بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک رایگەیاند، تیمێکی شوێنەوارناسیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان توانیویانە شارێکی مێژوویی و گۆڕستانێکی گرنگ بدۆزنەوە کە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵەوە دەرکەوتووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا، شوێنەواری دهۆک ئاماژەی بەوە کردووە، کارەکە بە پشتیوانیی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار ئەنجامدراوە. تیمەکە لەلایەن د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دهۆکەوە سەرپەرشتی کراوە.
شوێنە دۆزراوەکە ناوی “گرێ تەحسین لەگ لەگ”ـە و دەکەوێتە نزیک گوندی خانکێی کۆن لە سنووری ناحیەی خانکێی سەر بە قەزای سێمێل. ئەم ناوچەیە دوای دروستکردنی بەنداوی موسڵ لە ساڵی 1986 ژێرئاو کەوتبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکەوە دەرکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، مێژووی شارەکە بۆ 5000 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەروەها گۆڕستانێکی گرنگ لە تەنیشت شارەکەوە دۆزراوەتەوە کە نزیکەی 40 گۆڕ لەخۆدەگرێت و بە قوڕی قەڵاندراو دروستکراون. مێژووی گۆڕستانەکە بۆ سەردەمی هلنستی – سلوقی (سەدەی سێیەمی پێش زایین) دەگەڕێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “ئەو پارچە شوێنەوارییانەی دۆزراونەتەوە، گرنگیی ئەم گردە دەردەخەن، چونکە ئاوەدانی تێیدا بەردەوام بووە، هەر لە سەردەمی نەینەوای پێنجەم، چاخی برۆنزیی کۆن و ناوەڕاست، چاخی میتانی، ئاشووریی نوێ و هلنستییەوە تاوەکو کۆتایی سەردەمی ئیسلامی”.
لە کۆتاییدا شوێنەواری دهۆک رایگەیاندووە، کارکردن بەردەوامە بۆ رزگارکردنی ئەم شوێنەوارانە و بڕیارە هەموو گۆڕەکان بۆ مۆزەخانەی نیشتمانیی دهۆک بگوازرێنەوە.

