بۆ کوردی: ئامانج غازی
پێشەکی: مەمۆ سەیدا
خاڵی یەکەم: سوپاسێکی زۆر ئاراستەی بەڕێز (سەدات کاراکۆچ) دەکەم کە زەحمەتی دۆزینەوەی ئەم بابەتەی لە کتێبخانەکانی باکۆ (ئازەربایجان) کێشا و بۆی ناردنم، هەروەها بۆ (محەمەد ئیبراهیم)ـی خۆشەویست کە هۆکاری پەیوەندی لەگەڵ بەڕێز سەدات بوو. هەروەھا سوپاسگوزاری (نیلگون دۆگروسۆز) مامۆستاکەم و (زافەر ئۆزگولەنم)ـی هاوکارم بۆ دابینکردنی سەرچاوە دەربارەی مەقامی کوردی (کورد).
هەروەها پێزانینی خۆم بۆ هاوڕێ موحسین سەیدا بۆ بایەخدانی بە وەرگێڕانی ئەم بابەتە و هاندانیان بۆ زیادکردنی پێشەکییەکی ناساندن و تێبینی و بەدواداچوونی موزیکی و دەرەنجامی تایبەتی خۆم بۆ ئەم شروڤەیەی کریستنسن دەربڕم.
خاڵی دووەم: ئەم بابەتە بریتییە لە وانەیەک کە توێژەری موزیکی ئەڵمانی دیتەر کریستنسن (١٩٣٢ _ ٢٠١٧) لە سیمپۆزیۆمی جیهانیی موزیکیی “فەزای مەقام” لە ساڵی ٢٠٠٩ لە (باکۆ)ی پایتەختی ئازەربایجان پێشکەشی کرد. کریستنسن بە یەکێک لە قوتابییەکانی توێژەری موزیکی ئەڵمانی کوورت ڕاینهارد (١٩١٤ _ ١٩٧٩) دادەنرێت، کە لە توێژینەوەی موزیکی لە تورکیا (بە ناوچە کوردییەکانیشەوە) پسپۆڕ بووە. بە شوێنپێی ڕاینهارددا، کریستنسن لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە کاری توێژینەوەی مەیدانی لە تورکیا کرد، بەتایبەتی لە پارێزگای هەکاری. هەروەها لەسەر موزیکی کوردی لە کوردستانی ئێرانیش توێژینەوەی کردووە. لە پاڵ موزیکی کوردیدا، کریستنسن توێژینەوەی لەسەر موزیکی هەندێک وڵاتی بەڵقان وهەروەها موزیکی عەرەبی (بەتایبەتی لە سەڵتەنەتی عومان) ئەنجام داوە. حەوت ساڵ پێش مردنی خانەنشین بوو و لە ویلایەتە یەکگرتووەکان (زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیویۆرک) گەڕایەوە و لە وڵاتەکەی خۆی، ئەڵمانیا بۆ تەواوکردنی توێژینەوە موزیکییەکانی لەنێو ڕەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بوو.
سەرەڕای تێبینییە کەسییەکانی من لەسەر توێژینەوەکانی کە قووڵ و درێژ نین و لە چوارچێوەی وتاری بچووک و بابەتە وانەییەکان تێناپەڕن، بەڵام هێشتا وەک کەرەستەی بەنرخ بۆ توێژینەوە و سوودلێوەرگرتن دەمێننەوە. بۆ ئەوەی دادپەروەر بم و لە حوکمەکانمدا ستەمکار نەبم، لەوانەیە پێویست بێت شتێک لەبەرچاو بگرین، ئەویش ئەو مەترسییەیە کە ڕووبەڕووی هەر توێژینەوەیەکی مەیدانی پەیوەست بە کورد دەبووەوە، چ لە تورکیا بێت یان لە ئێران لەو سەردەمەدا، تەنانەت ئەگەر هونەری و موزیکیش بووبێت. هەروەها نابێت لەبیرمان بچێت کە (ئەو) بواری توێژینەوەی مەیدانی لە بواری موزیکی کوردیدا بە بابەتی گرنگ دەوڵەمەند کرد، وەک: پەیوەندیی موزیکی کوردی بە ناسنامەی کوردییەوە؛ موزیکی کوردی لەنێوان لادێ وشاردا؛ توێژینەوەیەکی مەیدانی لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئەڵمانیا کە تێیدا بەراوردی نێوان موزیکی کوردی لە نیشتمان پێش پەنجا ساڵ و ئێستا (٢٠٠٧) لە تاراوگە دەکات. سەرنجڕاکێشترینیان، لە ڕوانگەی کەسیی منەوە، ئەو بابەتەیە، کە لێرەدا شرۆڤەی دەکەین.
خاڵی سێیەم و کۆتایی: کاتێک بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٥ نووسینەکانی (کریستنسن) م خوێندەوە، بەپەلە لە ئینتەرنێتدا بەدوای نووسینەکانیتریدا گەڕام وچاوم بە ناونیشانی ئەم بابەتەی، کە لە بەردەستماندایە کەوت.
