رۆژنامەی ھەولێر

دوای نەمانی ئاڵۆزییەکان حکوومەت دەستی بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە سنوورییەکان کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا و نەمانی ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٦٥٠ گوندی ھەرێمی کوردستان ئاوەدان دەبنەوە، لە ھەمان کاتدا ھەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی بووژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینن، کە لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا تا ئێستا نەتوانراوە سوود لەو ناوچانە وەربگیرێت.

بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، بۆمباران، سووتانی گوند و ڕەز و باخ و چۆڵکردنی گوندەکان، چیرۆکی ڕۆژانەی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بووە، شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” ‌و سوپای تورکیا، ئەو ناوچانەی خستبووە دۆخێکی نەخوازراو و مەترسیدارەوە، ھەرچەندە ھێشتا بە تەواوی ھێرشەکان نەوەستاون، بەڵام ئەگەری ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی، ئومێدی ئاوەدانی و ئارامیی خستووەتە ‌دڵی دانیشتووانی دەڤەرەکە.
پارتی کرێکارانی کوردستان حزبێکی کوردی چەپە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە باکووری کوردستان دامەزراوە و دواتر لە چیای قەندیل ماونەتەوە، زیاتر لە چل ساڵە لەگەڵ تورکیا شەڕ و ناکۆکییان ھەیە، ڕۆژی دوو شەممە ١٢-٥-٢٠٢٥، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی ١٢ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان ٥ بۆ ٧ـی مانگی پێنج، لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەڕێوەچوو، بەشێوەیەکی فەرمی ھەڵوەشاندنەوەی خۆی و چەکدانانی ڕاگەیاند و کۆتایی بە شەڕی چەکداریی لەگەڵ تورکیا ھێنا.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوێکی ئەمریکی، تورکیا ٧٦ بارەگای سەربازیی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ٦٧ بارەگا و ٩ـیان بنکەی سەربازین، کە نزیکەی ٥٠ لەوانە دەکەونە سنووری پارێزگای دھۆک، ٢٣ بارەگا لە ئامێدی، شێلادزێ، کانێ ماسێ، بامەڕنێ و دێرەلووک، ١٨ بارەگا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ھەروەھا ٩ بنکەی سەربازی ھەن، کە شەشیان لە حەفتەنین و سێیان لە سیدەکانن، بەگوتەی شارەزایانی بواری سەربازی بە چەکدانانی پەکەکە، تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان دەکشێتەوە، کە ئێستا تورکیا بە قووڵایی ١٠٥ کم ھاتووەتە نێو خاکی کوردستانەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی و ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان تورکیا و پەکەکە، ھیوا و ئومێد بۆ خەڵکی گوندەکانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە و زۆرێک لە ھاووڵاتییانی ئەو گوندانە دەست بە چاندن و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانیان کردووە.
بەھۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٥٠ گوندی ھەرێمی کوردستان چۆڵکران، لە ئێستادا لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی ئارامی گەڕاوەتەوە و کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیارییش بووژانەوەیەکی باشی لەو ناوچانە بەخۆیەوە بینیوە.
بەھۆی ھێرشی فڕۆکە و تۆپەکانی تورکیا، زیانێکی زۆر بەر ماڵی ھاووڵاتییان و زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتووە، ھاووڵاتییان بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: ماوەیەک دەبێت خەڵک دەگەڕێتەوە سەر گوندەکانیان، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ناوچەکە ئارام بووەتەوە، دڵخۆشین بەوەی ئێستا بێ ترس دەتوانین بچینە نێو باخەکانی خۆمان و کشتوکاڵ بکەین. بەپرۆسەکەش دڵخۆشین و ھیوادارین تەواوی ناوچە سنوورییەکان ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی ئارامی و ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە بگەڕێتەوە.
ئەحمەد سەلیم، ھاووڵاتییەکی گوندەکانی نێروە و ڕێکانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: شەڕی پەکەکە و تورکیا زیانێکی زۆری گیانی و ماددەی بە ئێمە گەیاندووە، جگە لەوەی بە سەدان گوند لەبەر پەکەکە چۆڵکراون و تا ئێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە، بە ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی ھیوا و ئومێد بۆ ئێمە دروست بووە و خەریکە دەست بە گەڕانەوە و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانمان دەکەین.
