شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە چوارچێوەی کار و چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی سەنتەری کولتووری زانکۆی جیهان ڕێورەسمێک بۆ ناساندنی کتێبێکی نوێ بە ناونیشانی “مشتێک لە هەناسەی سارد و گەرم” بە ئامادەبوونی “د. نەوزاد یەحیا باجگر” سەرۆکی ئەمینداریەتی زانکۆی جیهان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و ئەدیب و ڕۆشنبیرانی کورد و عەرەب بەڕێوەچوو.
کتێبەکە لە نووسینی “ئەژی ڕزگار گۆران”ـە، کە نەوەی شاعیری گەل مامۆستا (گۆران)ـە و چەند کورتیلەشیعرێکی جوانی لەخۆوە گرتووە و ئەوین و دڵداری و نیشتمان بووەتە خامێک بۆ دەربڕینی وشەکانی ئەو شاعیرە و ئازارەکانی بە شیعر درکاندووە، هەروەها بەشێک لە پارچە هۆنراوەکانی نێو ئەو پەرتووکە گێڕانەوەی داستانێکی مێژوویی و گەوهەرێکی ناوازەن لە شیعری نوێ و هاوچەرخدا.
هەر لە چوارچێوەی ڕێورەسمەکەدا شاعیر بە بەشداری هەریەک لە شاعیران “د. مستەفا زەنگەنە” و “عەبدولخالق یەعقوبی” و “د. وریا” چەند پارچە شیعرێکی نێو چاپکراوە شیعرییەکەی خوێندەوە، پاشان گفتوگۆی چڕ و بەرواردێکی نێوان شیعری نوێ و کلاسیک کرا و دوای کۆتاییهاتنی چالاکییەکەش “د. نەوزاد یەحیا باجگر” خەڵاتی ڕێزلێنانی زانکۆکەی بەخشیە ئەو شاعیرە و پشتیوانی خۆی بۆ ئەو
شاعیرە و تەواوی کارە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی لە هەولێر و گشت ناوچەکانی کوردستان دووپاتکردەوە، دواتر چەند پەرتووکێک بە واژووی نووسەر پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

