رۆژنامەی ھەولێر

قەیرانی وشکەساڵی و بێئاوی لــە عێراق قووڵتر بووەتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

تورکیا لە چرکەیەکدا حەفتا مەتر سێجا و لە شەو و ڕۆژێکدا شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاو کەمتر لەوەی بۆی دیاریکراوە بۆ عێراق بەردەداتەوە و ئەمەش قەیرانی وشکەساڵی و بێئاوی لە عێراقی هێندەی تر قووڵ کردووە و حکوومەتی عێراقی ناچار کردووە پلانی چاندنی پاییزە بۆ ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دوا بخات بەڵکوو دەرگایەکی ڕەحمەتی بۆ بکرێتەوە.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند سەبارەت بە بەرزکردنەوەی پشکی عێراق لە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دەستیان بە دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا کردووە. دۆخەکە لە عێراق قەیراناوییە و تورکیا ڕێککەوتنی پێشووی پێشێل کردووە و کەمتر لەو ئاوەی بەرداوەتەوە بۆی دەستنیشان کراوە.
قەبارەی ئەو ئاوەی بۆ عێراق بەردەدرێتەوە بریتییە لە سێسەد و پەنجا مەتر سێجا لە هەر چرکەیەکدا کە بۆ هەر ڕۆژێک دەکاتە زیاتر لە سی ملیۆن مەتر سێجا لە کاتێکدا بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ تورکیا هەیبووە دەبوایە لە هەر چرکەیەکدا چوارسەد و بیست مەتر سێجا ئاو بەربداتەوە.
ئەمە دەریدەخات ڕۆژانە تورکیا شەش ملیۆن مەتر سێجا کەمتر ئاوی بەرداوەتەوە کە لە هەر چرکەیەکدا حەفتا مەتر سێجایە و کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر کەرتە جیاوازەکانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و پیشەسازی و وزە لە عێراق داناوە و لە پاڵ وشکەساڵی و کەمبوونەوەی باران هێندەی تر قەیرانەکەی قووڵ کردووەتەوە.
عون زیاب عەبدوڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕەتی کردەوە تورکیا بە تەواوی ئاوی لەسەر عێراق بڕیبێت هەرچەند ئەوەی نەشاردەوە کە قەیرانەکە لە عێراق زۆر گەورەیە و ئەو ئاوەی دەگاتە عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و هەر بۆیەش ناچار هانایان بۆ گەڕێکی دانوستان لەگەڵ تورکیا بردووە.
ئەو ڕوونی کردەوە پێداویستیی ڕاستەقینەی عێراق بە ئاو شەشسەد و پەنجا مەتر سێجا ئاوە لە چرکەیەکدا کە دەکاتە سەرووی پەنجا و شەش ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا. بەو پێیە ئەوەی هەیە تەنیا شتێک زیاتر لە نیوەی پێداویستییەکانی عێراق بە ئاو دابین دەکات و کێشە لە سەرجەم سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوە و وزە هاتووەتە کایەوە.
هەر لەسەر ئەو بنەمایە عێراق ناچار بووە چاندنی پاییزە بۆ ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو دوا بخات بۆ ئەوەی بارانەکانی داهاتوو و سەرجەم ڕاپۆرتەکانی کەشناسی بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و ئەوجا ڕووبەری ئەو زەویانە دەستنیشان دەکرێن کە پێویستە بچێندرێن، چونکە دەبێت لە ئاستی ئەو ئاوە دابێت کە عێراق لەبەردەستیدایە بۆ ئەوەی بیخاتە خزمەتی سێکتەرەکانەوە.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق پێی وایە کۆی ئەو ئاوەی ئێستا تورکیا بەرەو سووریا و عێراق بەری دەداتەوە سێسەد و حەفتا مەتر سێجا لە چرکەیەکە لە کاتێکدا دەبوایە پێنجسەد مەتر سێجا ئاو بەربداتەوە.
ئەوەی لە سووریاوە لە ڕێی فوراتەوە بەرەو عێراق دێت دووسەد مەتر سێجا ئاوە لە چرکەیەکدا کە کەمێک زیادی کردووە و هۆکارەکەیش ئەوەیە لە بەنداوی تەبقەی سووریا هەوڵی بەرهەمهێنانی کارەبای زیاتر دەدرێت بۆیە ئاوی زیاتر بەردراوەتەوە.
بەگشتی کۆی ئەو ئاوەی لە دیجلە و فوراتەوە دەگاتە عێراق سێسەد و پەنجا مەترس سێجا لە چرکەیەکدایە و وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێ کرا لەو بڕە کەمترە کە پێشتر عێراق و تورکیا لەسەری ڕێککەوتبوون.
بەگشتی عێراق بە سیاسەتی دیپلۆماسی لە لایەک و بەو ئومێدەی بارانی ئەمساڵ زووتر دەست پێ بکات دەیەوێت قەیرانەکە کۆنترۆڵ بکات بەڵام دیار نییە تورکیا تاچەند دۆخی نالەباری عێراق لە ڕووی کەمیی ئاو درک دەکات و لەگەڵ ئەمەدا ڕوون نییە وشکەساڵی درێژەی دەبێت یان باران فریای هەمووان دەکەوێت و ئاوێک بە ئاگری وشکەساڵی و قەیرانەکانی ژینگەی عێراقدا دەکات.