حەمید قەڵادزەیی
کە دووری لێم
بە من چی خۆر بۆ یەکەم جار
لە کام گۆشەی زەوی داوە..
باخەوانی کامە باخە
بۆ کڵووکی باوێزەبووی
باخی هیوای خۆی گریاوە ؟
کە دووری لێم
بە من چی گەر کام برووسکە
دڵی سەوز و سەری بڵندی
کام دارستانی گڕداوە !
کام ڕێژنەی ماچ..
شیلەی حەزی کامە دڵدار
لە کام ژوانگەدا ڕژاوە ؟!
کە دووری لێم
لە کام شوێنە دێوی مەرگ
لە کەنارما نەوەستاوە ؟
پەیکی خەونی کام تەمەنم
لە تابووتی مەرگەشینا نەنێژراوە؟!
کە دووری لێم
خۆم لە ئاگر ئاگر ترم
گەردوونم لە خۆڵەمێشە و..
لە ئاگردانما سووتاوە..
کە دووری لێم
درۆیە گەر بە من دەڵێن:
زەوی بەرین
لە چوار بەش سێ بەشی ئاوە !

