رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی پەروەردە ئامادەکاریی تەواوی بۆ ساڵی نوێی خوێندن کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ٢٠٢٥-٢٠٢٦ بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی پەروەردە ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە، بەشێک لە دوکاندارەکانیش داشکاندیان بۆ کەلوپەلی خوێندن کردووە.

قوتابییان و کەسوکارییان سەردانی فرۆشگەکانی پەڕاوگە و جلوبەرگ دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان، وەزارەتی پەروەردەش ھەموو ئاسانکارییەکی کردووە، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت.
پەروەردە کە لایەنێکی گرنگی پڕۆسەی خوێندنە ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ ساڵی نوێی خوێندن کردووە، ھەر لە دابەشکردنی قوتابییان لەسەر ناوەندەکانی خوێندن بگرە تا دابەشکردنی پۆلەکانی وانەگوتنەوە و دابەشکردنی پەرتووک بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا، لەگەڵ ئەوەی ھەر شتێکی دیکە کە پێویست بکات لە ناوەندەکانی خوێندن کراوە.
بەیان عەبدوڵڵا، کە دوو منداڵی دەچنە قوتابخانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: قوتابییان دڵخۆشن کە پێش کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان سەرجەم پێداویستییەکانیان بۆ ئامادە دەکەن، منداڵێکم پۆلی سێیە و ئەوەی دیکەشم پۆلی نۆیە، بۆ ھەر دووکیان جلوبەرگ و پێداویستی قوتابخانەم کڕیون، بۆ ئەوەی بە گەرم و گوڕیەوە ھەر لەگەڵ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەست بە خوێندنی ساڵی نوێ بکەن.
لەسەر ئاستی جیھان باج و گومرک لەسەر پێداویستییەکانی خوێندن دانانرێت، بەشێک لە دوکاندارەکانیش داھاتی خێزان لە بەرچاو دەگرن و بە نرخێکی گونجاو پێداویستی خوێندن دەفرۆشن. ھاشم نوری، خاوەنی دوکانی جلوبەرگی قوتابییانە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ڕۆژانە بە سەدان کەس سەردانمان دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان، ھەموو جلوبەرگێکمان ھێناوە ھەر لە قۆناغی باخچەی ساوایان بگرە تا دەگاتە قۆناغی ئامادەیی نرخی جلوبەرگیش لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زۆر ھەرزانترە.
کاڵای قوتابخانە بە باشترین کوالێتی و گونجاوترین نرخ پێشکەشی قوتابییان دەکرێت، ئەو نرخەی کە دانراوە نزیکە لە کوالێتییەکەی، کەلوپەلەکان لە تورکیا و چینەوە لەسەر داواکاری و دیزاینی خاوەن پەڕاوگەکان دەبێت کە بە باشترین کوالێتی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کارگەیەکی بەرھەمھێنانی پێداویستییەکانی قوتابخانە و فەرمانگەکان نییە، بۆیە ٩٠%ـی کەرەستەی پەڕاوگەی قوتابخانە و فەرمانگەکان لەو دوو وڵاتە ھاوردە دەکرێن، بە چەند ھەفتەیەک پێش کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان پەڕاوگەکان و دوکانی جلوبەرگ داشکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کڕیاران دەکەن. ھاشم سیداد، دوکاندارێکی ئاکرێیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: وەزری خوێندن دەستی پێکردووە، کەلوپەلی قوتابخانە ھەر لە جلوبەرگی قوتابییان بگرە تا قرتاسیە ھەموو بەردەستە، لە زۆربەی کەلوپەلەکانی خوێندن لەبەر باری دارایی خەڵک داشکاندنمان بۆ کردووە.
ئەو دوکاندارە، ئاشکراشی کرد: ئەو قوماشەی کە ھەیە لە ھەر دوو وڵاتی تورکیا و چین ھاوردە دەکرێت، نرخی ئەو جلوبەرگانەش لەبارە و ھەموو کەسێک دەتوانێت بکڕێت، جلوبەرگی قوتابییان سەر و بن ١٠ تا ٢٠ ھەزار دینارە، قرتاسیەش بە ١٠ تا ١٥ ھەزار دینار دەکڕی، واتە بە ٣٥ ھەزار دینار دەتوانی بۆ قوتابییەک ھەموو پێداویستییەکان بکڕی.
