رۆژنامەی ھەولێر

کۆلێرا وەک نەخۆشییەکی پشتگوێخراو

ماكوان عێزەت-هەولێر

نەخۆشینی کۆلێرا یەکێکە لەونەخۆشیانەی زۆر زوو بڵاودەبێتەوە، نەخۆشییەکی بەکتریاییە، بە هۆی چوونە ژوورەوەی بەکتریای ڤایبریۆ کۆلێرا cholerae (Vibrio بۆ ناو کۆئەندامی هەرس تووشی مرۆڤ دەبێت.

د. بێستون ئەحمەد شێخانی پسپۆڕی پزیشکی بەرگری جەستە، باس لە نەخۆشییەكەدەكات و چەند ڕێنماییەكی تایبەت بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییەكە دەخاتە ڕوو، سەرەتا باس لەوە دەكات كە: ساڵانە نزیکەی ١.٤ بۆ ٤.٣ ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، بۆیە عێراق و کوردستان بەدەر نین لەم نەخۆشییە. ڕێژەی مردن لەسەدا یەکە ١٪ ئەگەر نەخۆش زوو چارەسەری پێویست وەربگرێت. بەڵام ئەگەر چارەسەر وەرنەگریت زۆر بەخێرایی دەبێتە هۆی مردن و بەرزبونەوەی ڕێژەکە. یەکەمجار لە هیندستان سەری هەڵداوە بە هۆی بوونی ئاوی پیس لەم ناوچەیە. کەواتە هەبوونی ئاوی پیس بە هۆکاری سەرەکی تووشبوون و گواستنەوەی نەخۆشیەکە دادەنرێت، کاتێک ئەم ئاوە بۆ خواردنەوە یاخود شۆردنەوەی میوە و سەوزە بەکار دێت.
چۆنیەتیی گواستنەوەی نەخۆشییەكە
د. بێستون ئەحمەد شێخانی ڕوونی دەكاتەوە نەخۆشینی کۆلێرا بە ئاسانی دەگوازرێتەوە لە کەسی تووشبوو بۆ کەسی تەندروست بە چەند ڕێگایەک:
١- بە خواردن و خواردنەوەی پیسداگەڕاو بەم بەکتریایە؛
٢- چونە ژوورەوەی بەکتریاکە ڕاستەوخۆ لەڕێگەی بەکارهێنانی شتی پیس بۆ ناودەم؛
٣- مێشوولە دەوری هەیە لە گواستنەوەی لەو شوێنانەی کە پیس بووە بەم بەکتریایە.

نیشانەکانی
وەک هەر نەخۆشییەکی تر دووچاری سکچوونی کەم یان مامناوەند دەبنەوە، بەڵام زۆربەی جار هەندێک کەس بە توندی تووشدەبن، نیشانەکانی لەماوەی پێنج ڕۆژدا دەردەکەون وەک:
سکچوون: سکچوونێکی توند، کە لە شێوەی ئاوی برنجە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە.
دڵتێکچوون و ڕشانەوە: بەگشتی لە سەرەتاکانی نەخۆشییەکەدا ڕشانەوە دەست پێ دەکات، ڕشانەوەکە بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت.
وشکبوونەوەی جەستە: ئەم دوو نیشانەیەی سەرەوە وادەکات نەخۆش بڕێکی زۆری ئاو و خوێی لەش لە ماوەیەکی کەمدا لەدەستبدات ببێتە هۆی لاوازبوونی گورچیلەکانی، جەستە ماددە خۆراکییەکانی لەدەست دەدات، لەدەستدانی١٠ ٪ی کێشی جەستە نیشانەیەکە بۆ وشکبوونەوەی جەستە. لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ماندوویەتی، بەرچاوڕەشبوون، وشکبوونەوەی پێست و دەم و ناو لووت، کەمبوونەوەی میزکردن، ناڕێکی لێدانی دڵ، ناڕێکی پەستانی خوێن، بێتاقەتی، گرژبوونی ماسولکەکان.
دەستنیشانکردن
دوای ئەوەی هەستت بە نیشانەکان کرد پیویستە بەزووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەی، لە ڕێگەی پشکنینی جەستەو و پشکنینی پیساییەوە دەتوانێرێ نەخۆشیەکە دیاری بکرێت. . وە لە منداڵان و کەسی بە تەمەن کە تووشدەبن زیاتر مەترسیان لەسەرە، پێویستە بە زووترین کات چارەسەر بکرێن.
خۆپاراستن و ڕێگریکردن
١.ڕێنمایی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی کۆلێرا نەبوون
oشۆردنی دەستەکان بە ئاو و سابوون دوای هاتنە دەرەوە لە تەوالێت، یا دوای بەرکەوتن بە کەسانی تووشبوو.
oخواردنەوەی ئاوی پاک.
oدوورکەوتنەوە لە خواردنی گۆشتی نەکوڵاو، سەردانەپۆشراو و دەستگێڕ و عارەبانەکان.
oشۆردنەوەی میوە و سەوزە بەباشی.
٢. ئەو کەسانەی تووشی کۆلێرا بوون.
oجیاکردنەوەی کەسانی تووشبوو، لە ئەندامانی دیکەی خێران.
oپاککردنەوەی کەلوپەلی نەخۆشەکە و ئەو جلوبەرگانەی بەکاریدەهێنێت.
oلابردنی پاشماوەکانی نەخۆشەکە، بەشێوەیەکی تەندروست.
چارەسەر
د. بێستون ئەحمەد شێخانی چارەسەری لە نەخۆشییەكە دەخاتە ڕوو كەبریتین لە:
oئەگەر هاتوو نەخۆشەکە سکچوونەکەی زۆر بوو و بەم هۆیەوە ئاوێکی زۆری لەدەست دابوو پێویستە ژیناوی(مغزی) پێ بدرێ و جەستەی لە وشک بونەوە بپارێزی، هەروەها پێدانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە، بە تایبەت دەرمانی دژە زیندەگی.
oخواردنەوەی رێژەیەکی زۆر شلەمەنی، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەیەی جەستە لەدەستی داوە.
oخواردنی شلەمەنی و سووپ و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییەکان.