رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەت و گەشەی ئابووری

ئا/ شێوان رۆستەم

 

ئافرەتان لە هەموو کۆمەڵگەو نەتەوەیەکدا بە هۆکارێکی گرنگی گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵات دادەنرێت و کارکردنیان تەنها بۆ بەدەست هێنانی داهات نییە بەڵکو بەشدارییەکی کاریگەری هەیە لە بەرەوپێش چوونی بازاری کارو بەرزکردنەوەی ئاستی ئابوری خێزان و کۆمەڵگە، هەرچەند لە زۆر شوێن و هەتا وڵاتانی تر ئافرەتان رووبەرووی قەدەغەکردن و جیاوازی رەگەزی ئەبنەوە و ئافرەتانی کوردستانیش بێ بەری نیین لەم بارەیەوە ..

هایدە کە خاوەنی سەنتەرێکی بەرگدووری تایبەت بە خۆیەتی بۆ هێلین دەڵێت: دوای ئەوەی کە زانکۆم تەواو کرد دانەمەزرام بۆیە بیرم کردەوە کارێک بکەم و پیشەی بەرگدووریم هەڵبژاردو سەنتەرێکم دانا، سەرەتای کارکردنم رووبەرووی ئاستەنگی زۆر و رەخنەی کۆمەڵگا بومەوە بەڵام من کۆڵم نەدا و بەردەوام بووم لەکارەکەم و هیچ کەس و لایەنێک هاوکارم نەبووە و بەقەرز سەنتەرەکەم داناوە.
زیاتر دەڵێت: کارکردنی ئافرەتان چ حکومی یان تایبەتی کاریگەری زۆرە و کارئەکاتە سەر ئابووری و لەرووی پێشکەوتنەوە جگە لەداهاتی ئافرەتەکە داهاتی وڵاتیش زیاد دەکات لە ئێستاشدا ئافرەت زیاتر لەدەرەوە کار ئەکەن و بژێوی ژیانیان دابین ئەکەن وبیرکردنەوەی کۆمەڵگاش لەچاو جاران گۆراوە و هانی ئافرەتان دەدەن بۆ کارکردن و پێشکەشکردنی بیرۆکەکانیان.
هایدە جەخت لەوە دەکاتەوە: ئەو خانمانەی کە دەیانەوێت ببنە خاوەن کاری خۆیان متمانەیان بەخۆیان هەبێت و حەزیان بۆ کارەکەیان هەبێت ئەمە ئەبێتە هۆکاری سەرکەوتنیان، هەروەها لايەنی ياسای کار ئاسانيان بۆ بکەن ھێندە کارەکەیان لەسەر قورس نەکەن ئەو کەسە دەست بەرداری کارەکەی بێ و نەيکات، چونکە نمونەی وامان هەبووە.
هەر سەبارەت بەم پرسە هەیفا مەجید نوێنەری ئیدارەی گەرمیان لە ئەنجومەنی باڵای خانمان بۆ هێلین وتی: ئەو بەربەستانەی من توشی بووم لەماوەی کارکردن لەشوێنی حکومی لەبەر ئەوەی مامۆستا بووم لە لادێیەکی دوور و دوو مناڵم هەبوو ئەمەش چاودێری کردنیان زۆر قورس بوو بەڵام بەیارمەتی خێزانەکەم هەروەها سالێک مۆڵەت وەرگرتن توانیم ئەو رۆژانە تێپەڕێنم. بەڕای من شوێنە فەرمی و حکومییەکان دەستەڵاتی فراوانترەو موچەی دیاریکراوی خۆی هەیە پشتگیرییەک و هێزێکی باشە بۆ ئێمەی ئافرەتان، لەبەر ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی کاری تێدا نییە وەک کاری تایبەت و ئەهلی.
هەیفا زیاتر دەڵێت: من لەبەر ئەوەی لە ئێستایە لەبواری ئافرەتاندا کار ئەکەم قسەو ڕەخنەی زۆرمان لەسەرە بەڵام ئەمە هیچ کات کاریگەری نەبووە لەسەر بەردەوام بوونم لەکارەکەم و پيشنیاری من بۆ حکومەت بۆ هاوکاریکردن و پشتگیریکردنی ئافرەتان ئەوەیە کە لە هەموو بەڕێوبەرایەتییەک بەشێکی تایبەت هەبێت بۆ بەرێوبردنی کارەکانی خانمان و ئافرەت بەرێوەی ببات و ڕۆڵیان هەبێ لەچارەسەر کردنی کێشەکانی ئافرەتان لە شوێنی کاردا.
جەختیشی لەوە کردەوە: ئەو رێژەیەی دەستنیشان دەکرێت بۆ کارکردنی ئافرەتان لە کەرتی حکومیدا هیچ کات هاوسەنگییەکی نییە لەنێوان ئافرەت و پیاودا، بەڵام تا رادەیەک رێزێکی باش لە ئافرەت ئەگیرێت بەراورد بە شارەکانی خوارووی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و کاکردنی ئافرەتان دەتوانێ ببێتە هۆی گۆڕینی کۆمەڵگا و ڕاو بۆچونیان بگۆرێت و ڕێز لە ئافرەت بگیرێت و زیاتر نرخ و گرنگیان پێ بدرێت و دەزانن ئافرەتیش وەک پیاو مافی هەیەو ئەتوانێت بەباشترین شێوە شوێنێک بباتە رێوە و بەچاوی کەم سەیری ئافرەت نەکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە لێدوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتیمان وەرگرتووە
تانیا جەمال بەرپرسی یەکسانی جێندەری لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هێلین وتی: لەرابردووەوە تا ئێستا بە پێی ئەو یاسایانەی کە هەیە لەوەزارەتی کار جیاوازی نەکراوە لەنێوان ئافرەت و پیاودا، زیاتر گرنگیش بە هاتنە پێشەوەی ئافرەت دراوە لەبازاری کاردا بەتایبەتی لەو مەعاناتانەی رووبەروویان ئەبێتەوە وەک ( سکپڕی، مناڵبوون، شیردان… هەتا کارکردنی شەوانە..)هەمیشە لەهەوڵی ئەوە داین ئافرەت زیاتر بەشداری خولەکان بکات و بۆ دۆزینەوەی کاریش هاوکاری کراون چ وەزارەت بێت یان رێکخراوەکانی تر شوێنیان بۆ دابین کراوە بۆ پەرەپێدانی کارەکانیان.
زیاتر وتی: هەوڵمان داوە ئافرەتان تەنها لە چوارچێوەی خواردن دروست کردن و بەرگدووریدا نەهێڵینەوە کاری تر و خولی زیاتریان بۆ برەخسێنین لەوانە ( لەبواری کشتوکاڵی، چاککردنی مۆبایل و سبلت…). ئەتوانین بڵێین رێگرییەکانی ئافرەتان لەبازاری کاردا داب و نەریت و کۆمەڵگەو خێزان و هەتا ئافرەتان خۆشیان هۆکارێکن هەنێ کار قبوڵ ناکەن، هوشیاری کۆمەڵگەو باوەڕی خێزانەکان و نەبوونی بڕوا بە خۆبوونی ئافرەتان و ئەوەی کەسێک نەبێت هاوکارو پشتیوانیان بێت یەکێکی ترە لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئافرەتان لەبازاری کاردا.
باسی لەوەش کرد: پێشکەوتنی هەر وڵاتێک بەئازادی ئافرەتەکانیان دەردەکەوێت و ئافرەتان دەتوانن ببنە باڵێک لە تەنیشت پیاواندا کارەکانیان بەباشی بەڕێوە ببەن، ئافرەت کە رۆڵت پێیدا ئیتر چ رۆڵی کۆمەڵایەتی بێت ئابووری یاخود سیاسی بێت ئەویش بەگرنگییەوە لێی بڕوانێت بەدڵنیاییەوە دەتوانێت کارەکان بەباشی بەڕێوە ببات و کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوتر و شارستانی تر و پێشکەوتوتر بەدەست بێنین.بۆ ئەوەی ئافرەت بگات بە پێگەی بەرز و شوێنی بڕیاردان جگە لە وەزارەتی کار پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردەو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان لەپلاندا بن و کاری لەسەر بکەن.