ئەم بابەتە زیندووە هەر زوو سەرنجی ڕاکێشام کە باس لە پەیوەندیی کورد بە مەقامی کوردەوە دەکات. چونکە هەمان پرس ساڵانێکی درێژ بوو مێشکی منی سەرقاڵ کردبوو، بۆیە بە مکوڕییەوە هەوڵمدا ئەم وتارە بەدەست بهێنم وگەشتی گەڕان دەستی پێکرد تا بەخت یاوەرم بوو ونزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر دەستم کەوت. کریستنسن لەم بابەتەدا بیرۆکە وگریمانەکانی خۆی دەربارەی پەیوەندیی نێوان گەلی کورد و ناوی مەقامی کورد دەخاتەڕوو. ئێمە دەیخوێنینەوە وپاشان تێبینیی وبەدواداچوونەکانمان لەسەریدا بنیاد دەنێین ودەیخەینەڕوو یان دەکرێ بتوانین ناوی بنێین دەرەنجام و تەواوکەری ئەوەی دیتەر کریستنسن لە توێژینەوەکەیدا دەستی پێ کردووە. (1) )بابەتەکەی نووسەر دیتەر کریستنسن (وەرگێڕدراو لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ زمانی عەرەبی)
لە کۆبوونەوەیەکی ئەکادیمیدا لە ئەستەنبوڵ لە کانوونی یەکەمی (دیسێمبەری) ٢٠٠٨، کەسێک ئەم پرسیارە سادەیەی ورووژاند: پەیوەندیی کورد بە مەقامی کوردییەوە چییە؟ (2)
هەردوو گوتاری گشتی وئەدەبیاتی مۆزیکۆلۆجی (زانستی موزیک) پێیان وایە کە ئەم مەقامە تایبەتمەندیی موزیکی کوردی هەیە، یان تەنانەت نوێنەرایەتیی چۆنیەتیی دروستکردنی موزیک لەلایەن کوردەوە دەکات. لەم وتارە کورتەدا، دەمەوێت ئەم پرسە تاقی بکەمەوە بە پشتبەستن بە کەرەستەی ئەزموونی لە پلەی یەکەمدا، تۆمارە نابازرگانییەکانی موزیکی کوردی، واتە ئەو تۆمارە مەیدانییانەی کە من و هاوسەرەکەم، نێرتوس کریستنسن، لە کوردستانی تورکیا و ئێران لە ساڵانی ١٩٥٠ و١٩٦٠ تۆمارمان کردوون.
تیۆری و پراکتیکیی (زانستی) مەقام، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە موغام (لە ئازەربایجان) و پێکهاتەکانی دەستگا (لە ئێران) و بە جیاوازییە هەرێمییەکانەوە لێی تێدەگەین، میراتێکی هاوبەشی شارستانیی شارستانییەتەکانی ڕۆژئاوای ئاسیایە، لە ئێران و ئازەربایجانەوە تا میزۆپۆتامیا و بۆسفۆر و هەروەها وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باشووری دەریای سپی ناوەڕاست، هەموویان مەقامێکیان هەیە بە ناوی “کوردی” یان “کورد”. هەروەها مەقامی دیکەش هەن کە لە ناوی گەلانەوە وەرگیراون، بۆ نموونە “عەجەم”؛ یان لە ناوی وڵاتانەوە، وەک لە نموونەکانی “عێراق” و “حیجاز”دا؛ یان لە شوێنەکان و پلە میلۆدییەکانییەوە.
ئەوەی مەقامی کورد بەپێی ئەوەی لە سەرچاوە نووسراوەکانەوە تێیگەیشتووین و لە مەقامەکانی تر جیای دەکاتەوە، ڕەگەزی واتە تتراکۆردی (دۆ _ سی بێمۆڵ _ لا بێمۆڵ _ سۆڵ)ـە لە ڕەوتێکی مێلۆدیی خوارچوودا (4). ئەمە شێوازێکی دەنگی یان ئامێریی دیاریکراوی پێرفۆرمەر یان ڕیتم نییە، بەڵکو ئەم پێکهاتە دیاریکراوەی میانە دەنگییە میلۆدییەکانیەتی.
ئەم پێشکەشکردنە کورتە هەوڵ دەدات لێکۆڵینەوە لەوە بکات ئایا بە ڕاستی پەیوەندییەک لەنێوان تایبەتمەندییە پێکهاتەییە موزیکییەکانی مەقامی کورد و نەریتە موزیکییەکانی “کورد”دا هەیە.
ناولێنانەکە لە کوێوە هاتووە؟
تا ئەمڕۆ، موزیککارە کوردەکان لە کوردستاندا بایەخیان بە داڕشتنی تیۆری بۆ سیستەمە موزیکییەکانی وەک مەقامات نەداوە.
تیۆری زارەکی بەرفراوان هەیە وەک (وەسفی و پێوانەیی) لە ناونانی بۆتە و ژانرە موزیکییەکان ولایەنەکانی دیکەی چەمک و شێوازەکانی پەیوەست بە پێرفۆرمەنسەوە، بەڵام هیچ چەمکێکی دیاریکراو بۆ میانەکان یا کێشی موزیکی یان سیستەمەکان یاخود مەقامەکان نییە، جگە لەوەی کە لەم دواییانەدا پابەندی پێوە کراوە. لەوانەیە ئەمە پەیوەندی بەو ڕاستییەوە هەبێت کە نەریتەکانی موزیکی کوردی لە بنەڕەتدا دەنگین واتە (گۆرانی ئامێزن) نەک ئامێری، هەرچەندە ئامێرەکانی موزیکی بۆ هەندێک گرووپی کوردی گرنگن؛ باغڵەمە بۆ کوردە عەلەوییەکان، تەمبوور بۆ ئەهلی هەق. بۆیە دەتوانین بگەینە ئەو دەرەنجامەی کە بیرۆکەی مەقامی کورد لەنێو کورددا سەری هەڵنەداوە، بەڵکو لە شوێنێکی تردا بووە.
