ئەمشەو چوارشەممە 2025.9.10، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، له دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەریى ئاو و گرفت و کێشەکانى ئەنجامدرا و لە کۆبوونەوەکەدا، سێ تەوەرى سەرکى کە تایبەت بوون بە چارەسەرکردنى گرفتى ئاوى شارە نیشتەجێکانى وەبەرهێنان، گرفتى کارەباى ئیفراز، دابینکردنى بودجەى پێویست بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتە تەکنیکیەکانى ئاوى ناو شار و دەوروبەری، خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
له تەوەرى یەکەمى کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە چارەسەرییەکانى گرفتى کەم ئاوى لە شارە نیشتەجێبووەکانى وەبەرهێنان، پارێزگارى ههولێر، تیشکى خستەسەر ئەو پلان و بەرنامە و پڕۆژانەى کە لە ساڵانى ڕابردوودا بە پاڵپشتی و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنى کەم ئاوى لە تەواوى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون و بە هۆیانەوە توانراوە قۆناغى زۆر باش ببڕن و لە ئێستاشدا تاڕادەیەکى زۆرباش گرفت و کێشەکان چارەسەرکراون، لەوبارەیەشەوە دەستخۆشى لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و هەوڵ و ماندووبوونەکانى بەرز نرخاندن، هەروەها هەردوو بەڕێوەبەرایەتى وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتى ئاوى هەولێرى ڕاسپراد، بەپشت بەست بە ڕێنمایی و ڕێکارەکانى تایبەت بە گەیاندنى ئەوا بە هاوڵاتییان، دیراسەیەکى ووردى کێشەکانى ئاوى شارە نیشتجێبووەکانى وەبەرهێنان بکرێت.
پاشان، دواى گفتوگۆکردن و خستنەڕووى گرفتە تەکنیکیەکانى کارەباى ئیفراز 1 و 2 و 3 کە کێشەى دابەزین و نزمبوونى ڤۆڵتیەیان هەیە، بە سەرۆکایەتى جێگرى پارێزگار بۆ کاروبارى هونەرى و هەریەک لە بەڕێوەبەرانى گشتییى کارەباى هەولێر و بەرێوەبەرى ئاوى هەولێرى لیژنەیەکی پێکهێنا، بۆ دیراسەکردنی ئەو پرسە و چارەسەرکردنی لە زووترین کاتدا.
لە تەوەرى سێەمیش، پارێزگارى هەولێر، ڕایگەیاند، بە سوپاسەوە بۆ ئەو مانگەش لە سەر ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕی ( 2 ملیار دینار )ی دیکە وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردن و نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەى کەم و کوڕییە تەکنیکیەکان و نەهێڵانى گرفت و کێشەکانى سەرچاوەکانى ئاو تەرخانکراوە، لەوبارەیەشەوە بڕیاریدا بە خەرجکردنى هەر ( 2 ملیار دینار ) بۆ هەریەک لە ( بەڕێوەبەرایەتى ئاوى هەولێر، بەرێوەبەرایەتى ئاوى دەوروبەر، بەڕێوەبەرایەتى ئاودێرى هەولێر)، بۆ چارەسەرکردن و نەهێڵانى ئەو کەم و کوڕى و گرفتانەى هەن، جەختیشى له خێڕاترکردنى هەنگاوەکانیان کردەوە و دووپاتى کردەوە کە دەبێت لە زووترین کاتدا ڕێکارى پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانی ئاو.
جێگەى باسە، هەریەک لە جێگرانی پارێزگار، قائیمقامى ناوەندنى هەولێر، سەرۆکى شارەوانى، بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆکان، بەڕێوەبەرى گشتیى وەبەرهێنان، بەڕێوەبەرى گشتیى کارەبا، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان، بەرێوەبەرى نووسینگەى پارێزگار، بەرێوەبەرى گشتیى ژمێریارى پارێزگا، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر، بەڕێوەبەرى ئاوى دەوروبەر، بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا، بەرێوەبەرى تەکنیکى کارەبا، بەڕێوەبەرى گواستنەوەى کارەبا، بەڕێوەبەرى ئاودێرى، بەڕێوەبەرى ئاوى ژێرزەوى لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.

