فەزیلە شۆرش
لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی کورددا بۆمان دەردەکەوێت، کە ئافرەتی کورد کۆڵەکەی خەباتی کورد و سیمبولی بوێری و ئاشتی و ئارامییە. هەروەها لە هەموو هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەکاندا سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەت، دەرئەنجامەکە ئەوە بووە کە بوونی ئافرەت لە هەر شوێنێک، واتە بوونی هاوسەنگی و بەردەوامیدان بە ژیانە.
بە شانازییەوە، دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هێژا، سەرۆک بارزانی، بۆ پێگەی ئافرەت وای کردووە کە پرسی ئافرەت تا ڕادەیەکی زۆرباش گۆڕانکارییەکی پۆزەتیفی بەسەردا بێت و بایەخی زیاتر بە پێگە بەرزەکەی ئافرەت بدرێت. هەروەها لە سایەی حکومەتی هەرێمیشدا دەرفەتێکی باش لە ئارادایە بۆ ئاراستەکردن و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و نەهێشتنی بەربەستەکان بۆ بەشداریی ئافرەتان لە خزمەتکردن لە ناو سەرجەم سێکتەرەکان و بوارە جیاوازەکاندا. بۆیە دۆزی ئافرەت هەنگاوێکی باشی بڕیوە، بەڵام هێشتا پێویستمان بە زیاتر سوودوەرگرتنە لەو ئەزموون و بەهرە جۆراوجۆر و جیاوازانەی ئافرەتان. گرنگە لە هیچ بوارێکدا نکۆڵی لە ڕۆڵی سەرەکیی ئافرەت نەکرێت.
لە بیرمان نەچێت، ئافرەتانی کوردستان خاوەن ڕۆڵێکی بەرچاوبوون لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان. بە هێز و توانا و بەرخودانێکی زۆر، بە دەستێک شۆڕشیان کردووە و بە دەستەکەی تریان منداڵ و خێزانیان بەڕێوەبردووە. لە گشت دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی کورد و کوردستاندا، شوێنی پەنجەیان دیارە. بۆیە لە ئاست ئەم پێگە بەرزەی ئافرەتاندا، هیچ ململانێ و ڕکابەرییەک و پەراوێزخستنێکی نادروست لە لایەن هەر کەسێک و بیروباوەڕێکەوە بەرامبەر ئافرەت نابێت بکرێت. ئەوەی جێگای داخە کە تا ئێستاش لە نێو هەندێک خێزان و بیروبۆچووندا، هزری کۆنەپەرستیی چەقبەستوو بەرامبەر ئافرەت هەر ماوە و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت بەرز ڕانەگیراوە.
ئەم ناهاوسەنگییە، ڕێگرە لە بەشداریی ئافرەتان بە شێوە دروستەکەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و بەڕێوەبردن. بۆ گۆڕینی ئەم هزرە ناتەندروستە، پێویستمان بە بایەخدانێکی زیاتر هەیە لە پەروەردەکردنی تاک لە قۆناغی سەرەتاییەوە، لەسەر بنەمای هزری بیرکردنەوەی فراوان، بۆ ئاسوودەیی و هاوسەنگیی خێزان و ئامادەکردنی گەنج و باوک و برا و هاوسەری داهاتوو بە بیروبۆچوونێکی پێشکەوتوو. باوەڕیان بە پیرۆزی و توانای ئافرەت هەبێت و ببنە هاندەرێک بۆ بەردەوامیی ژیان. گومانی تێدا نییە ڕاستییەک هەیە، ئەمیش ئەوەیە کە ئافرەت ئافرێنەری ژیانە، ژیانیش مانەوەی خێزان و گەل و نیشتیمانە.