گونجاوترین چوارچێوە، کۆشکی عوسمانییە کە تێیدا ناونانی “مەقامی کوردی” لە سەرەتای سەدەی حەڤدەیەمدا دەرکەوتووە.
لە قۆناغە مێژووویەکانی پەیوەندیدار بە تێڕوانینەکانمانەوە، بۆ نموونە لە سەدەی شازدەهەمەوە، ئەو کەسانەی کە وەک “کورد” ناسێنراون یان خۆیان ناساندووە، لە ناوچەیەکی هاوسنووردا ژیاون کە ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵ، باکووری عێراق بە زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە باکووری بەغدا و لە ڕۆژئاوای ئێران لە دەریاچەی ورمێوە بەرەو باشوور تا کرماشان لەخۆ دەگرێت. هەروەها پارێزگای دابڕاو لە خۆراسان و قەوقازیش هەن (5). کورد بە زۆری لە ناوچە لادێییەکاندا ژیاون و دەژین. جیاوازییە بەرچاوەکان لە زمان، زاراوە، ئایین _ بە کورتی، کولتوور لەنێوان گرووپە کوردییەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا کە ئەمڕۆ ڕووبەڕوویان دەبینەوە، پێدەچێت بگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر.
زانیارییەکانی ئێمە دەربارەی موزیکی کوردی هێشتا پچڕپچڕە. زۆربەی لە لێکۆڵینەوە فۆلکلۆرییەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو لەنێو کوردانی قەوقاز (6) و لە توێژینەوەکانی ئیتنۆمۆزیکۆلۆژی (زانستی موزیکی گەلان/ نەتەوەکان)ـی لادێیی کە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ڕۆژهەڵاتی تۆرۆس (تورکیا) و چیاکانی زاگرۆس (7) و خۆراسان (ئێران) (8) لەلایەن توێژەرانی ڕۆژئاواییەوە ئەنجام دراون و لە ئێران لەلایەن توێژەرانی ئێرانییەوە وەرگیراون. بەڵام ئەوەندە هەیە کە بتوانین کێشەکەمان چارەسەر بکەین. بۆیە پرسیاری دواتر ئەمەیە: کام کوردن کە لەوانەیە ئەم ناو لێنانە (مەقامی کورد) ئاماژەیان پێ بکات؟ کام لە نەریتە موزیکییەکانیان _ ژانرەکانیان _ لەوانەیە ناولێنانەکەی پێشنیار کردبێت؟
کۆشکی عوسمانی، کەوا گریمانە دەکەین شوێنی یەکەمجاری ناولێنانی مەقامی کورد بووبێت، موزیککارانی لە سەرتاسەری ئیمپراتۆرییەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ (یان ئەدرنە) ڕادەکێشا، هەروەها لە ئێران وشوێنەکانی تریشەوە. وەک واڵتەر فێڵدمان (١٩٩٦: ٥٣) ڕوونی کردووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر موزیککار لە ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵی کوردی وبەتایبەتی لە دیاربەکر و بدلیس و ئورفا و ماردین لە کۆشکی عوسمانیدا هەبوون. لەم ڕۆژگارەدا، هیچ موزیککارێکی پیشەگەری کورد لە کۆمەڵگە لادێییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵدا نییە _ موزیککاری پیشەگەر هەن کە پێیان دەوترێت موتریب، کە لە وشەی (مگرب)ـی عەرەبییەوە ئەو کەسەی کە شادی و خۆشنوودی و فەراهەم دەکات) وەرگیراوە، بەڵام ئەمانە کورد نین بەڵکو قەرەجن.
موزیککاری کورد هەن کە زۆر ڕێزیان بۆ لێهاتووییە موزیکییەکانیان وەک وەگێڕ وگۆرانیبێژی گۆرانییە داستانئامێزەکان و، وەک شاعیر لێ دەگیرێت، بەڵام ئەمانە “موزیککاری پیشەگەر” نین، داوای پاداشت ناکەن و بۆ کارەکەیان وەری ناگرن، بەڵام لەوانەیە “خەڵاتی شانازی” یان دیاری لە فەرمانڕەوا و سەرۆک عەشیرەتەکان وەربگرن. ئەمانە بانگهێشت دەکرێن بۆ چڕینی گۆرانی کاتێک ئاهەنگێک بۆ میوانە قەدرگرانەکان هەبێت. من پێم وایە ئەمانە _ کە بە دەنگبێژ یان شاعیر ناسراون ئەوانەن کە غەیرە کورد بە نوێنەری موزیکی کوردییان دادەنێن و ئامادەیییان هەیە بانگهێشتنامە لە ناوەندە باڵاکانەوە قبووڵ بکەن (9). هونەری دەنگبێژی بەردەوامییەکی زۆری هەیە _ ئەمەش گریمانەیەکی ترە _ و دەتوانین چاوەڕوان بین کە ئەوەی “نموونەیی” بۆ گۆرانیی داستانئامێزی کوردی دەردەکەوێت، بەشێکی گەورەی لانیکەم لە نەریتە (موزیکییە) لادێییەکاندا، ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک بە درێژایی سەدەکان نەکەوتۆتە ژێر کاریگەری دەرەکی ماوەتەوە، لێرەدا دەروێشەکانی لادێیی، بەشێوەیەکی بەشەکی لە میراتی دەنگبێژیدا هاوبەش دەبن.