ئەو ڕێوشوێنانەی کە گیراوەتەبەر بۆ ڕێکخستنی کاری ئافرەتان لەکەرتی نافەرمیدا:
١- یاسای کارپێکراوی کار و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ پرۆژەی نافەرمی کار دەگونجێت.
٢- ئەو ئافرەتانەی لەکەرتی تایبەتدا کار دەکەن دەتوانن لە رێگەی هێڵی گەرمی(٥٥٠٠)سکاڵا پێشکەش بکەن، هەروەها ڕێکارە پێویستەکان لەلایەن لیژنەکانی پشکنینەوە پەیڕەو دەکرێن.
٣- نزیکەی (١٢٠٠) ئافرەتی جوتیار و خاوەن کار ڕاهێنانیان پێکراوە لەسەر کارە کشتوکاڵییە بەردەوامەکان و ئامرازە بنەڕەتییەکانی بەرهەم هێنان، وەک تۆو، ئامراز و قەرزی بچوکیان بۆ دابین کراوە.
٤- لە ساڵی ٢٠٢٤ دا ژمارەی ئافرەتی کرێکاری بیمەکراو گەیشتە( ٦٨٣٩) کرێکاری ناوخۆیی و ٦٦٠ کرێکاری بیانی لەنەتەوە جۆراوجۆرەکان.
٥- تا مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٥ کرێکاری مێ ی خۆماڵی (٥٠٤٧) و کرێکاری مێ ی بیانی ( ٣٢٢).
کۆی گشتی هەر لەسەرەتاوە هەژمارکراوە کرێکاری ئافرەتانی خۆماڵی( ٣٠٦٨٨) ، کرێکاری ئافرەتی بیانی ( ٤٨٤٠).