مەشخەڵ كەوڵۆسی
وێڕای ئەوەی كە ئەمریكا تیمی دیپلۆماتی خۆی لە بەغدا بەهێزتر دەكات و، هاتنی جۆش هاریس بۆ سەركردایەتی دیپلۆماسیەتی ئەمریكا لەعێراق ئاماژەی گرنگی تێدایە بەوەی ئەمریكا لەسەرێكی ترەوە پابەندییەكانی لەگەڵ عێراق تۆكمە دەكات، بەڵام هێشتا ناتوانین دڵنیابین لەوەی كشانەوەی پێشوەختی ئەمریكا لەعێراق چارەنووسی ئەم وڵاتە بەكوێ دەگەیەنێت.
هیچ گومانی تێدانیە كە لەماوەی بیست ساڵ زیاتردا، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، كۆی دۆسیەی ئەمنی و دابینكردنی ئاسایشی عێراق و مەجالی ئاسمانی عێراق لەلایەن سوپای ئەمریكاوە كۆنترۆڵكراوە. هاوكات چەند ڕێككەوتنێكی ئەمنیش لەنێوان هەردوولادا هەیە بۆ ئەوەی بوون و مانەوەی سوپای ئەمریكا لەڕووی یاسایی و شەرعییەوە، ڕووپۆش بكات. هەرئەمەش وایكردووە كە عێراق وەك پانتاییەكی مەكشوف نەبێت، بۆنمونە: لەدوای ڕووداوەكانی حەوتی ئۆكتۆبەر و، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتانی ناوچەكە، عێراق بەهۆی هەبوونی بنكەی ئەمریكی و، پاراستنی ئەمریكاوە پارێزراوترین وڵاتی ناوچەكە بووەو، ئیسرائیلیش لەوە تێگەیشتووە كە ناكرێت لەپەنای هەبوونی سوپای ئەمریكا و ڕێككەوتنی ئەمنی دوورمەودادا، هێرش بكرێتە سەر عێراق بەهەر بیانویەك بێت.
لەئێستادا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو و خێرا هێزەكانی ئەمریكا لە بنەكەی ڤیكتۆریا و عەین ئەسەد كشانەوە! ئەم هەنگاوەش هەڵگری دەلالەتی زۆر و زەوەندە و، پێویستی بە ئامادەكاری و هەنگاوی جیدی هەیە لەلایەن كوردەوە، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ هەر لێكەوتەیەك كە چاوەڕوان دەكرێت لەداهاتووی نزیك بێنە پێشەوە.
یەكێك لەلێكەوتە هەرە گرنگ و ستراتیژییەكانی ئەم هەنگاوە، ئەوەیە كە ئیتر ئێمە لەبەردەم عێراقێكی مەكشوفداین و، ئەو ڕووپۆشە ئەمنییەی هەیبوو، كۆتاییهات!.
پرسیاری هەرە سەرەكی لێرەدا ئەمەیە: ئایا عێراق لەڕووی خودی و بابەتییەوە ئامادەیە بۆ ئەم دۆخە تازەیە؟ ئایا بارودۆخی ناوخۆیی عێراق لەبارە بۆ هەڵگرتنی ئەم ئەركە؟ ئایا پێكهاتەكانی عێراق بەم هەمووە كێشەی نێوانیانەوە دەتوانن پێكەوە بژین؟ بۆچی زۆرینەی ناوەندە موعتەبەر و كەسایەتییە شارەزاكان لەماوەی ڕابردوودا ئاماژەیاندا بەتەقینەوەی دۆخی عێراق؟.
لەڕاستیدا لەئێستاوە دیارە عێراقییەكان ” مەبەست لەدەستەڵاتدارانی ئێستای عێراقە” دەیانەوێت ئەم دۆخە بقۆزنەوە بۆ سفركردنەوەی پێكهاتەكان و، قەتیسكردنی دەستەڵات لەدەستی خۆیاندا، بەرانبەر هەرێمی كوردستان سیاسەتی برسیكردن و لاوازكردن و دەستوەردان لەدۆخە ناوخۆییەكانی هەرێم دەبینن، لەبەرانبەر سوننەكانیشدا، سیاسەتی سڕینەوەی فیگەرەكان ” بۆنمونە دوورخستنەوەی فیگەرە سونییەكان لەگەمەی هەڵبژاردن بەبیانوی بەعسی بوون” بەئامانجی ئەوەی پێكهاتەی سوننە نەبێتە خاوەنی مەرجەعیە تێكی سیاسی، بەتایبەتی لەئێستادا كە داخوازی دروستكردنی هەرێمێكی عەرەبی سوننی گەیشتۆتە ترۆپك و بەئاشكرا كاری لەسەر دەكرێت، ئەمانە بەشێكن لەسیاسەتی لاوازكردنی پێكهاتەكان و هەوڵی قەتیسكردنی دەستەڵات كە دەبێتە ناوكی تەقینەوەی ناكۆكییەكان.
هاوكات، هەڕەشەی داعش و لێكەوتەكانی هەبوون و مانەوە و شەرعیەتی حەشدی شەعبی و بەشداری ئەم هێزە میلیشیاییە لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل و ئەگەرەكانی هێرشی ئیسرائیل بۆ تۆڵەكردنەوە لەم بابەتە، ئەمانەو بابەتی تریش، وادەكەن سەرجەم چاودێران چاوەڕان بن، لەنزیكترین كاتدا دۆخی عێراق بتەقێتەوە.
لەكۆتاییدا، عێراقێكی مەكشوف، بەرگەی ئەم ئاستەنگانە دەگرێت؟ ئەگەر عێراق بەپشتیوانی ئەمریكاوە لەگیانەڵادا بوبێت و نەیتوانبێت بەچوكترین ئەركەكانی خۆی هەڵسێت، ئایا بەبێ ڕووپۆشی ئەمریكا، بەرەو كوێ دەچێت؟ چی چاوەڕوانی عێراق دەكات؟