سەرچاوەکانی سەدەی حەڤدە پێمان دەڵێن کە کورد لە تیۆریی موزیکی عوسمانیدا ئاماژەی بە مەقامە سەرەکی ولاوەکییەکان (10) دەکرد بە ڕەگەزی چوارینەی (دۆ _ سی بێمۆڵ _ لا بێمۆڵ _ سۆڵ) لە ڕەوتێکی مێلۆدیی خوارچوودا. ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێرفۆرمەری شارستانی/شارییانەی مەقامەکەدا بەسەردا هاتبێت؟ خۆشبەختانە، سەرچاوەی نووسراو هەن کە نیشانی دەدەن پێکهاتەی میانەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی وەک خۆی ماوەتەوە. بۆیە لێرەدا هیچ شتێکیتر شک نابەین جگە لەوەی لە نەریتە موزیکییەکانی کوردییدا بەدوایدا بگەڕێین.
لە کۆمەڵەکەی مندا کە نزیکەی ٤٢٠ تۆماری مەیدانیی موزیکی لادێی کوردییە، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٧ بۆ ١٩٦٥ ئەنجام دراون، موزیکی گۆرانییە داستانئامێزەکانم کە لەلایەن دەنگبێژە دیارەکانی هەکاری (باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا) و موکریان (باکووری ڕۆژئاوای ئێران چڕدراون بە نۆتە کردووە. ئەم گۆرانیبێژانە شوێن ڕێچکەی نەریتیی پێرفۆرمەنس بەبێ ئامێری موزیکی _ نە تەمبوور ونە ساز دەکەون وتەنها دەروێشەکان لەگەڵ ئامێرێکی ئیقاعیدا (عەرەبانە یان دایرە) گۆرانی دەچڕن.
مەقامە نۆتەکراوانەدا، کەمتر لە ١٠٪ پێکهاتەی میانەکانی مەقامی (کورد)یان تێدا دەردەکەوێت. گۆرانییەکانی سەمای کوردی وزەماوەندی نەریتی لە ناوچەی هەکاری لە تورکیا مەقامی هاوشێوەی مەقامی (کورد)یان بەکار نەهێناوە (11).
ئایا وەسفی کوردی (مەقامی کورد) لە شتێکی ترەوە جگە لە میانە میلۆدییەکانی ناو پێکهاتەی موزیکی کوردی وەرگیراوە؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە گۆرانییەکی موزیکیی دیاریکراو بووبێتە هۆی دەرکەوتنی ناو لێنانەکە؟ ئایا موزیکی لادێی کوردی بە شێوەیەکی ڕیشەیی لە سەدەی حەڤدەهەمەوە گۆڕاوە؟ هەرچۆنێک بێت گۆرانی لادێیی کوردی لە سەدەی بیستەمدا لەگەڵ شێوازی مەقامی (کورد)دا، نە لە ژانرەکانی گێڕانەوەی (گۆرانی گێڕانەوەیی) ئایینی یان دنیاییدا و، نە لە ژانرەکانی سەما یان ڕێوڕەسمەکاندا ناگونجێت.
تێبینیی و سەرنجی وەرگێڕ
کریستنسن وەڵامێکی تەواوی بۆ پرسیارە ورووژێنراوەکەی نەداینەوە “کورد (مەقامی کورد) لە کوێوە هاتووە و پەیوەندیی بە کوردەوە (گەلی کورد) چییە؟” بەڵام بێگومان زانیاریی بەسوود و سەرچاوەی پێ داین کە دەتوانین لێوەی دەست پێ بکەین. لە میانی وانەکەیدا، کریستنسن بەراوردی نێوان وشەی “عەجەم” وەک مەقام و ناوی گەل و “کورد”یش وەک مەقام و ناوی گەل دەکات، لەوانەیە وەک وەڵامێک بێت بۆ هەندێک گریمانە کە پێیان وایە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان وشەی “کورد” وەک مەقام (کوردی مەقام) و کورد وەک گەلدا نییە.
منیش چەندین جار ڕووبەڕووی هەمان وەڵام بوومەتەوە کاتێک پرسیارم لە هەندێک پسپۆڕ لە تورکیا کردووە “ئایا مەقامی کوردی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە؟” وەڵامەکان هەمیشە لەم جۆرە بوون: “ناولێنانی کوردی بە پێویستی ئاماژە بە گەلی کورد ناکات. لەوانەیە وشەکە ئاماژە بە شتێکی تر بکات، یان وشەیەکی تر بووبێت و بە تێپەڕبوونی کات شێوێنرابێت تا بووەتە ‘کوردی’.” بەراورد بەو تیۆرییەی کە دەڵێت مەقامی “بوسەلیک” لە بنەڕەتدا “ئەبو سلیک” بووە؛ مەقامی “ماهوور” لە بنەڕەتدا “ماخوور” بووە. بەڵام چ زیانێکی تێدایە ئەگەر مەقامی “کوردی/ کورد” بە ناوی کوردەوە بێت (وەک عەجەم، وەک کریستنسن باسی کرد)؟
کریستنسن سەرنج و ئاراستەمان بۆ دوو خاڵی گرنگ ڕادەکێشێ، کە بتوانین لێیانەوە دەست بە توێژینەوە بکەین: یەکەم ئەوەی کە ناو لێنانەکە لە “ئەویتر”ەوە هاتووە و کورد خۆیان ئەم ناوە/ زاراوەیەیان دانەناوە. خاڵی دووەم: دەڵێت ناولێنانی “مەقامی کوردی” لە کۆشکی عوسمانییەوە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا دەرچووە و، لە دواییدا، بە پشتبەستن بە کتێبەکەی واڵتەر فێڵدمان، باسی لە ڕاستی و دروستیی هەبوونی موزیککاری کورد لە دیاربەکر و ئورفا و بدلیس و ماردین لە کۆشکی عوسمانیدا دەکات. کریستنسن ئەو بیرۆکەیە بە ئەگەرێک دەزانێت کە لەوانەیە ئەمە ئاوازە جیاوازەکە بووبێت لە موزیکی ئەو موزیککارە کوردانەدا لە کۆشکدا.
