سلێمان تاشان – ههولێر
جارێکی دیکە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بووە یەکێک لە مژاری میدیاکانی ڕۆژئاوا و عەرەبی و کوردی، ژمارەیەک میدیای عەرەبی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە هێزەکانی عێراق هەر لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە واتە لە ٣٠ ئابەوە دەست بە کشانەوە لە عێراق دەکەن، بەڵام باڵوێزخانەی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە و گوتی کشانەوەیان بەگوێرەی ڕێککەوتنیانە لەگەڵ عێراق، میدیایەکی بەناوبانگی ئەمەریکیش باسی لە پێگە و گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد کە لە قۆناغی داهاتوودا هێزەکانی ئەمەریکا لە دژی داعش زیاتر لە هەر شوێنێکی تری ناوچەکە پشتی پێ دەبەستن.
لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بۆ ساڵێک و لە سووریا بۆ دوو ساڵ درێژ کرابووەوە و لە دوای ئەو قۆناغەش ئەو هێزانە ڕۆڵی ڕاوێژکارییان دەبێت و بەپێی ڕێککەوتنیان لەگەڵ عێراق مانەوەیان پەیوەستە بە دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
ئەمەریکا لەگەڵ عێراق ڕێککەوتووە کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی لە عێراق بهێنرێت و لە چوارچێوەی ڕێکارێکی نوێی دابینکردنی ئاسایش درێژە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ عێراقی فیدراڵیدا بدات. ژمارەیەک لە میدیاکان ئەوەیان گواستەوە کە پڕۆسەی کشانەوە لە ٣٠ی ئابەوە دەست پێ دەکات بەڵام باڵوێزخانەی ئەمەریکا ئەمەی ڕەت کردەوە.
حسێن عەلاوی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی هەینی ٢٩ی ئاب گوتبووی دەبوایە هێزەکانی ئەمەریکا لە ٢٠١٧ کشابانەوە بەڵام کشانەوەکە لە سەردەمی سوودانیدا ڕوودەدات. ئەو بێ ئەوەی باس لە ڕۆژی کشانەوە بکات پێداگری لە بەردەوامیی پێوەندیی بواری ئەمنی و سەربازیی نێوان ئەمەریکا و عێراقی کرد.
هاوکات باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هەڵوێستی وەرگرت و ڕەتی کردەوە کشانەوە لە ٣٠ مانگەوە دەست پێ بکات بەڵکو گوتی بەگوێرەی خشتەی ڕێککەوتن کار دەکەن. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاش بڵاوی کردەوە کە ئەمەریکا پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا دەکات بەڵام تا ئەیلوولی ٢٠٢٦ سوود لە بنکە سەربازییەکانی خۆی لە عێراق دژی داعش وەردەگرێت.
ئەوی زیاتر جێی باس و مشتومڕە هەرێمی کوردستانە کە وا دیارە هێزەکانی ئەمەریکا لەگەڵ کشانەوە لە بەغدا و ڕۆژئاوای عێراق ڕووی تێدەکەن.
لە لایەکی دیکە دامەزراوەی میدیایی جیۆپۆلیتیکڵ مۆنیتەر پێی وایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە بنكەكانی عەین ئەسەد و ڤیكتۆریا لە عێراق و جێگیركردنیان لە هەولێر و ڕۆژئاوای کوردستان، گۆڕانكارییەكی بەرچاوە لە هەڵوێستی سەربازیی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرچاوەکە پێی وایە ئامانجی سەرەكیی واشنتن پاراستنی هەژموونیەتی بەسەر عێراق و ناچەکە نەک کەمکردنەوەی و دەیەوێت بەگشتی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر هێزەکانی کەم بکاتەوە و کۆمەڵێک بیانوو و پاساوی دژبەرانی لەناو ببات.
ئەمەریکا دەخوازێت بەم کارە بارگرژییەکان کەم بکاتەوە، لە لایەک هێزەکانی خۆی لە هێرشی درۆن و میلیشیاکان بپارێزێت و لە لایەکی دیکە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حکوومەتی فەرمیی عێراق و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بەهێزتر بکات و لە داهاتوودا میلیشیاکان ئەو بیانوویەیان نامێنێت هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.
گرنگیی هەرێمی كوردستان لەوەدایە کە ژینگەیەكی سیاسیی تەناهیی دابین كردووە كە تێیدا هێزەكانی ئەمەریكا وەك هاوپەیمانی نزیك سەیر دەكرێن نەك داگیركەر، ئەمەیش ڕێگە بە هێزەكانی ئەمەریكا دەدات بەشێوەیەكی بەردەوامتر كار بكەن. ئەمە پێچەوانەی ئەو دیدەیە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەرانبەر ئەمەریکییەکان هەیە. بەدەر لەمە پێشمەرگە هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە لە ناوچەکە.
ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر ڕژێمی بەعس، تاکە شوێنێک کە هیچ سەربازێکی ئەمەریکی نەکوژرا و خەڵک پێشوازیی لێیان کرد کوردستان بوو بەڵام لە ناوچەکانی دیکە بە تایبەتی دوای پڕۆسەی ئازادی تووشی سەختییەکی زۆر بوون و بەهەزارانیان لێ کوژرا.
بەگشتی ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات کشانەوەی یەکجاریی هێزەکانی ئەمەریکا نییە بەڵکوو شوێنگۆڕکێ و پێداچوونەوە بە چالاکییەکانیانە و هەر خۆی ماوەی ڕابردوو باڵوێزخانەی ئەمەریکا گوتی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتایی نەهاتووە بەڵکوو دەگۆڕدرێت و پێداگری لەوە کردبوو کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوام دەبن.

