتەوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 9 ئابی 2025، یانەی برایەتی لە راگەیاندراوێكدا نووسیویەتی: بە نیگەرانییەكی زۆرەوە رایدەگەیەنین ناتوانین بەشداریی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان بكەین، چونكە یانەكەمان هیچ پرۆژەیەكی وەبەرهێنان و سەرچاوەیەكی داهاتی نییە.
یانەی برایەتی لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەیدا جەخت لەوە دەكەنەوە سەرجەم یاریزانەكانیان ئازادن بۆ هەر یانەیەك دەچن.

پوختەیەك لە بەیاننامەكەی برایەتی ‎وەکو یانەی وەرزشی برایەتی کەیەکێکین لە یانە پڕمێژوو و گەورەکانی کوردستان و بە تایبەت یەکێک لە کۆنترین یانە لە شاری هەولێر و خاوەن سەرجەم نازناوەکان لە خول و پاڵەوانیەتیە جۆراوجۆرەکان.
بەنیگەرانیەوە بۆ ئەم وەرزەى بڕیارماندا بەشداریی لە خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان نەکەین و داوای لێبوردن لە هاندەران و خۆشەویستان و دڵسۆزان و یاریزانانمان دەکەین کە ناچاربووین ئەم بڕیارە بدەین.
لێرەوە ڕایدەگەیەنین کەوا یاریزانانی تیپى پێشکەوتووانمان لەم وەرزەى خولی نایابى کوردستان ئازاد و سەربەستن بۆ هەر یانەیەک یارى بکەن.
مەبەست و هۆکار لە بەشدارینەکردنمان لەم وەرزەى خولەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ساڵانێکى زۆرە بەبێ بوونى هیچ داهاتێک و وەبەرهێنانێک لە خولەکانى کوردستان بە پاڵپشتى سەرۆکى فەخرى یانەکەمان بەشدار و ڕکابەر بووین، پشتیوان بەخواى گەورە بۆ ئەم ساڵ هەوڵدەدەین لەڕێگەى وەبەرهێنانێکەوە کاربکەین بۆ باشترکردنى بارودۆخى یانەکەمان و چاککردنی یاریگا و نەهێشتنى کەموکوڕتییەکان لە یاریگە و تەواوى بەشەکانى یانە.
وە بەڵێن دەدەین وەک چۆن لە رابردوو و تا ئەم ساتەش قوتابخانە بووین بۆ پێگەیاندنى یاریزان بۆ تیپى پێشکەوتووانى خۆمان و یانەکانى ترى هاوشارمان و یانەکانى ترى کوردستان، ئێستاش دووپاتى ئەو خاڵە دەکەینەوەو کارى لەسەر دەکەین و بەهێزەوە بەپالپشتى و هێز و تواناى ئەو لاوانە دەگەرێینەوە و لەم وەرزە بە یاریزانی گەنج و بەتوانا بۆ ئەم ساڵ لە خولەکانى (تازەپێگەیشتووان و لاوان) بەشداردەبین و پەرە بە تواناکانیان دەدەین تا بۆ ساڵانی داهاتوو خزمەت بە یانەکەمان و وەرزش لە کوردستان بکەن.
یانەی برایەتی یەکەم یانەیە بەفەرمی بڕیاریداوە بەشداریی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان نەکات کە وابڕیارە رۆژی 22ـی مانگی داهاتوو دەستپێبکات، کە برایەتی ساڵی 1984 دامەزراوە، لە وەرزی 2020 ـ 2021 بۆ یەكەمجار نازناوی خولی نایابی كوردستان و جامی هەرێمی كوردستانی بردووەتەوە.