لە کتێبەکەیدا “المقامات فی الموسیقی التركیە”، (یەعقوب فیکرەت کوتڵوغ) باس لەوە دەکات کە مەقامی کوردی لە بنەڕەتدا ناوی “ئەبو سلیک” یان “ئەبی سلیک” بووە و لە سەردەمی لادیکلی محەمەد چەلەبیدا گۆڕاوە بۆ “کوردی” (٢٠٠٠، ل: ١٦٠). ئەگەر مێژووی کارە نووسراوەکانی چەلەبی لە هەشتاکانی سەدەی پازدەهەمدا لەبەرچاو بگرین، دەتوانین بڵێین دەرکەوتنی زاراوە/ ناوی مەقامی کورد/ کوردی زیاتر لە سەدەیەک پێش ئەو مێژووەیە کە کریستنسن باسی دەکات هەبووە. سەرەڕای ئەوە، لەنێو ئەو کارە موزیکییانەی کە دیمیتری کانتەمیر (١٦٧٣ _ ١٧٢٣) لە “کتابی (علم الموسیقی علی وجه الحروفات) دا تۆماری کردوون، ئاوازدانانێک هەیە لە بۆتەی پێشرەودا (بەشڕەف) بە ناوی “پێشرەوی کوردی” کە هی ئاوازدانەر شازادە (کورکوت) کوڕی سوڵتان بایەزیدی دووەمە (تورا، ٢٠٠٠: ل. ٦٧٢). وەک لە کتێبە مێژوووییەکانەوە دەزانین، کورکوت لە ساڵی ١٥١٣ لەسەر دەستی برا بچووکەکەی، سەلیمی یەکەم، کوژراوە و، ئەم مێژووە نزیکەی لەگەڵ ئەوەی کوتڵوغ پێشتر باسی کرد، دەگونجێت.
سەبارەت بە “پێشرەوی کوردی”، ڕەئووف یەکتا بەگ (١٨٧١ _ ١٩٣٥) لە کتێبەکەیدا واتە “الموسیقی التركیە” (١٩٢٢)، بەم شێوەیە لەسەر مەقامەکەی دەدوێت: “ئەم مەقامە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مەقامی حوسەینیدا نییە. بەڵام چونکە کورد زۆر بەکاری دەهێنن، لاسایی شێوە تایبەتەکەیان (ستایلی تایبەت بە کورد) کراوەتەوە و ناویان ناوە کوردی” (یەکتا) وەرگێڕان لە فەڕەنسییەوە بۆ تورکی لەلایەن ئۆرهان نوسوح ئۆغڵو، ١٩٨٦: ل. ٥١). نموونەیەکی تر لە کاتێکی نزیکترەوە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم.
لە تۆمارێکی جەمیل بەگی تەمبوورژەندا (١٨٧٢ _ ١٩١٦) لەسەر ئامێری تەمبووری عوسمانی بە ناوی “کوردی تەقسیم”، جەمیل بەگ ئەو مەقامە ناژەنێت کە ئێستا بە ناوی کورد/ کوردی ناسراوە، بەڵکو مەقامی حوسەینی دەژەنێت (بەیات حوسەینی) و بۆیە پێی دەوترێت حوسەینی بەهۆی بە بنکە بوونی نۆتەی پلەدەنگی حوسەینی لە مەقامەکەدا واتە پلەدەنگی ‘می’ لە موزیکی تورکی عوسمانیدا و پلەدەنگی’لا ‘ش لە موزیکی عەرەبیدا). ئەم دوو نموونەیە بە وردی زانستییەوە گۆڕانی ڕەوتی مەقامی کورد/ کوردی لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا پشتڕاست دەکەنەوە وئەمەش ئەو قسەیەی کریستنسن پووچەڵ دەکاتەوە کە گوتبووی “سەرچاوەی نووسراو هەن کە نیشانی دەدەن پێکهاتەی میانەکان (لە مەقامی کورد) دا بە شێوەیەکی بنەڕەتی وەک خۆی ماوەتەوە.” ئەم قسەیە تەنها ئەگەر پشت بەوە ببەستین کە بوسەلیک و کوردی هەمان مەقامن بەپێی بۆچوونی کوتڵوغ، ڕاستە.
بەڵام کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە نووسراو و تۆمارکراوەکان دەربارەی مەقامی کورد/کوردی، دەبینین دوو مەقامی جیاوازن. واتە مەقامی کورد/ کوردی کە ئێستا دەیناسین، هەمان مەقامی کورد/ کوردی نییە کە لە ئەدەبیاتی موزیکی عوسمانیدا لە سەدەی پازدەهەمەوە تا سەرەتای سەدەی بیستەم هاتووە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە زانیارییەکەی کوتڵوغیش لە چوارچێوەی شێوەی مەقامەکە لە سەدەی پازدەهەمدا نادروستە، بەڵام لەو ڕووەوە ڕاستە کە مەقامێکی وا لەو سەردەمەدا هەبووە.
لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین ئەگەر کریستنسن لەنێو تۆمارەکانیدا بە نیەتی مەقامی حوسەینیی ئێستا (وبە پێچەوانەشەوە) بەدوای مەقامی کورددا بگەڕایە، زۆری دەدۆزییەوە. (ناتوانم ڕێژەیەکی دیاریکراوی دۆزینەوەکانی بەبێ لێکۆڵینەویەکی ورد دیاریبکەم). بەڵام دەتوانم بڵێم مەقامی حوسەینی بە مۆڕک وتیمبەری کوردییەوە، پانتاییەکی گەورە لە گەنجینەی موزیکی کوردیدا داگیر دەکات. وئەوەی کە عودژەنی عێراقی جەمیل بەشیر (١٩٢٠ _ ١٩٧٧) ناوی دەنێت مەقامی لاوکی کوردی، هیچی تر نییە جگە لە ستایلێکی تایبەت بە کورد لە پێرفۆرمەنسی مەقامی حوسەینیدا. لێرەدا بەم شێوەیە ئەکادیمییە وەڵامی بابەتەکەی دیتەر کریستنسنمان دایەوە سەبارەت بە پەیوەندیی گەلی کورد بە مەقامی کوردەوە، بەڵام ئەم وەڵامەی ئێمەش دەرگا لە بەردەم پرسیارگەلێکدا دەکاتەوە کە بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن.
زۆربەی ناوەکانی مەقامەکان لە موزیکی ڕۆژهەڵاتیدا هەمان ناوەکانی نۆتەکانن (نیشانەکانی موزیکیی) یان وەک فارابی ناویان دەنێت دەستانەکان (کۆی دەستان لە فارسییەوە (دەست دان)، واتە شوێنی پەنجە یان دەست). بەبێ گوێدانە ئەوەی کە مەقامێکی سەربەخۆیە، پلەدەنگی (کوردی) لە موزیکی تورکی عوسمانیدا بەرامبەر تۆنی (سی بێمۆڵ)ـە لە موزیکی ڕۆژئاواییدا ومەقامەکە ناونراوە “کوردی” چونکە ئەم پلەدەنگییە کەسایەتییەکەی دیاری دەکات. بەڵام لە مەقامی (حوسەینی) دا، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە پلەدەنگی حوسەینی (نیشانەی پلەدەنگی (می)ـیە لە موزیکی ڕۆژئاواییدا) کەسایەتیی مەقامییەکەی دیاری دەکات، بەڵام نیشانەی “سی” لە ڕەوتەکەیدا “سی بێمۆڵ” نییە بەڵکو (سی نیو بێمۆڵ)ـە، واتە پلەدەنگی “سێگا”یە و نەک پلەدەنگی “کوردی” و، بێگومان نابێت لەبیرمان بچێت کە جێگیربوونی هەردوو مەقامەکە (کورد و حوسەینی) لەسەر پلەدەنگی (دۆگایە) واتە (نیشانەی پلەدەنگی (لا) لە موزیکی ڕۆژئاواییدا.)
بەم پێیە پرسیارەکانمان بەم شێوەیەن: ئایا نیشانەی پلەدەنگی (سی) کە لە ڕەوت و پێرفۆرمەنسی مەقامی حوسەینیدا لە ژەنین و گۆرانی چڕینی کورددا هاتووە، دەنگێک نزمتر لە پلەدەنگی حوسەینی باو لای ئەوانی تر بووە؟ بە واتایەکی تر، ئایا لە نێوان دوو پلەدەنگی (سێگا) و (کوردی)ـەکەی ئێستادا بووە (لەنێوان سی نیو بێمۆڵ وسی بێمۆڵ)، لەوانەیە ئەو نۆتەیەی کە ئێستا لە موزیکی تورکیدا پێی دەوترێت (دیک کوردی) بێ؟ و بەم شێوەیە و بە تێپەڕینی کات سنوورە جوگرافی و کولتوورییەکان تێکەڵ بوون ولەگەڵیاندا نۆتەکانیش تێکەڵ بوون و (مەقامی کورد/ کوردی) بووە مەقامێکی تر کە بە وەرگرتنی سی بێمۆڵ وەک بنەما ناسراوە و نەک وەک ستایلێکی تایبەت بە کورد لە پێرفۆرمەنسی مەقامی حوسەینیدا بە نزمکردنەوەی پلەدەنگی (سێگا)؟ ئایا کورد لە پێرفۆرمەنسی ئۆکتاڤ/ دیوانی جوابدا لە مەقامی حوسەینیدا پلەدەنگی (سونبولە) (کە دەکاتە جوابی سی بێمۆڵ/ کوردی) یان بەکار دەهێنا لەبری پلەدەنگی سێگای جواب (جوابی سی نیو بێمۆڵ)؟ یان لەوانەیە کورد لە چڕینی مەقامی حوسەینیدا پلەدەنگی ئەوج (فا دیێز) یان بەکار دەهێنا لەبری پلەدەنگی عەجەم (فا) وبەم شێوەیە چوارینەی ڕەگەزی مەقامی کورد لەبری چوارینەی مەقامی عوشاق لە رەگەزی لقی مەقامەکەدا پێک دەهات، واتە (گرێی حوسەینی و ڕەگەزی کوردی لەبری گرێی حوسەینی و ڕەگەزی عوشاق)؟
