شیڤان شێرزاد – هەولێر
کرۆکۆدایل ناونیشانی بەرهەمێکی سینەمایی نوێیە، کە بە واتای “تیمساح” دێت و بەرهەمی سینا کورد و دەرهێنانی “سەید کەمال”و وێنەگرتنی “هاوکار فەرهاد” و نواندنی هەریەک لە هونەرمەندان “ئەیام ئەکرەم و محەمەد شێروانی و هەردی سەلامی و حەمە ڤاینەر و زەینەب جەعفەر و هەدار ئەرگوشی و ئیبراهیم قادر و ئاری حەمە سەعید”ـە و دەستەیەک لە هونەرمەندانی دیکەی کوردە.
ناوەڕۆکی ئەو بەرهەمە باس لە باندێکی بازرگان بە ماددە هۆشبەرەکان دەکات، کە چەند تاوانێکی کوشتن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر ئەنجام دەدەن و لەو نێوەندەشدا منداڵێکی ١٠ ساڵان یەکەم قوربانیی دەبێت بەدەست ئەو تاقمە بازرگانە، کە بێ ڕەحمانە دەکەونە گیانی خانەوادەی ئەوانەی ئاڵودە بوون بەو ماددانە و نیشاندانی ئەو ڕاستیەیە، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا توانیوویەتی زۆرترین باند و گرووپ بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی بڵاوبوونەوەی ماددەکانی کۆکاین و هیرۆین و کڕیستاڵ بگرێت، بەتایبەت جۆرێک، کە بە تیمساح ناودەبرێت و سەر ئەنجام ئەو کەسەی ئاڵوودە بووە پێی مەرگ هەڕەشە لە ژیانی دەکات.
“سەید کەمل” وەک دەرهێنەری فیلمەکە وردبینانە کاری بۆ نیشاندانی ترسناکی ئەو ماددەیە کردووە، کە دەبێتە هۆکارێک بۆ ترازانی خێزان و تێکچوونی کۆمەڵگە لاوازبوونی تواناکانی گەنج و دوورکەوتنەوە لە داهێنان و زانست و هونەر و تەکنەلۆژیا و دابڕان لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و پەلاماردانی خێزان و ترسی کوشتن و تاوانی ق hێزەوەن.
هاوکات، نیشاندانی ڕۆڵی بەرچاوی دەزگا ئەمنیەکانی کوردستان، کە هەمیشە شەونخونی دەکەن بۆ لە ناوبردن یاخوود کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیەی، کە ئێستا لە زیادبوونە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و گرتووخانەکان پڕ بوون لەو کەسانەی ئاڵوودەبوون بەو ماددە هۆشبەرانە.
مەبەست لە بەرهەم هێنانی ئەو فیلمە بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە چەندین ئیڤێنتی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ماددە کوشندانە ڕێکدەخات و هۆشیاری بە تاکی کورد دەدات، کە دوورکەونەوە لەم دیاردەیەی، کە ئێستا لە نێو کۆمەڵگەی کوردی دا هەیە.

