رۆژنامەی ھەولێر

28 هونەرمەند لە پێشانگایەکی شێوەکاریدا

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

25 هونەرمەندی عەرەب و 3 هونەرمەندی كورد لە پێشانگایەكی شێوەكارید كۆبوونەوە و وەك خۆیان دەڵێن، ئەم پێشانگایانە دەبنە دەروازەیەكی باش بۆ نزیككردنەوەی هونەرمەندان.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی بەهەماهەنگی كۆمەڵەی (ریشە ولەون) پێشانگایەكی شێوەكارییان بەناوی (ئامارجی) كردەوە كە 28 هونەرمەندی كورد و عەرەب تێیدا بەشداربوون.
هونەرمەند بەختیار هەڵەبجەیی یەكێكە لە هونەرمەندانی بەشداربوو بە (هەولێر)ی راگەیاند،ئەو 25 هونەرمەندە لە ناوچە جیاوازەكانی عێراقەوە هاتوونەتە سلێمانی، دیارە پێشتریش ئەوان هاتنە سلێمانی بۆ كاری هونەری، بەڵام پێیان باشبوو جارێكی دیكە بێنەوە و پێشانگاكە بكەنەوە، 3 هونەرمەندی كوردیش لەگەڵیان بەشداربوون.
بەختیار هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوەكرد، كارەكانی ئەم پێشانگایە كلاسیك و مۆدێرنن و تابلۆكان بەپێی ئارەزووی هونەرمەندەكان دروستكراون، ناوبراو كردنەوەی ئەو پێشانگایانەی بەلاوە گرنگە و وتی “هونەرمەندان شوێنی دیاریكراویان نییە و پەیوەندیمان فراوانە، ئێمە نەك لەگەڵ هونەرمەندانی عەرەبی عێراق، لەگەڵ هونەرمەندانی وڵاتانی دەرەوەش پەیوەندیمان هەیە، هەندێك لەم شێوەكارانەش پێشتر مامۆستایانی پەیمانگەی هونەرەجوانەكان بوون”.
بەختیار هەڵەبجەیی وتیشی “ئەم پێشانگایانە بۆ تێكەڵبوونی كلتووری زۆر گرنگە لەڕووی ستایڵ و ئیشكردن و گۆڕینەوەی زانیاری و شێوە ئەپدەیتێكە بۆ هونەرمەندان”.
هەروەها عەباس ئەلزەهاوی، وەكو هونەرمەندێكی شاری بەغداد كە بەشداری ئەو پێشانگایەی كردووە باسی لەوەكرد، كە ئەوان پێشتریش هاتوون بۆ سلێمانی بۆ كردنەوەی پێشانگای شێوەكاری، بەڵام بەلایەوە گرنگ بوو ئەمجارەش پێشانگا بكەنەوە و وتی “شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستانە و خەڵكەكەشی هونەردۆستن، بۆیە پێمان باشبوو ئەم پێشانگایەی تێدا بكەینەوە”.
نورس خەڵەف، یەكێكی دیكەیە لە هونەرمەندانی بەشداربووی پێشانگاكە و ئاماژەی بەوەدا، هونەر سنور ناناسێت، بەڵكووجوانی بە ژیان دەدات، ئەوەی سیاسییەكان تێكی دەدەن، هونەرمەندان دەتوانن چاكی بكەنەوە، هەر بۆیە ئەمجارەش شاری سلێمانییان بۆ ئەم پێشانگایە هەڵبژاردووە.
ئەو هونەرمەندە وتی “بەو پێیەی 28 هونەرمەند بەشدارییان كردووە، بۆیە تابلۆكانیش هەمەجۆرن و هەریەكە و لە دیدی هونەرمەندێكەوە دروستكراوە، بۆیە هەر تابلۆیەك و باسی چیرۆكێكی تایبەت دەكەن، بەڵام بە گشتی كردنەوەی ئەم پێشانگایانە لەنێوان هونەرمەندانی كورد و عەرەب، كردنەوەی دەرگایەكی گرنگە بۆ گۆڕینەوەی بۆچوونەكانیان لە یەكتری لە دنیای شێوەكاریدا”.