لەوانەیە ئەم بابەتە هەستیارە پێویستی بە توێژینەوەیەکی قووڵتر بێت لە پرسی گۆڕانی مەقامی کورد/ کوردی لە پێرفۆرمەنسێکی دیاریکراوی مەقامی حوسەینی بە شێوازی کوردییەوە بۆ مەقامێکی سەربەخۆ بە ناوی مەقامی کورد/ کوردی کە ئێستا دەیناسین. یان ئایا تەمبووری کوردی کە ئەهلی هەق دەیژەنن وچارەکە نۆتی تێدا نییە، پەیوەندی بەم گۆڕانەوە هەیە یان نا (پلەدەنگی کوردی (سی بێمۆڵ) لەبری پلەدەنگی سێگا (سی نیوبێمۆڵ) لەسەریدا دەژەنرێت)؟ ئایا گەنجینەی گۆرانیی دەوڵەمەند بە پلەدەنگی کوردی لە موزیکی کوردانی خۆراساندا پەیوەندیی بەوەوە هەیە (زاڵبوونی مەقامی عەجەم کوردی لە گۆرانییەکانیاندا)؟ یان لەوانەیە جگە لە مەقامی حوسەینی بە شێوازی کوردی، زۆر داستانی هاوشێوەی ئاوازەکانی (مەمی ئالان) یش هەبووبێت کە جووڵەی نێوان پلەدەنگی کوردی (سی بێمۆڵ) وپلەدەنگی سێگا (سی نیوبێمۆڵ)ـی تێدا بووبێت؟ پرسیاری گەوهەر ئاسا ئا لێرەدایە. ئایا دوو مەقام بە ناوی کورد/ کوردی هەبوون کە هەڵگریناوەکانی (حوسەینیی کوردی و کوردیی ئێستا) بن؟
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم هەموو ئەم پرسیار وگریمانانە کراوەن و چاوەڕوانی شارەزایەک لە زانستی مەقام وتوێژەرێکی ئاگادار لە گۆڕانکارییەکانی مەقامەکان بە درێژایی مێژوو دەکەن بۆ وەڵامدانەوەیان و تەواوکردنی ئەوەی کریستنسن دەستی پێ کرد و ئەوەی من هەوڵم دا زیادی بکەم. هەندێک پرسیار هەن کە بە مێشکی مرۆڤدا دێن کە لە سەرەتادا نالۆژیکی ونازانستی یان تەنانەت پێکەنیناویش دەردەکەون، بەڵام بە بڕوای من هەموو پرسیارەکان گرنگن. بۆ نموونە، ماوەیەک لەمەوبەر لە سیمپۆزیۆمێکدا دەربارەی موزیکی فۆلکلۆری، یەکێک لە وانەبێژەکان گوتی مەقامی حوسەینی لای هەندێک موزیککاری فۆلکلۆری پێی دەوترێت ئیبراهیمی بە ناوی ئیبراهیم مووسڵییەوە. دوای سیمپۆزیۆمەکە بە هاوکارێکم گوت کە من ماوەیەکی درێژە بیر لەوە دەکەمەوە کە مەقامی حوسەینی پەیوەندی بە سەردەمی عەباسی و شیوەنگێڕییەکانی شیعەوە هەیە بۆ ئیمام حوسێن و ناوی حوسەینیی وەرگرتووە بە ناوی ئەوەوە. هاوکارەکەم بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە:
کەواتە دەتوانین بڵێین عوسمانییە سوننەکان ناوی کوردییان بۆ مەقامەکە پێ باشتر بووە لە حوسەینی، چونکە یەکەمیان سوننەی دۆستە و ئەوی تریان شیعەی دژمننە” پاشان پێکەنی بەوەی کە گوتی و دەریبڕی کە بە گاڵتەوە گوتوویەتی. بەڵام ئەوەی دەمەوێت بیڵێم: چوونە ناوەوەی موزیککارە کوردەکان بۆ کۆشکی عوسمانی و زاراوە موزیکییەکانی وەک “مەقامی کوردی” بۆ ناو ئەدەبیاتی عوسمانی دەکرێت بە پەیوەندیی مەزهەبی و سیاسی نێوان کورد وعوسمانییەکان لەو قۆناغە مێژووییەدا ببەسترێتەوە کە هەردووکیان دژی سەفەوییەکان دەجەنگان.
بەم پێوەرە، ناوەکانی زاراوە ومەقامە موزیکییەکان کاریگەریی بارودۆخە سیاسی وکۆمەڵایەتییەکانیان لەسەرە وەک هەر پرسێکی تر وڕوونترین نموونەش بۆ ئەوە هەوڵی تورکیای کۆمارییە بۆ گۆڕینی ناوی مەقامی (سوڵتانی یەگا) بۆ (میللی یەگا). و لە پرسەکانی تری پەیوەندیدار بە مەقامی کوردی/ کوردەوە، ئایا دەتوانین لێکۆڵینەوە لەو جیابوونەوەیەی کە لە نێوان مەقامی حوسەینی و کوردیدا ڕوویدا بکەین وسەربەخۆبوونی هەریەکەیان وەک مەقامێکی سەربەخۆ بە مۆدێرنە وئاراستە بەرەو ڕۆژئاوا کە لە سەردەمی ڕێکخراوەکانی عوسمانی لە سەدەی نۆزدەهەم ودواتریش سیستمی کۆمار لە تورکیا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ڕووی دا (چونکە موزیکی ڕۆژئاوایی چارەکە پلەدەنگی تێدانییە) ببەستینەوە؟ پوختەی قسە، بۆ زانینی وەڵامەکان پێویستە هەموو توخمەکان بەیەکەوە ببەستینەوە یان وەک کۆمەڵناسەکان دەڵێن خەیاڵی سۆسیۆلۆژی” بەکار بهێنین..
