رۆژنامەی ھەولێر

نمایشی شانۆی (سێ چیرۆكی خێرا..) لە سلێمانی

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لە شاری سلێمانی نمایشی شانۆیی (سێ چیرۆكی خێرای مردنمان) ئەنجام درا، كە بووە یەكەمین نمایشی شانۆیی لە ماوەی ئەمساڵدا نمایش كرابێت، دەرهێنەرەكەشی دەڵێت “لە هەموو دنیادا سیستەمی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان هەیە، بەڵام ئێمە ئەو سیستەمەمان نییە”.

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، لە هۆڵی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی كورد، نمایشی شانۆیی (سێ چیرۆكی خێرای مردنمان) نمایش كرا كە چیرۆكەكەی لە دەقێكی بیانییەوە وەرگیراوە و نووسەر خەبات عارف كردوویەتی بە كوردی و رێباز محەمەد جەزاش، كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، ئەم شانۆییە بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.
رێباز محەمەد، دەرهێنەری شانۆییەكە بە (هەولێر)ی راگەیاند، شانۆییەكەیان باسی سێ چیرۆكی ئێستای كۆمەڵگەی كوردی دەكات، یەكێكیان مۆسیقارێكە كە لە یانەیەكی شەوانەدا ئیش دەكات و ژیانی دەكەوێتە مەترسییەوە، چیرۆكی دووەمیش باسی ئەوە دەكات كە لەسەر خۆشەویستی، خەڵك دەكوژرێت، چیرۆكی سێیەمیش باسی سزادانی تاوانبارێك لەسەر دزینی پارچە گۆشتێك دەكات، لەكاتێكدا دەیان دۆسیەی گەورەتر لەهەرێمدا هەیە كەس لەسەری سزا نادرێت.
شاری سلێمانی كە بە پایتەختی رۆشنبیری ناسراوە، ئەمساڵ ئەوە یەكەمین بەرهەمی شانۆیی بوو تێیدا نمایش بكرێت، لەو رووەوە رێباز محەمەد وتی “بەڵێ راستە نمایشی شانۆییەكەی ئێمە، یەكەم شانۆیی ئەمساڵی پایتەختی رۆشنبیرییە، بۆیە ئێمەش لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی خۆمان، هەستاین بە ئەنجامدانی ئەم شانۆییە، چیرۆكەكانیش باسی واقیعی ژیانی خۆمان دەكەن بە زمانێكی ستاتیكی باڵا”.
سەبارەت بەوەی بۆچی ئەكتەرەكانی كورد ونن و شانۆ نییە، ئەو هونەرمەندە وتی “خەڵكی ئێمە كە پارەی هەبوو خەرجی دەكات، بەڵام كە نەیبوو نازانێت چی بكات، لە هەموو دنیادا سیستەمی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان هەیە، بەڵام ئێمە ئەو سیستەمەمان نییە”.
رێباز محەمەد وتیشی “لە هەموو دنیادا شانۆ كاری گروپ و بە كۆمەڵە، بەڵام لە كوردستان تاكەكان هەڵدەستن بە ئەنجامدانی شانۆ، چونكە قورسە ئەگەر دەزگایەكی گەوره لە پشت هونەرمەندەوە نەبێت و هونەرمەندیش بتوانێت ئیشی هونەری باش بكات، بۆیە ئێمەش تەنها وەك بەرپرسیارێتی ئەو ئیشەمان كرد، بە كورتی شانۆ بەراورد بە فیلم و دراما، هەژارترە”.