رۆژنامەی ھەولێر

ئان هیدالگۆ پێشوازی لە سەرۆک بارزانی دەکات و ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگە دەکات

ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەویلوولی 2025، ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە پێشوازی لە جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەم. یەکەم چاوپێکەوتنمان لە ساڵی 2015 بوو، لە کاتی شەڕی داعشدا. ئەو کات سەرۆک بارزانی ئاگاداری کردمەوە پێش ئەوەی سەردانی سنوور بکەم و پاشان گەیشتمە هەولێر. ئەمەش چەند مانگێک پێش کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریس بوو. سەرۆک و پێشمەرگە بۆ ئازادیی هەموومان، هەروەها تەواوی کورد و خەڵکی کوردستان، شەڕیان کرد.”

هیدالگۆ گوتی: “بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، لەبەر هەموو ئەو هۆکارانەی باسم کردن، ناوی ئەم ڕێڕەوەمان نا ‘ڕێڕەوی پێشمەرگە’ لە پاریس. چیرۆکی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی زۆر فاکتەری گرنگی لە مێژووی گەلی کورددا هەیە.”

سەرۆکی شارەوانیی پاریس گوتیشی: “زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ توانیومە جارێکی دیکە پێشوازی لە سەرۆک بارزانی بکەم. ئەمە بۆ من زۆر تایبەتە. سەرەڕای ئەوەش، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ پەیمانگای کورد لە پاریسدا هەیە.”

ئەمڕۆ لە شاری پاریس پایتەختی وڵاتی فەرەنسا، لە پارکی ‘ئۆندرێ سیترۆی’ن لە ڕێورەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی سەرۆک و پێشمەرگە، سەرۆک بارزانی، پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لا درا، 80 ساڵ ڕێچکەی پێشمەرگایەتی پێشمەرگە، حیکمەت و دانایی سەرۆک و پێشمەرگە سەرۆک بارزانی وای کردووە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆزی کورد قۆناغی گرنگ لە مێژووی سیاسیبوون و ناسراوبوونی شوناسەکەی ببڕێت. هەروەک چۆن کورد و ئاشتی و گیانفیدایی ڕەگیان لە خاکی کوردستان داکوتیووە بەهەمان شێوە گەلانی ئازادیخواز و ئاشتیپارێز دەستیان لە دەستی کورد نابێتەوە.

هەروەها ئەمڕۆ لە پاریس لەپایتەختی وڵاتی فەرەنسا ڕێورەسم و چالاکی جۆراو جۆر بەڕێوە دەچن کە گوزارشت لە ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی پیشمەرگە و گەلی کوردستان دەکەن. سەرۆک بارزانی هەروەها شاندێکی هەرێمی کوردستان و سەدان میوان لە ڕێورەسم و چالاکییەکان ئامادە بوون، جیا لە ئامادەبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرین، کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لەسەر ئاستی فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپی بەشداریی چالاکییەکان دەکەن، دۆستایەتی گەلی کورد و گەلی فەرەنسا هەڵقوڵاوی پەیوەندییەکی مێژووییە. کە ئەم پەیوەندییە قۆناغ دوای قۆناغ بە تێپەڕبوونی کات بە هۆکاری ئامانجی هاوبەش تۆکمەتر بوون.