پەراوێزەکان
[1] (2009) What is kurdish about makam Kürdî? In: Proceedings of International Musicological Symposium “Space of Mugham”.Baku: Şarq_Qarb. Pp. 107_111.
[2] نوووسەر ناوی پلەدەنگی (کوردی) بەکارهێناوە کە تورکەکان بۆ مەقامەکە بەکاریدەهێنن، ئێمە لە وەرگێڕانە عەرەبییەکەماندا ناوی (الکورد) ی عەرەبیمان پێ باشتر بوو. بەڵام هەوڵ دەدەین هەردووکیان لە تەنیشت یەکەوە بنووسین (وەرگێڕ).
[3] Reinhard 1969، During 1988. (نووسەر)
[4] خوارچوو واتە دابەزین بەرەو دەنگە گڕو بەمەکان، بە پێچەوانەی سەرچوو یان بەرز کە بەرەو دەنگە زیر و تیژەکانە (وەرگێڕ).”
زۆرێک لە نیشینگه کوردییهکان لە قەوقاز (ئهگهر زۆربهیان نهبێت) بهتایبهتی له ئازهربایجان وئهرمینیا و جۆرجیا له ههڵاتووانی ئهنادۆڵ له کاتی جهنگهکانی عوسمانی _ڕووسی و مێژووەکەیان بۆ ١٠٠ ساڵ یان کهمتر دهگهڕێتهوه پێکدێن. (نووسهر)
[6] Dzalil 1965، 1973) (نووسەر
[7] Christensen 1961، 1963، 1965، 1967، 1975 (نووسەر)
[8] Blum (نووسەر)
[9] شایانی باسە کە چەمک و پێگەی کۆمەڵایەتی لە ئێستادا لە ژێر کاریگەریی شارستانییەت و ڕاگەیاندندان. (نووسەر)
[10] وەک حیجاز کوردی (نووسەر)
[11] بڕوانە Christensen 1961، 1963، 1967، 1975 (نووسەر)
سەرچاوەکانی نووسەر
1. Blum، Stephen and Dieter Christensen. 1997 Kurdishe Musik. Musik in
Geschichte und Gegenwart، 2nd ed.، vol.5، pp. 626_35.
2. Christensen، Dieter. 1961 Kurdishe Brautlieder aus dem Vilayet Hakkari. Süd_Ost Türkei. Journal of International Folk Music Council. 13:70_72.
3. 1963 Tanzlieder der Hakkari_Kurden. Jahrbuch für musikalische Volks – und völkerkunde 1:11_47.
4. 1965 Kurdish folk music from Western Iran (notes) New York: Ethnic Folkways Library FE 3103. 19 pp.
5. 1967 Zur Mehrstimmigkeit in kurdischen Wechselgesangen. In: Fetschrift walter Wiora. Kassel: Barenreiter. Pp.171_77.
6. 1975 Ein Tanzlied der Hakkari_Kurden und seine Varianten. Baessler_Archiv 23:195_215.
7. During، Jean. 1988 La Musique Traditionnelle de L’Azerbayjan et La Science des Muqams. Baden_Baden& Boxwiller
8. Dzalil، Dzalila. 1965 Kurdskie narodnye pesni [Kurdish folksongs]. Moscow: Izdatel’stvo Muzyka
9. Dzalil، Dzalila and Ordihane Dzalil. 1973 Kurdskie narodnye pesni i instrumental’nye melodii. Moskva: Izdatel’stvo Muzyka
10. Eyhok. 2004 Muzîka Gelêrî ya Hekariyê. Istanbul: Kalan. 164 pp، 2 CDs.
11. Feldman، Walter. 1966 Music of the Ottoman Court. Berlin: Verlag f. Wissenschaft und Bildung (= Intercultural Musica Studies 10)
12. Renhard، Kurt et Ursula. 1969 Turqie. Les traditions musicales. Paris.
Buchet/Chastel (= Les Traditions Musicales، IV)
سەرچاوەکانی وەرگێڕی عەرەبی
• Christensen، Dieter. (2009). What is kurdish about makam Kürdî? In: Proceedings of International Musicological Symposium “Space of Mugham”. Baku: Şarq_Qarb. Pp. 107_111.
• Kutluğ، Yakup Fikret. (2000). Türk Musikisinde Makamlar. Yapı Kredi Yayınları / İstanbul.
• Tura، Yalçın. (2000). KantemiroğluKitabu İlmi’l_Musiki alâ vechi’l_Hurûfât. II. Cilt. Yapı Kredi Yayınları / İstanbul.
• Yekta Bey، Rauf. (1986). Türk Musikisi. Fransızcadan Türkçeye çevirem: Orhan Nasuhoğlu. 1. Baskı – Pan Yayıncılık /İstanbul.
• Uslu، Recep، “MEHMED ÇELEBİ، Lâdikli”، TDV İslâm Ansiklopedisi، https://islamansiklopedisi.org.tr/mehmed_celebi_ladikli (09.05.2021).
• https://www.youtube.com/watch?v=YI4gq2v_Gs0&ab_channel=KalanM%C3%BCzikTanburi Cemil Bey Kürdi Taksim (Külliyat Kalan Müzik، 2016).
• https://www.youtube.com/watch?v=bqhcpcytank&ab_channel=KalanM%C3%BCzikSultan Korkut Kürdi Peşrev (Sultan Bestekarlar Kalan Müzik، 1999).
• https://www.youtube.com/watch?v=niLQp9isc4I&ab_channel=AlKoft جمیل بشیر مقام اللاوك حسینی