قادر واحید، ھاووڵاتییەکی دیکەی ناوچە سنوورییەکانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: بە ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی ئەمن و ئەمان بۆ گوند و ئاواییەکانی ئێمە گەڕاوەتەوە، ئەگەر بێت و پرۆسەکە بە تەواوەتی سەر بگرێت، گوندەکانی ناوچە سنوورییەکان بە تەواوەتی ئاوەدان دەبنەوە، ئەوەش وا دەکات حکوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ گوندەکانی ئێمە درێژ بکات، جگە لەوەی چەندین ناوچەی گەشتیاری لە گوند و ئاواییەکانی ئێمە ھەن، بە چاککردنی ئەو شوێنانە ھەلی کار بۆ خەڵکی ئەو گوندانە پەیدا دەبێت.
گوندنشینان ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەسەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی بەرزدەنرخێنن. ڕەمەزان یاسین، خەڵکی سنووری شارۆچکەی سیدەکانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سەرۆک بارزانی دەورێکی سەرەکی بینیوە لە نەمانی شەڕ و ئالۆزی لە گوند و ئاوایەکانی ئێمە، ھیوادارین ھەرچی زووە پەکەکە لە ناوچەکانی ئێمە نەمێنێت، بۆ ئەوەی بتوانین جارێکی دیکە سەردانی گوند و ئاوایەکانی خۆمان بکەینەوە و لەو خێر و بێرەی کە لە گوندەکان ھەیە سوودمەند بین.
دڵزار حوسێن، شارەزای بواری ئابووری، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بوونی ئەمن و ئاسایش سەرچاوەی بووژانەوەی ئابوورییە، چونکە دانیشتووانی ئەو شوێنانە دڵنیان لە ئیش و کارەکانیان و ڕۆژانە بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ کار و کاسبی و پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، بەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بووژانەوەی ئابووری و گەشتیاری ناوچەکە و وڵات بەگشتی.
گوتیشی: دەیان ساڵە بەھۆی ڕەوشی سەربازی و شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، ناوچە کوردستانییەکان بۆردومان و تۆپباران دەکرێن، لەم نێوانەدا سەدان گوند چۆڵکراون و خەڵکی سڤیل بەم ھۆیەوە شەھید و برینداربوونە، ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت و ئارامی و ئاسایش بۆ گوند و شار و شارۆچکە و ناوچە سنوورییەکانی بگەڕێتەوە، کاروانی خزمەتگوزاریان پێبگات و خەڵک گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، بەدڵنیاییەوە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بووژانەوەی ئابووری لەزۆربەی سێکتەرەکاندا، بەگەڕانەوەی ھاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی ئەم گوندانە قەڕەباڵغی لەسەر شار و شارۆچکەکان کەم دەبێت، ھەروەھا بەرھەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بەشێوەیەک زیاد دەکات کە ئیتر پێویستیمان بەوە نەبێت لە وڵاتانی دیکەوە بۆمان ھاوردە بکرێت، لەڕووی تەندروستیشەوە کاریگەرە، چونکە کەش و ھەوای ئەو گوندە سنووریانە پاک و تەندروستترە بە بەراورد بە شار و شارۆچکەکان.
بەگوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کە قسەیان بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” کردووە، داواکاری سەرەکی خەڵکی ئەو گوندانەی چۆڵکراون ئەوەیە پەکەکە بە تەواوەتی نەمێنێت و پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایەکانی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن و کاری ئاژەڵداری و جووتیاری بکەن، جگە لەوەی ئەو ناوچانەی چۆڵن بە دەیان شوێنی گەشتیاری جوان و خۆشی لێیە و دەبنە ھۆکارێک کە ئەو ناوچانە زیاتر سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشین، ھەروەھا ھەلی کار بۆ چەندین کەس دەڕەخسێت، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی سەر سنوورن، ئێستاش بەو بڕیارەی پەکەکە کە چەکدانان و خۆ ھەڵوەشاندنەوەیە خۆشحاڵن و بە ھیوان لە ماوەیەکی نزیکدا بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایەکانی خۆیان، ئێمەش وەکو حکوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ ھەموو ئەو گوند و ئاوایانە درێژ دەکەین و وەکو گوندەکانی دیکە ئاوەدان دەکەینەوە.