دایک و باوکی قوتابییان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە نرخی کەلوپەلی قوتابییان گونجاوە. نازەنین مەحموود، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سێ منداڵم دەچنە قوتابخانە، بۆ ئەو سێ منداڵە ئەوەی پێویستە کڕیومە، ھەر لە جلوبەرگەوە بگرە تا قرتاسییە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەمساڵ نرخی کەلوپەلی قوتابییان لەبارە و ھەموو کەسێک دەتوانێت بکڕێت، لەگەڵ ئەوەش لەگەڵ ھەرزانی نرخەکەی کواڵێتی پێداویستییەکان زۆر باشە، پێویستە ھەموو کەسێک بەتایبەتی بازرگانەکان لەگەڵ دایک و باوکی قوتابییان ھاوکار بن، بۆ ئەوەی وەرزی نوێی خوێندن بە سەرکەوتووی تێبپەڕێنین.
مامۆستا حیکمەت سەلمان، بەڕێوەبەری دڵنیای جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەی گشتی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ تەواوی ئامادەکاریەکان کراون، وەکو ڕێکخستنی لیژنەی میلاکات و کردنەوە و داخستن، زیادکردنی پۆلەکان و زیادکردنی قۆناغ و گواستنەوەی قوتابییان، زۆربەی ئەو کارانەش تەواوکراون و قوتابخانەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ھیچ کێشەیەکی وامان نییە کە ڕێگربێت لەبەردەم کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان.
مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: وەکو پەروەردەی مێرگەسۆر ھەموو ئامادەکاریەکمان بۆ ساڵی نوێی خوێندن کردووە و دەستمان کردووە بە دابەشکردنی پەرتووک بەسەر قوتابخانەکان، ھەروەھا ئەو قوتابخانانەی کە دوورن ئێمە خۆمان پەرتووکەکانیان بۆ دەبەین، لیژنەیەکمان پێکھێناوە بۆ ڕێکخستنی میلاکات و وەرگرتنی قوتابییان و دیاریکردنی کەموکوڕتییەکان، واتە بەشێوەیەکی گشتی ھەموو ئامادەکاریەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئەنجام دراون، بەشێکی زۆری مامۆستایانی ئێمە خزمەتێکی زۆریان ھەیە و داوای گواستنەوە دەکەن لە ئێستاشدا گواستنەوە نییە، ئەمە یەکێکە لە گرفتە ھەرە سەرەکییەکان لە سنووری پەروەردەکەمان کە لە ئێستادا ڕووبەڕوومان بووەتەوە.
ئەحمەد حەمەدەمین، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: سەبارەت بەو دەنگۆیەی کە ١٥ی ئەیلوول دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە و دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت، تاوەکو ئێستا ئەمە نەکراوەتە بڕیار و پێویستە ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیار بدات، بەڵام پێدەچێت یەکێک لە بژاردە و پێشنیار کراوەکان بێت و بخرێتە بەرنامەی کارەوە لە کاتی کۆبوونەوەدا و بەپێی زانیاریەکانی ئێمە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بڕیار لەسەر کاتی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەدرێت، سەبارەت بە گونجاوی کات لە ساڵانی ڕابردووش بەشێوەیەکی گشتی ھەر لەم کاتانە بڕیاری لەسەر دراوە و چەند ڕۆژێک زووتر یان درەنگتر پەیوەستە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزارەت، بەڕای من کاتەکە زۆر گونجاوە، چونکە سێ مانگ لە پشووی ھاوین بەسەری دەبەن و وەرزی گەرماش وردە وردە بەرەوکۆتای دەچێت و کەشەکەش گونجاوە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: ئامادەکاری کراوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن و بەردەوامیشن، لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە چاودێری بینای قوتابخانەکان و پێداویستی لۆجیستی بۆ قوتابخانەکان کراوە و بەردەوامیش دەبین، ھەروەھا لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئێستا لە قۆناغی ڕێکخستنی میلاکاتداین و لە قۆناغی گواستنەوە و پێشوازیکردنی قوتابییانین، مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندن دەستبەکاربوونەتەوە، ھیوادارم ئەمساڵیش ھەموو لایەک ھاوکار و یەک دەست بن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە بۆ ئەوەی بتوانین نەوەیەکی ھۆشیار و دانا و پێگەیشتوو لە گشت بوارەکان بەرھەم بھێنین و خۆری وڵات بەرەو گەشانەوەی زیاتر و خۆشگوزەرانی زیاتر لەسەر دەستی نەوەکانمان بھێتە ئاراوە.