بارزان ئەکرەم – هەولێر
یونس شكور یه‌كێك بوو له به‌ناوبانگترین هێرشبه‌ره‌كانی كوردستان و خاوه‌نی خێراترین گۆڵه له مێژووی خولی نایابی كوردستان، تا وازیشی له یاریكردن هێنا هه‌ر به‌دوای جووتێك لاپچینی باش ده‌گه‌ڕا، ئه‌وه‌نده خووی به‌گۆڕینی لاپچینه‌كانی گرتبوو تا ئه‌و رۆژه‌ی وازهێنانی له یاریكردن راگه‌یاند، نزیكه‌ی ده‌فته‌رێك دۆلاری له كڕینی لاپچین خه‌رج كرد.
یونس شكور ساڵی 2007 له‌گه‌ڵ یانه‌ی كه‌ركووك دره‌وشایه‌وه و سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی بوو، له‌و ساڵه جووتێك لاپچین، گرێی به‌ختی ده‌كاته‌وه و له‌گه‌ڵ یانه‌ی كه‌ركووك له خولی نایابی كوردستان و عێراق 28 گۆڵ تۆمار ده‌كات، به تۆماركردنی 19 گۆڵ ده‌بێته دووه‌م گۆڵكاری خولی نایابی كوردستان.
یونس شكور لە وه‌رزی 2006/2007 به‌جووتێك لاپچین ته‌واوی وه‌رزه‌كه یاریی ده‌كات، لاپچینه‌كان له‌لای كوڕه كه‌ركووكییه‌كه ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویست ده‌بن ته‌نانه‌ت دوای كۆن بوونیشیان یونس ئاماده نابێت ده‌ستبه‌رداریان بێت، هه‌میشه یونس هه‌وڵ ده‌دات ته‌مه‌نی لاپچینه‌كانی درێژتر بكاته‌وه و به‌پینه‌دۆزه‌كان پینه‌یان ده‌كاته‌وه چونكه ئه‌و هێرشبه‌ره پێیوابوو تا به‌و لاپچینانه یاریی بكات گۆڵی زیاتر تۆمار ده‌كات.
لاپچینه‌كانی ئه‌وه‌نده كۆن و پینه‌كراو ده‌بن هانده‌رانی یانه‌ی كه‌ركووك له‌سه‌ر په‌یژه‌كانی یاریگاوه توانجیان له هێرشبه‌ری یانه‌كه‌یان ده‌دا و پێیان ده‌گوت: “بۆ خاتری خودا لاپچینه‌كانت كۆن بوون، بیانگۆڕه”، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌و لاپچینانه‌ی سیحری گۆڵه‌كانی قه‌ناسه كه‌ركووكییه‌كه بوون. یونس پێیوابوو ئه‌گه‌ر به‌م لاپچینانه یاریی نه‌كات ئه‌وا سیحری گۆڵكردن له‌ده‌ست ده‌دات و رێگای گۆڵكردن ون ده‌كات. بۆ وه‌رزی دواتر لاپچینه‌كانی یونس شكور ته‌واو كۆن ده‌بن و چیدیكه به‌كه‌ڵكی یاریكردن نایه‌ن، بۆیه به‌ناچاریی ده‌یانگۆڕێت، به‌ڵام له‌وكاته‌وه ئه‌و كوڕه كه‌ركووكییه تووشی گرێكوێره‌ی دۆزینه‌وه‌ی لاپچینی باش ده‌بێت، دوای چه‌ند یارییه‌ك شكور لاپچینه‌كانی ده‌گۆڕی به‌خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی بتوانێت ببێته‌وه خاوه‌نی جووتێكی دیكه‌ی لاپچینی به‌ختهێنه‌ر تا گرێی به‌ختی له یارییه‌كان بكاته‌وه، له‌و كاته‌وه زۆربه‌ی پاره‌ی یونس بۆ كڕینی لاپچینی نوێ ده‌بێت، هه‌ندێكجار جووتێك لاپچینی ده‌كڕی دوای یه‌ك یاریی لاپچینه‌كانی به دیاریی به‌هانده‌ران و كه‌سانی ده‌وروبه‌ری ده‌دا، هه‌میشه عه‌وداڵی ئه‌وه بوو جووتێك لاپچینی ده‌ستبكه‌وێت پێی ئاسووده بێت، هه‌ندێكجار جووتێك لاپچینی به 150 دۆلار ده‌كڕی، جاری واهه‌بوو به 200 دۆلاری ده‌كڕی و هه‌ندێكجار وایده‌زانی ئه‌گه‌ر پاره‌ی زۆری پێبدات ده‌بێته‌وه خاوه‌نی جووته لاپچینه كۆنه‌كه‌ی و نزیكه‌ی 350 دۆلاری به‌جووتێك لاپچین ده‌دا، كه‌چی ئه‌و هێرشبه‌ره كورده كه گه‌یشته ریزی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپی عێراق و بانگهێشتی هه‌ڵبژارده كرا، تا وازی له‌یاریكردن هێنا زیاتر له 8 هه‌زار دۆلاری له كڕینی لاپچینی نوێ خه‌رج كرد، به‌ڵام به‌بڕوای خۆی تا وازیشی هێنا نه‌گه‌یشته‌وه ئه‌و جووته لاپچینه‌ی كه له‌وه‌رزی یه‌كه‌می یاریكردنی له‌گه‌ڵ یانه‌ی كه‌ركووك پێی دره‌وشایه‌وه.
چیرۆكی گۆڕین و كڕینی لاپچینه‌كانی یونس شكور دوای به‌جێهێشتنی ریزه‌كانی یانه‌ی كه‌ركووك هه‌ر به‌رده‌وام بوو، له‌گه‌ڵ یانه‌كانی ته‌ڵه‌به، شورته، هه‌ولێر، زاخۆ و گازی باكوور یونس هه‌ر خه‌ریكی گۆڕینی لاپچینه‌كانی بوو، له‌وانه‌یه له‌و لاپچینه نوێیانه‌ی یونس كڕیویه‌تی ئه‌و لاپچینه‌ی ساڵی 2014 له پیرمام له یاریی زاخۆ به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یاریی پێكردبێت نزیكترین لاپچین بێت له‌و لاپچینه كۆنانه‌ی یونس پێیوابوو به‌ختی پێییان ده‌بێته‌وه، چونكه له‌و ساڵه یونس ته‌نیا دوای 8 چركه گۆڵێك تۆمار ده‌كات كه تائێستا خێراترین گۆڵه له‌مێژووی خولی نایابی كوردستان تۆماركرابێت.
یونس شكور ساڵی 1989 له‌گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه له كه‌ركووك له‌دایكبووه و له خوله‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ یانه جیاوازه‌كان 69 گۆڵی كردووه، له‌گه‌ڵ كه‌ركووك 28 گۆڵ، پێرس 6 گۆڵ، شورته 13 گۆڵ، هه‌ولێر 6 گۆڵ، ته‌ڵه‌به 6 گۆڵ و زاخۆ 17 گۆڵی كردووه. له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێریش له‌جامی یه‌كێتی ئاسیا 2 گۆڵی به‌رامبه‌ر كه‌رامه‌ی سووری و عرووبه‌ی عومانی كردووه و پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێناوه. له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی كوردستانیش به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تی سوید كردووه 3 گۆڵی به‌درێسی هه‌ڵبژارده‌كه كردووه.
ساڵی 2012 بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپی عێراق كراوه و 7 یاریی به‌درێسی شێره‌كانی رافیده‌ین كردووه و گۆڵێكیشی تۆماركردووه.

